Smiley face
Smiley face
Smiley face

مامۆستایانی چەمچەماڵ پشتگیریکردنی كۆنگرەی نەتەوەیی بە گرنگ دەزانن

2018-01-19 10:07:08



ڕۆژنیوز- ئاشتی ئەحمەد

 

مامۆستایانی چەمچەماڵ پێیانوایە، ئێستا هەڕەشەی جدی لەسەر ڕۆژئاوا و باشوری كوردستان هەیە، بۆیە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی زۆرگرنگە.

 

مامۆستایانی سنوری شارۆچكەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکیاندا بۆ ڕۆژنیوز، پێیانوایە کە ئێستاکە مەترسی جدی لەسەر ڕۆژاوا و باشوری كوردستان هەیە.

 

قاسم عەلی، بەرپرسی ڕێكخراوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لقی چەمچەماڵ، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی زۆر گرنگە بۆ نەتەوەكەمان، بۆیە زۆر پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان پشتگیریی بكەن و ئاسانكاریی بۆ بكەن".

 

 

باسی لەوەش كرد، لەسەر هەرچوار پارچەی كوردستان بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی گرنگە، چونكە كورد بەیەكدەنگی و یەك هەڵوێستی و یەکڕیزیی بەمافەكانی خۆی دەگات، لەبەرئەوە داوا لەلایەنەكان دەكات بەربەست بۆ كارەكانی كەنەكە دروست نەكرێت.

 

قاسم وتیشی: ئێستاکە حكومەتەكەی ئەردۆغان دەیەوێت گرفتی بۆ كورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بكات و سنورەكانی تۆپباران دەكات، لەبەرئەوە یەكدەنگیی زۆر گرنگە بەرامبەر بەپیلانەكانی دوژمن.

 

هۆگر ستار، مامۆستایەكی دیکەی شارۆچكەی چەمچەماڵە بۆ ڕۆژنیوز وتی:"لەمێژووی كوردا هیچ كاتێك وەك ئێستا كورد پێویستی بەیەكدەنگیی و یەكهەڵوێستی نەبووە، چونكە دوو بەشی كوردستان كە ئازادكراون، ئێستاکە دووچاری مەترسی بوونەتەوە، ئەویش بەشی باشورو ڕۆژئاوای كوردستانە، بۆیە باشترین كار ئێستا بۆ كۆكردنەوەی گەلی كورد، بەستنی كۆنگرەی نەتەوەییە".

 

 

وتیشی:"بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی هەروەها بەئاسانی نایەتە بەرهەم، بەهۆی ئەو بەربەستانە لەبەردەمی دروست دەكرێت، لەلایەن هەندێك هێزی كلاسیكییەوە كە بە فكری نوێ‌ بە تایبەت لە بواری ڕێبەریكردندا ئاشنا نین، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە هەموو لایەنەكان كۆدەنگ بن بۆ بەستنی ئەو كۆنگرەیە، چونكە ئێستاکە هەڕەشەی جدی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان هەیە لەلایەن توركیاوە، بۆیە ئەگەر كورد یەكهەڵوێست بێت، ئەوە توركیا ناتوانێت ئامانجەكانی بهێنێتەدی".

 

هۆگر باسی لەوەش كرد، هۆكاری نەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەی ئەوەیە، كە هەندێك هێز دەیانەوێت خۆیان سەرۆكی بن و سەركەوتنەكان هەمووی بۆ خۆیان بێت، لەكاتێكدا دەكرێت لەڕێگەی سیستمی هاوسەرۆكییەوە ئیدارەی كۆنگرەكە بدرێت و بەشێوەی خول بێت، بەمەبەستی یەكدەنگیی گەلی كورد.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin