Smiley face
Smiley face
Smiley face

گوللـەهاوەنێكی سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران بە نەتەقێندراوەیی لە هەورامان دۆزرایەوە

2018-01-12 19:29:50



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

لە كاتی كێلانی زەوییەکی کشتوکاڵییدا لە گوندێکی ناوچەی هەورامان، گوللـە هاوەنێكی نەتەقێنراوەی سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران دەرکەوتووە، خاوەنی زەوییە کشتوکاڵییەکەیش دەڵێت: ئەو جۆرە تەقەمەنیانەی لەناوچەكە هەن و نەتەقێنراونەتەوە و بوونەتە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی چەندین هاوڵاتی ناوچەكەش.

 

ئێوارەی دوێنێ، جوتیارێكی گوندی بەڵخەی ناوچەی هەورامان، لەكاتی كێلانی زەوییە کشتوکاڵییەکەی، گوللـە هاوەنێكی نەتەقێنراوی سەردەمی جەنگی عێراق و ئێرانی دۆزیەوە.

 

 

عوسمان هەورامی، جوتیارێكی گوندی بەڵخەی ناوچەی هەورامانە و بۆ ڕۆژنیوز وتی:"پاش ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سەرقاڵی كێڵانی زەویە كشتوكاڵیەكەم بووم، لەناكاو پارچە ئاسنێك بەرچاوم كەوت و پاش هەڵدانەوە خاكەكە لەسەری گوللـە هاوەنێك دەرچوو، كە نەتەقیوەتەوە و بەهۆی مەترسی تەقینەوەی وازم لێ هێنا و لەو شوێنەی خۆی دامناوە".

 

 

عوسمان، وتیشی:"مێژووی ئەو گوللـە هاوەنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، كە لەكاتی هێرشكردنە سەر یەكتری بەهۆی تانگ و تەیارە بۆردوومانی یەكتریان كردووە، بەهۆی نزیكی گوندەكەی ئێمە و ناوچەی هەورامان بەگشتی لە سنووری ئەم دوو وڵاتەوە، ئاسەواری ئەو جۆرە گوللـە هاوەنە و مین-انە هەیە، كە مەترسی بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەكە هەیە و ساڵانە لەكاتی زەوی كێڵان لەلایەن جوتیاران دەدۆزرێتەوە، پاش ئاگاداركردنەوەی لیژنە ئەمنییەكان، بەشێوەی زانستیی هەڵدەگیرێنەوە و پوچەڵ دەكرێنەوە".

 

ئەو جوتیارە وتیشی: بەهۆی ئاسەواری نەتەقێنراوی ئەو گوللـە هاوەن و مینەوە لە گوندەكانی هەورامان، تا ئێستا چەندین هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، پێویستە كار لەسەر ئەوە بكرێت پشكنین بۆ تەواوی ناوچەكە بكرێت و لەو تەقەمەنیانە پاك بكرێنەوە و گیانی هاوڵاتیان بپارێزرێت.

 

بەپێی ئەو وێنانەی كە ڕۆژنیوز تۆماریکردوون، ئەو گولـلە هاوەنە لەجۆری 120 MM HE, TNT, 115-881ـە.

 

 

جێگای ئاماژەپێکردنە، لەسەردەمی جەنگی چەند ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، بەهۆی نزیكیی ناوچەی هەورامان لە سنوورەکانی و شوێنی شەڕەکانەوە، چەندین ناوچەی مینڕێژکراو لە هەورامان هەیە، کە ساڵانە لەكاتی كێڵانی ئەو زەویانە چەندین جۆر تەقەمەنییان تێدا دەدۆزرێنەوە كە نەتەقیونەتەوە و بوونەتە مەترسی لەسەر گیانی دانیشتووانی ناوچەكە.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin