Smiley face
Smiley face
Smiley face

خەڵات شەمسێ: دوژمن دەیەوێت هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لەیەکتر داببڕێت

2018-01-12 15:14:26



ڕۆژنیوز - ڕۆزا و ماهیر

 

فەرماندەی هێزەكانی هەپەگە و یەژاستاری هەرێمی برادۆست- چیای خواكورك، باسی ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر هەرێمەكە دەكات و ئاشکراشی دەکات کە دوژمن دەیەوێت هەرێمەكانی پاراستنی میدیا لەیەكتر داببڕێت.

 

خەڵات شەمسێ، فەرماندەی هێزەكانی هەپەگە و یەژاستاری هەرێمی برادۆست- چیای خواكورك، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، چەندین زایناری دەخاتەڕوو لەبارەی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا.

 

خەڵات شەمسێ‌ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی داگیركاریی دەوڵەتی تورك دەڵێت: لەسەر بنەمای فكری كەمبوونەوەی چالاكی گەریلا لە وەرزی زستاندا، دەوڵەتی تورك لە ناوەڕاستی وەرزی سەرمادا كەوتە هەوڵی ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر هەرێمەكەمان، چونكە بە ڕێگای داگیركردنی چیاكانی خواكورك دەیانەوێت پەیوەندی هێزەكانمان لەگەڵ باكوری كوردستان ببڕن، بەم جۆرەش لە هەوڵی دوورخستنەوەی شەڕدان لە سنورەكانی باكوری كوردستان و توركیا.

 

فاشیزمی تورك لەسەر ئینكاری كوردستان خۆی دروست دەكات

 

شەمسێ هەروەها تیشكی خستە سەر هەوڵە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك لە جەرابلوس و عەفرین و ئاماژە بەوە دەکات کە "فاشیزمی تورك لەسەر ئینكاری كوردستان خۆی دروست دەكات، وەکچۆن دەیەوێت لە هەرێمەکانی جەرابلوس و عەفرین پارچەکردن دروست بکات، دەیانەوێت لە هەرێمەكانی پاراستنی میدیاشدا پارچەبوون لە نێوان جوگرافیای گەریلانشیندا دروست بكەن".

 

ئەو فەرماندەیەی یەژاستار لەبارەی جیاوازی ئۆپەراسیۆنەکە دەڵێت: جیاوازی ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی دەوڵەتی تورك ئەوەیە، دەیەوێت لەشكرەكەی لەدەرەوەی سنوری خۆی جێگیر بکات، بۆ ئەمەش لە هەر هەنگاوێكی داگیركاریدا لە باشوری كوردستان دەست بە دروستكردنی بنکە و سەنگەری نوێ دەكات.

 

ئەم چیایانە بۆ كەس بەجێناهێڵین

 

هەروەها وتیشی: بەم کارەی دەیەوێت بەرەو فراوانیی دەشتی كافیە بڕوات و چیاكانی خواكورك گەمارۆ بدات، بەڵام پێویستە ئەوە بزانێت ئەمە ئاوا ئاسان نابێت، هەتا گەریلا لەسەر ئەم چیایانە بێت، ئەم چیایانە بۆ كەس بەجێناهێڵێت، خواكوركیش هەمیشە یەكێك لە هەرێمەكانی چالاكی گەریلا بووە و بە ڕۆحی فەرماندار ڕەشید، بەدران گوندیكڕامۆ و نالین مووش، داستانێكی بەرخۆدانی گەورەی شایستەی كلتوری بەرخۆدانی و سەركەوتنی پەكەكە نیشان دەدات.

 

خەڵات شەمسێ،‌ لە كۆتایی لێدوانەکەیدا، بانگەوازیی بۆ گەلی باشور دەكات و دەڵێت: دەوڵەتی تورك دوژمنی دەستكەوت و سەركەوتنەكانی گەلی كوردە، خاوەنی مێژوویەكی قوڵی فاشیزمە، لەسەر بنەمای پاكتاوكردنی ناسنامەی گەلی كورد، بۆیە بانگەوازی ئێمە بۆ گەلەكەمان لە باشوری کوردستان ئەوەیە کە بە ڕۆحی بەرخۆدانی خۆ بە خاوەنزانینی داستانی زاپ، خۆیان بە خاوەنی بست بە بستی خاكی خۆیان بزانن و بەمجۆرە گەلەكۆمەكانی دەوڵەتی تورك بۆ داگیركاریی باشوری كوردستان پووچەڵ بکەنەوە.

 

جارێكیتر بڵێن لەشكری تورك بۆ دەرەوە

 

شەمسێ‌ دەشڵێت: ئەو بنکە سەربازییانەی لەم هەرێمە جێگیر کراون داگیركارن، دەبێت هیچ منداڵێكی كورد هەبوونیان لێرە قبووڵ نەكات، با گەنجانی باشوری كوردستان وەك هەمیشە دەیانوت لەشکری تورک بۆ دەرەوە، جارێكیتر بڵێن لەشكری تورك بۆ دەرەوە و چیاكانی كوردستان و سەنگەری گەریلا بكەنە هێلانەی بەرخۆدانی یەكێتی نەتەوەكەمان بەرامبەر فاشیزم.

 

دەوڵەتی تورك لەم دوو مانگەدا بەردەوام لە هەوڵی گواستنەوەی سەرباز و جبەخانە و تەكنیكەکانی خۆیەتی بۆ خەتی چیاكانی گەلی ڕەش، ئاوی حاجی بەگ، كانی ڕەش، دامێنەكانی عەبدولكۆفی، دەشتی حەیات و تەپەی سیرۆ، بەمەش دەوڵەتی تورك دەیەوێت ناوچەیەی ئەمنی بێلایەن لە هەرێمی باشوری كوردستان دروستبكات و جوگرافیای سنوری گەریلا تەسك بكاتەوە.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin