Smiley face
Smiley face
Smiley face

نووسینگەی عەبادی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی هەرێم ڕاگەیاند

2018-01-20 17:20:35



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عەبادی و نێچیرڤان بارزانی کۆکبوون لەسەر چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور، ڕاشیگەیاندووە، کە عەبادی گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ئیتیحادی بۆ هەموو دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان و فڕۆکەخانەکان بەپێویست زانیوە.

 

ئەمڕۆ لە بەغدا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کرد.

 

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و چارەسەری کێشەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور، کراوە.

 

عەبادی ڕایگەیاندووە: پێویستە دەسەڵاتی حکومەتی ئیتیحادی بگەڕێتەوە بۆ هەموو دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان و فڕۆکەخانەکان، کە بەپێی دەستوور لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدان.

 

حەیدەر عەبادی وتوویشییەتی:"گرنگە هەرێمی کوردستان نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەستی دەسەڵاتی ناوەندی بکات و هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی حکومەتی ناوەندییەوە بێت".

 

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر بەردەوامیی کاری لیژنەی تایبەت بە فڕۆکەخانەکان کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو بکەن و دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی.

 

لەبارەی کاری لیژنەکان بۆ وردبینی مووچە، عەبادی بەپێویستی زانیوە لیژنەکان کارەکانیا تەواو بکەن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و جەختیشی لەسەر پەلەکردن لەو پرسەدا کردووەتەوە.

 

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، عەبادی جەختی لەسەر یەکێتی و سەروەری خاکی عێراق کردووەتەوە و وتوویشییەتی:"هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە گەلی عێراق".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin