Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی یەکەمی لیستەکان باس لە پرۆژە و بەرنامەکانیان دەکەن

2018-04-21 16:45:26



ڕۆژنیوز - سلێمانی

 

بەئامانجی بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان کاندید و جەماوەر، ھەروھا بەرچاوڕوونیی بۆ ھاوڵاتیان، لەپێناو ھەڵبژاردنی باشترین کاندید، تۆڕی لیدەر، دیبەیتێکی بۆ خانمی یەکەمی لیستەکان ڕێکخست.

 

کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ھۆڵی سەعد شێخ تەیب، لە شاری سلێمانی، تۆڕی لیدەر، پانێڵێکی بۆ خانمی یەکەمی لیستەکان ڕێکخست،

 

لە دیبەیتەکەدا، ھەریەک لە یوسرا ڕەجەب، لە لیستی نەوەی نوێ، ناسکە قادر، لە لیستی یەکگرتووی ئیسلامی، بەھار مەحمود، لە لیستی بزووتنەوەی گۆڕان و خانم ڕەحیم، لە لیستی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی، بەشداربوون، ھەروەھا هەرچەندە بڕیار وابوو کە خانمی یەکەمی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی پانێڵەکە بێت، بەڵام ئامادەنەبوو.

 

 

سەرەتای دیبەتەکەدا، بەھار مەحمود وتی، کە ئەوان وەک بزووتنەوەی گۆڕان ئامانجیانە کار بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی کورد بکەن لە ڕێگەی دەستووری عێراقەوە، وتیشی: کورد لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە گەڕاوەتەوە خاڵی سفر، بۆیە پێویستە ھەوڵی بەدەستھێنانی مافە دەستووریەکان بدەین.

 

بەھار مەحمود

 

هەروەها، ناسکە قادر، ئاماژەی بە بەرنامەی یەکگرتووی ئیسلامی کرد بۆ ھەڵبژاردن و وتی، کە ھەوڵ دەدەن لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە مافە نەتەوەییەکانی کورد بەدەستبھێنن، ھەروەھا ڕایگەیاند، کە کار بۆ یەکڕیزی و نزیکبوونەوەی لایەنەکان دەکەن.

 

ناسکە قادر

 

دواتر یوسرا ڕەجەب، ئامانجەکانی لیستی نەوەی نوێی خستە ڕوو وتی، کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەوڵی ئەوە دەدەن ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ ھەموو نەتەوەکان فەراھەم بکەن، ھەروەھا کار دەکەن بۆ ئەوەی داھات و سامانی سروشتیی عێراق بخەنە خزمەت هاوڵاتیانی عێراقەوە.

 

یوسرا ڕەجەب

 

لەکۆتایدا خانم ڕەحیم قسەیکردوو وتی، کە ھەوڵ دەدەین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێگەی کورد لە بەغدا بەرزبکەینەوە و مافە نەتەوەیی و دەستووریەکانی کورد بەدەست بھێنن، ھەروەھا ڕایگەیاند، کە ھەوڵدەدەن بودجەو بژێوی خەڵک بەدەستبھێنن.

 

خانم ڕەحیم

 

ھەموو کاندیدەکان لە وتەکانیاندا، جەختیان لەوە کردەوە، کە ھەوڵدەدەن مافی ژنان بەدەستبھێنن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕێگربن لەبەردەم تێپەڕینی ھەر یاسایەکدا کە مافی ژنان پێشێل بکات.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin