Smiley face
Smiley face
Smiley face

نێچیرڤان بارزانی: هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو

2018-05-16 15:26:40



ڕۆژنیوز - هەولێر

 

سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن هەشت لیست و لایەنەوە، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد و ڕایگەیاند:"بەشێوەیەکی ئارام و بێ ئەوەی کێشەی گەورە دروست ببێت، بەڕێوەچوو".

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماڵی خۆی لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

لە کۆنگرەکەدا، بارزانی، پیرۆزبایی "سەرکەوتنی هەڵبژاردن"ی لە گەلانی عێراق کرد و وتی:"بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو، بێ ئەوەی کێشەی گەورە دروست ببێت".

 

نێچیرڤان بارزانی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی نیگەرانیی ئەو لایەنانەی، کە دەڵێن "ساختەکاریی" لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە وتی: ئەو لایەنانەی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لە پرسی هەڵبژاردن لە سلێمانی و کەرکوک، بۆ تەواوکردنی قافیەی شیعرەکەیان هەولێر و دهۆکیشیان تێخستووە، بەڵام هەر نیگەرانییەک هەیە دەبێت بڕەوێتەوە، وەک سەرۆکی حکومەت داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم بەجدیی کاری لەسەر بکات.

 

 لەبارەی سەردانەکەی برێت مەکگۆرک بۆ هەرێمی کوردستان سەرۆکی حکومەت وتی: سەردانەکەی لە چوار چیێوەی  پێکهێنانی  حکومەتی داهاتووی عێراق بوو، ئەمریکاش لەسەر هیچ پرسێک لاریینییە.

 

بارزانی، ڕاشیگەیاند: بە جدیی بەشدار دەبین لە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.

 

جێگای ئاماژەیە، لەدوای ئاشکراکردنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە باشوری کوردستان هەریەک لە(گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، حزبی شیوعی، لیستی نەوەی نوێ، بزوتنەوەی ئیسلامیی، بەرەی تورکمانیی و هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریی)، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان-یان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند، کە "ساختەکاریی" کراوە، بۆیە داوای دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن، یانیش بە دەست ژماردنەوەی دەنگەکان دەکەن.

 

 

ش.ف

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin