Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئیسلامی سیاسیی و ئیسلامی ڕاستەقیینە لە پانێڵێکدا هەڵسەنگێندرا

2018-04-21 20:39:10



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

بەناونیشانی "ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی ڕاستەقینە"، ئەنجومەنی هەرێمی شارەزووری تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، سیمینارێكی بۆ دوو مامۆستای ئایینی لە شاری هەڵەبجە سازكرد.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی سارا لە شاری هەڵەبجە، ئەنجومەنی هەرێمی شارەزووری تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، سیمینارێكی بەناونیشانی "ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی ڕاستەقینە" بۆ هەریەك لە مەلا نادر عەلی و مەلا سامان چەمچەماڵی سازكرد.

 

لە سەرەتای سیمینارەكەدا، مەلا نادر عەلی، وتی: لەم سەردەمەدا بۆ پەیداكردنی پارە و كورسی و پلەوپایە، خوێنی هەزاران كەس دەڕژێت لەژێر ناوی ئیسلامییەتی، وەكو ئەوەی ئێستا دەوڵەتی تورك لەژێر ناوی سورەتی فەتح، گەلی عەفرین کۆمەڵکوژ دەكات.

 

 

وتیشی: بەخشینەوەی تۆمەت لەلایەن حزبە ئیسلامییەكان بەیەكتری، سەری لە هاوڵاتیانییش تێكداوە، بەجۆرێک نازانن بڕوا بەكامەیان بكەن و بە ئیسلامی ڕاستەقینەی بزانن، لەكاتێكدا هەموویان خۆیان بەباشتر و چاكتر و ئیسلامی ڕاستەقینە ناوزەند دەكەن.

 

مەلا نادر، ئاماژەی بەوەشکرد: مزگەوت و قورئان و ڕۆڵەی كورد پێكەوە لەژێر ڕەحمەتی تۆپ و تانكی دەوڵەتی تورك بوون لە عەفرین، بەڵام هەندێ‌ مەلای ئایینی کورد، خەلیفەبوونی ئەردۆغان-یان بەیان دەکرد و ڕەوایەتییان بەو هێرشانە دەدا و پاڵپشتییان لە گەلەكەیان نەدەكرد.

 

پاشان مەلا سامان چەمچەماڵی، لە سیمینارەكەدا قسەیکرد و وتی:"كێشەی گەلی ئێمە دینداری نییە، بەڵكو نیشتیمانپەروەرییە، كاتێك گەلەكەمان لە عەفرین كۆمەڵكوژ دەكرێن، هەندێ‌ مەلای باشوری كوردستان بێدەنگیی هەڵدەبژێرن".

 

 

مەلا سامان، وتیشی:"بەداخەوە ئیسلامی ڕاستەقینە لەناو حزبە ئیسلامییە سیاسییەكان ون بووە و هەر یەكەیان بۆ بەرژەوەندی خۆی قورئان و حەدیس بەكاردەهێنن، هەروەك سەدام سورەتی ئەنفال و ئەردۆغان سورەتی فەتح و داعشیش بە الله اكبر ڕۆڵەی كورد شەهید دەكەن".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو مامۆستا ئاینییە باسی لەوەشكرد: كاتێك شەڕڤان و گەریلا لەپێناو پاراستن و پارێزگاری لە خاك و ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە گیانی خۆی بەختدەكات، ئەو مەلا ئایینی و حزبە ئیسلامییانە ئامادەنیین بە شەهیدی قەبوڵیان بكەن و لە بەرامبەردا كەسێك لەوپەڕی جیهان بەهەمان شێوە گیان لەدەستدەدات و بە شەهیدی قەبوڵ دەكەن.

 

لەكۆتاییدا ئامادەبووان پرسیار و سەرنجەكانیان لەسەر ناوەرۆكی بابەتی سیمینارەكە ئاڕاستەی هەر دوو مامۆستا ئایینیەکە كرد.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin