Smiley face
Smiley face
Smiley face

بنکە تەندروستییە خۆبەخشەکەی وارانی دادەخرێت

2018-05-16 17:44:44



ڕۆژنیوز- بۆتان گەرمیانی 


بنکەی تەندروستی خۆبەخشی وارانی، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکانی ئاوارەکانی خورماتوو لە گوندی وارانی کرابووەوە، بەهۆی نەمانی ئاوارە لە سنورەکەدا، بنکەکە دادەخرێت.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە بنکەی تەندروستی خۆبەخشی وارانی لە گوندی وارانی سەربە شارەدێی زنانە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی شاندێک لە دەستەی تەندروستکارانی ىاشوری کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، داخستنی بنکەکەیان ڕاگەیاند.


لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕابیعە عەباس هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستکارانی باشوری کوردستان وتی:" هەموو کارەکانمان بە شێوازێکی خۆبەخشانە بووە و هیچ هاوکارییەک نەکراوین لەلایەن بەڕێوبەرایەتی تەندروستی گەرمیانەوە، ئامانجمان خزمەتکردن بووە بەو خەڵکە زۆرەی کە ئاوارەی ئەم سنورە بوون".

 


وتیشی: "خۆشبەختانە لە ئێستادا هیچ ئاوارەیەک لە سنورەکە نەماوە و گەڕاونەتەوە جێگای خۆیان، هەموشیان لەو ماوەیەی لەم سنورەبوون لەم بنکە چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە، بۆیە ئێمەش بڕیارماندا بە داخستنی بنکەکە".


لە کۆتایشدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ڕاگەیاند بۆ تەواوی ئەو کەسایەتی و کۆگا و دەرمانخانانەی کە بە دەرمان و کەرەستەی تەندروستی هاوکاری بنکەکەیان کردوە، لەگەڵ نەخۆشخانەی گشتی سلێمانی، کە ئەو نەخۆشانەی بنکەکەیان گرتۆتەخۆ کە پێویستیان بە نەشتەرگەری بووە. 


بنکەی تەندروستی خۆبەخشی وارانی بەدەستپێشخەری ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە گوندی وارانی سەربە شارەدێی زنانە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە ٢٦-١١-٢٠١٧ کرایەوە، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە ئاوارەکانی دوزخورماتوو، کە لەو سنورە بوون.


بنکە تەندروستییەکە لەلایەن دکتۆر میدیا هەڤیان و دەستەی تەندروستکارانی باشوری کوردستان بە شێوازی خۆبەخشانە بەڕێوەبراوە و تا ئەمڕۆ هەشت هەزار و ٧٠٦ نەخۆشیان بینیوە و چارەسەریان بۆ کردووە.


ک.ک
 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin