Smiley face
Smiley face
Smiley face

چه‌مچه‌ماڵ، مامۆستایانى ئایینى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى به‌ گرنگ ده‌بینن

2018-01-12 09:56:57



ڕۆژنیوز ـ ئاشتى ئه‌حمه‌د


به‌شێک له‌ مامۆستایانى ئایینى شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى له‌نێوان هێزه‌ کوردییه‌کان به‌ گرنگ ده‌زانن و پشتیوان کاره‌کانى که‌نه‌که‌ ده‌که‌ن.


شاندێکى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان – که‌نه‌که‌ سه‌ردانیکردنى بۆ لاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى باشورى کوردستان ده‌ستپێکردوه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى ئاماده‌کارى و ڕازیکردنى حزبه‌ کوردییه‌کان بۆ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى.


مژده‌ شوانى مامۆستاى ئایینى و به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌وقافى چه‌مچه‌ماڵ بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ى کرد و وتى:" له‌ ئێستادا له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان جارێکى دیکه‌ سه‌ردانیکردنى ڕاوێژکاریى بۆ لایه‌نه‌کان و چین و توێژه‌کان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌ستى پێکردووه‌، ئه‌وه‌ش کارێکى باشه‌ و ده‌ستخۆشیان لێده‌که‌ین".

 


وتیشى: ئه‌گه‌ر گه‌لى کورد یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و کێشانه‌ى ڕووبه‌ڕووى بۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌توانێت به‌سه‌ریاندا سه‌ربکه‌وێت و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌ک و چین و توێژێک ده‌که‌ین پشتگیرى و پشتیوانى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت کاره‌کانى به‌ سه‌رکه‌وتووانه‌ ئه‌نجامبدات.


هه‌روه‌ها، نەبەز محه‌مه‌د سه‌نگاوى وتاربێژى مزگه‌وتى شێخ حسێن له‌ شاره‌دێى شۆڕش بۆ ڕۆژنیوز وتى:" ئێمه‌ى کورد میلله‌تێکى به‌شکراو زوڵملێکراوى موسڵمانین، له‌به‌رئه‌وه‌ى وه‌ک کورد ڕووبه‌ڕووى جینۆسایدى ئه‌نفال و کیمیابارانکردن بووینه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵویست بین و ده‌ستبخه‌ینه‌ ناو ده‌ستى یه‌کترییه‌وه‌، چونکه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانیین مافه‌کانمان به‌ده‌ستبهێنین".

 


ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: "ئێمه‌ میلله‌تێکین به‌ بێ شمشێر موسڵمان بووین، به‌ڵام زۆر جار به‌ناوى دینه‌وه‌ ده‌مانچه‌وسێننه‌وه‌ و زوڵمان لێده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌یرى قورئانى پیرۆز بکه‌ین خوداى گه‌وره‌ دواى مه‌که‌ و قودس باسى پیرۆزى خاکى کوردستان و کێوى جودى ده‌کات، بۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ده‌که‌ین که‌ یه‌کگرتوو بن".


مانگى ته‌موزى ساڵى ٢٠١٧ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان کۆبوونه‌وه‌یه‌کى فراوانى ڕاوێژکاریى له‌ شارى سلێمانى ئه‌نجامدا و له‌ ئێستاشدا که‌نه‌که‌ ئامانجى ئه‌وه‌یه‌ له‌مساڵدا کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ببه‌سترێت، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌رقاڵى دیدار و چاوپێکه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin