Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەڵێنی لیست و کاندیدەکان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی

2018-04-24 09:27:08



ڕۆژنیوز - بڕیار محەمەد

 

جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراقیی، یەکێک لەو خاڵانەیە، کە کارنامەی زۆربەی لیستەکانی هەڵبژاردن-دا هەیە و پاراستنی سەروەری خاک-یش کەمترین لیست باسیان کردووە.

 

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ١٢ی ئایار بەڕێوەدەچێت و لە ١٥ی نیسانەوە بانگەشەکردنی لیست و کاندیدەکان دەستیپێکردووە.

 

لە کارنامەی هەموو لیستە کوردییەکان-دا باس لە گرنگیدان بە ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە و هەریەکە و پرۆژەی خۆی خستووەتە ڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان لەو ناوچانە، زۆربەشیان جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراقیی کردووەتەوە، کە تایبەتە بە یەکلاکردنەوەی ئەو ناوچانە لەنێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی سەرژمێریی لەو ناوچانە و بەڕێوەبەریی هاوبەشییە، هەتا ئەو کاتەی بە تەواویی چارەنووسیی ئەو ناوچانە یەکلایی دەکرێتەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی ١٣ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر جێکردنەوەی ئەو ماددەیە لە دەستوری عێراق-دا و هەتا ئێستا کورد نەیتوانیوە عێراق ناچار بکات بە جێبەجێکردنی، نەک هەر ئەوە بەڵکو دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان، لە ١٦ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، عێراق بە زەبری هێز ئەو ناوچانەی بە تەواویی خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و ئێستا تاکلایەنە بەڕێوەیان دەبات.

 

ڕەمزییە جەباریی، کاندیدی حزبی شیوعی کوردستان لە بازنەی  هەڵبژاردنەکان لە سنوری کەرکوک لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێستا جارێکی دیکە گەڕاوینەتەوە بۆ خاڵی سفر، بۆیە دەبێت داکۆکیکارێکی سەرسەخت بین و هەموو هەوڵەکانمان بخەینەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراقیی و پاراستنی پێکەوەژیان لەو ناوچانە.

 

 

پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و باشوری کوردستان و دەرکردنی بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی تورک لە خاکی باشور و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی وڵاتانی بیانیی، نەبووەتە جێگای بایەخی لیستە کوردییەکان و لە کارنامەکانیان-دا زۆربەیان بە هیچ شێوەیەک باسیان نەکردووە و هەندیکیشیان ئاماژەیەکی بچووکیان بە راستنی سەروەری خاک داوە.

 

جیاواز لە بەرنامەی لیستەکانیان، هەندێک کاندید بەڵێنی شەخسیی بە دەنگدەرانی دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی سەر خاکی باشور.

 

وەسفی عەزیز، ناسراوب بە چالاکی موهەندیس، کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕانە لە بازنەی  هەڵبژاردنەکانی هەولێر و بە ڕۆژنیوزی وت: لەگەڵ بەدەستهێنانی متمانەی هاوڵاتیان، یەکەم کار و بەرنامەمان دروستکردنی کۆدەنگیی دەبێت لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق بۆ دەرکردنی بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی تورک لە خاکی باشور.

 

 

چالاکی موهەندیس، وتیشی: هەوڵ دەدەین حکومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  ناچاربکەین هەڵوێست وەربگرن لەدژی بنکە و بارەگاکانی تورکیا لەخاکی باشووری کوردستان.

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin