Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەم هەڵبژاردنە پارتی بەرەو کوێ دەبات؟

2018-04-24 09:00:04



ڕۆژنیوز - سۆران حسێن

 

بەپێی بۆچوونی چاودیران و هاوڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هاوکارییکردنی سوپای تورک و ڕێککەوتنی ستراتیژی پارتی و تورکیا و خزمەتنەکردنی هاوڵاتییان لە ١٩٩٢وە تائێستا، دەبنە هۆکارێک بۆ شکستێکی گەورەی لیستی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا.

 

پارتی بەرەو کوێ.. ئایا هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە دەبێتە هۆی سزادانی پارتی لەلایەن هاوڵاتییانەوە، هۆکارەکانی توڕەبوونی هاوڵاتییان لە پارتی و بەردەوام کەمبوونەوەی دەنگەکانی ئەو حزبە لە باشوری کورستاندا، لەم شیکردنەوەدا دەخەینەڕوو.


پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، لە ساڵی ١٩٤٦دامەزراوە، لەدوای ڕاپەڕینەکەی باشوری کوردستانەوە، لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا بەشداریی کردووە، بەڵام ساڵ دوای ساڵ ئەم حزبە بەرەو لاوزبوون و بچوکبوونەوە دەڕوات.

 

ئەگەرچی ڕەخنەگران و چاودێران لە باشوری کوردستاندا، ڕەخنەی توندیان لە بەڕێوەچوونی چوارخولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم هەیە، بەڵام لە هەرچوار خولەکەدا و سەرەڕای بوونی چەندین ساختەکاریی، کورسییەکانی پارتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کەمییان کردووە.

 

یەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێم:

 

لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا لە ١٩-٥-١٩٩٢، پارتی و یەکێتی دەسەڵاتی یەکەم و ڕەهابوون لە باشوری کوردستاندا، هەربۆیە بەخواستی خۆیان و بەبێ چاودێرییەکی ئەوتۆی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەڵبژاردن بە بەشداری ٩٧١,٩٥٢ دەنگدەر بەڕێوەچوو، تێیدا پارتی و یەکێتی هەریەکەیان بە ٥٠ کورسی ڕێککەوتن و کورسییەکانی پەرلەمانیان دابەشکرد.

 

لە یەکەم خولی پەرلەماندا کە پارتی و یەکێتی ١٠٠ کورسییان کرد بە دووبەشەوە، کورسییەکانی پەرلەمان ١٠٥ کورسی بوون، کە پێنج کورسییەکەی دیکە بۆ نەتەوە جیاوازەکانی دیکە تەرخان کرابوو، کە هەرپێنج کورسییەکەی ئەندامانی نەتەوە جیاوازەکانیش ئەندام و لایەنگری پارتی و یەکێتی بوون.

 

دوای شەڕیی ناوخۆ و دووەم هەڵبژاردن:


دوای ١٩٩٢، کە شەڕی ناوخۆ لە باشوری کوردستاندا سەریهەڵدا، هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕاگیرا، تا ٣٠-١-٢٠٠٥، لەم بەروارەدا خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی ١,٧٥٣,٩١٩ دەنگدەر هەڵبژێردرا.

 

 

خولی دووەمی پەرلەمان ڕێژەی کورسییەکان لە ١٠٥ بۆ ١١١ بەرزکرایەوە، لەو هەڵبژاردنەدا زۆرینەی حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان لە لیستی "نیشتمانی دیموكراتی كوردستان"دا بەشدارییان کرد، کە توانییان ١٠٤ کورسی بەدەستبهێنن، و لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان شەش كورسی و لیستی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و سه‌ربه‌خۆكان یەک کورسییان بە‌ده‌ستهێنا.

 

هەڵبژاردن بۆ خولی سێیەمی پەرلەمانی هەرێم:

 

لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٥دا، ئەگەرچی وەک هەموو خولەکانی رابردوو چەندین ساختەکاری کرا و لایەنەکانی بەشدار و جیاواز لە لیستی نیشتمانی دیموكراتی كوردستان ڕەخنەی زۆریان گرت، بەڵام هیچ ڕەخنە و سکاڵایەک قبوڵنەکراو ئەنجامەکە وەک خۆی پەسەندکرا، لەو هەڵبژاردنەدا پارتی و یەکێتی بۆ جاری یەکەم دەسەڵاتی ڕەهای پەنجا بە پەنجایان لەدەستدا، بەڵام پارتی بە ڕێژەکی بەرچاو دەنگەکانی کەمیکردوو لەو ئاستەی پیشوودا نەما.

 

 

هەڵبژاردن بۆ خولی سێیەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣دا، سەرەتای شکستێکی دیاری پارتی بوو، ئەگەرچی لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ٢٠٠٣وە پارتی دەسەڵاتی یەکەم بوو، بەتایبەت لە وەرگرتنی داهات و فرشتنی نەوت و کانزاکاندا و توانیی پارەیەکی زۆر لە داهاتی هاوڵاتییان بۆخۆی ببات، بەڵام بەهۆی هۆشیاربوونەوەی هاوڵاتییانەوە پارتی ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنەی توند کرایەوەو سەرەڕای ساختەکاریش، کورسییەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانی هەرێمدا کەمیکرد.

 

لە ٢٥-٧-٢٠١٣دا، هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی هەرێم دەستیپێکرد، پارتی و یەکێتی بە یەک لیست بەشدارییان کرد، ئەم دوو حزبە کە لە رابردوودا هەریەکە و بەتەنها ٥٠ کورسی پەرلەمانییان هەبوو، لەو هەڵبژاردنەدا بە هەردوو لایەنەوە تەنها ٥٧ کوردسی پەرلەمانیان بەدستهێنا، ئەویش ٣٨ کورسی بۆ پارتی و ١٩ کورسیش بۆ یەکێتی، لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنەوەی گۆڕان توانی ٢٥ کورسی بەدەستبهێنێت، کە لە یەکێتی جیابوویەوەو بەوەش دەوترا، کە پارتی لەبەرامبەر دەنگی بەرامبەریدا کە یەکێتی بوو، دواتر گۆرانیشی چووە پاڵ، شکستی هێناوە، بەو پێیەی بە یەکێتی و گۆڕانەوە ٤٤ کورسییان بەدەستهێنابوو.

 

ئەم هەڵبژاردنە و سیاسەتی حزبەکە، پارتی بەرەو کوێ دەبات:


ئیستا ڕەوشی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، زۆر جیاوازترە لە ڕابردوو، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا هێزەکانی پارتی لە سنووری شەنگال هێچ بەرگرییەکیان نەکردوو گەلی ئیزدییان بەتەنها هێشتەوە، کە چەندینیان لێ ڕفێندرا و شەهیدکران و بێسەروشوێنکران، ئەو ڕاکرنەی پارتی لە شەنگال، توڕەریی و بێزاریی هاوڵاتییانی باشوری کوردستانی لێکەوتەوە.

 

 

هۆکارێکی دیکە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بوو، کە پارتی وەک خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی هەرێم پشکی شێری لەڕووداوەکە بەرکەوت، دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بەو هێزە لەم هەڵبژاردنەدا، ئەگەرچی ئەو حزبە ویستی خۆی لە شکستەکانی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بدزێتەوە، بەڵام هاوشێوەی شەنگال و مەخمور، هاوڵاتییان پارتییان بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو شکستەزانی، کە ٥١%ی خاکی باشوری کوردستان بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بەغدا کرا.

 

یەکێکیش لە هۆکارە سەرەکییەکان، هاوکارییەکانی پارتی و دەوڵەتی تورکە، کە بەشێوەیەک ڕێککەوتنی ٥٠ساڵەی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، هاوڵاتییان پێیانوایە، کە پارتی لە پێناو مانەوەی خۆیدا ئەو رێکەکەوتنەی لەگەڵ تورکیادا کردووە و نەوت و سامانی باشوری کوردستان بە نرخێکی زۆر زۆر کەم دەداتە حکومەتەکەی ئاکەپە(ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)، هاوکات لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیادا بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، پارتی بێدەنگە و هیچ هەڵوێستێکی نییە، وەک هاوڵاتیانی سنوورەکانیش دەڵێن، لە ڕێگەی زەمینییەوە پارتیی هاوکارێکی باشی سوپای تورکە لەداگیرکارییەکانی سوپای تورکدا، بەتایبەت کە ئێستا سوپای تورک دەیان کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە.

 

 

جیاواز لەمانە، پارتی لەم ساڵانی ڕابردوودا لە حکومەتەکان دەسەڵاتداریی یەکەم بووە، بەڵام نەیتوانییوە مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتییانیش دەستەبەر بکات، لە نمونەی، ئازادی وتن و ڕۆژنامەگەریی، مووچە، کارەبا، ئاو، دەیان مافی سەرەتایی دیکە.

 

لەگەڵ خزمەتنەکردنی هاوڵاتییاندا، بەرپرسانی پارتی بە بەرچاوی هەموو هاوڵاتییانی باشوری کوردستانەوە، لە ژیانێکی تەواو جیاوازدان، بەشیوەیەک لە خوێندنی منداڵەکانیانەوە، تا ئۆتۆمبێل و مووچەو هەموو وردەکارییەکانی دیکەی ژیان بە جیاوازتر دەژین، ئەمەش لەلایەن هاوڵاتییانەوە بە توندەی ڕەتدەکرێتەوە و نەبوونی مووچە و ژیانێکی شایستە گرێدەدەن بەوەی کە بەرپرسانی پارتی بە پلەی یەکەم بەرپرسن لە بەهەدەردانی سامانی وڵات و لەخزمەت خۆیان و بنەماڵەنیاندا بەکاری دەهێنن.

 

 

بەپێی هەموو ڕاپرسییە نافەرمییەکان و بۆچوونی چاودێرانی سیاسیی و هاوڵاتییان لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان، لەم هەڵبژاردنەی کە بڕیارە ١٢ی مانگی داهاتوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، هاوڵاتییان بە دەنگەکانیان پارتی ڕووبەڕووی شکستێکی گەورەتر دەکەن و لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە سزایان دەدەن.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin