Smiley face
Smiley face
Smiley face

تۆپبارانی گەرمیان ڕاگیرا و فڕۆکەی سیخوڕیی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە

2017-12-12 14:55:50



ڕۆژنیوز – هاوڕێ و بۆتان

 

تۆپباران و بۆردوومانی گوندەکانی گەرمیان ڕاگیرا و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان-ی سوپای عێراق-یش بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕایەوە.

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو هەلیکۆپتەر گوندی قەڵا-ی سەر بە شارەدێی زنانە-ی ئیدارەی گەمیانیان بۆردوومان کرد و دواتر هەر سێ گوندی قەڵا، قوم پەڵک و شۆراو بە گولـلە هاوەن تۆپباران کران.

 

فەرحان ئیبراهیم، بەرپرسی گروپی خۆبەخشەکانی خورماتوو(هێزی ڕزگاریی کوردستان) بە ڕۆژنیوزی وت:"بۆردوومانەکە لەلایەن هەلیکۆپتەری سوپای عێراقەوە ئەنجامدرا و ئێستا بۆردوومان ڕاگیراوە".

 

ناوبراو، وتیشی:"لە دوای بۆردومانی ئەو هەلیکۆپتەرانە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی(سیخوڕیی) سوپای عێراق بە ئاسمانی ناوچەکەدا سورایەوە".

 

فەرحان، وتیشی:"هاوڵاتیان ئەو گوندانەیان چۆڵکردووە و بەرەو ناوچەکانی دەروبەر ڕۆشتوون".

 

سەبارەت بە زیانەکان-یش، دلێر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری شارەدێی زنانە بە ڕۆژنیوزی وت، کە "هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی بەهاوڵاتیان نەگەیشتووە"، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز زیان بەر مەڕوماڵاتی هاوڵاتیان کەوتووە.

 

جێگای ئاماژەیە، بەیانی ئەمڕۆ خۆبەخشەکانی شارۆچکەی خورماتوو لە گوندەکانی زنانەوە پێنج گولـلە هاوەنیان ئاڕاستەی حەشدی شەعبی کرد لە شارۆچکەی خورماتوو، بەوهۆیەشەوە سەربازێکی حەشد کوژرا و چواری دیکەش برینداربوون.

 

دواتر حەشدی شەعبی بە گولـلە هاوەن وەڵامی خۆبەخشەکانی دایەوە و دوو هەلیکۆپتەریش چەند خولەکێک بۆردوومانی گوندی قەڵا-یان کرد.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin