Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوسەرۆکی کۆدار: بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ سیاسەتەکانی دژ بە کورد پوچەڵدەکەینەوە

2017-12-12 12:29:31



ڕۆژنیوز – چیا کوردستانی

 

زیلان تانیا، هاوسەرۆکی کۆدار، لە لێدوانێکی دا باس لە  ڕەوشی ئێران و دۆخی کورد و پرۆژەکانیان دەکات و دەشڵێت: بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانین هەموو ئەو سیاسەت و عەقڵییەتە پووچانە کە لە دژی کورد بەڕێوەدەچێت لەناوبەرین.

 

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز، زیلان تانیا، هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، باس لە کیشەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و پرۆژە و چارەسەرییەکانیاش دەخاتەروو.

 

زیلان تانیا دەربارەی خەباتی پەژاک لە ڕابردو و ئێستادا وتی: پژاک لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ئێستا خەباتی لە دژی هەموو سیستمێکی داگیرکاریی بەڕێوەبردووەو بەردوامی هەیە، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەشدا دەسکەوتی زۆر باشمان بە دەستهێناوەو گەلیش گەیشتووەتە ئەو بڕیارەی، کە بە تێکۆشانی بێ وچان دەتوانێت خاوەندارییەتی لە خۆی بکات وکۆمەڵگا پێش بخات.
 

زیلان تانیا وتیشی: ڕێبەر ئاپۆش بەدروشمی 'کوردستان داگیرکراوە'، تێکۆشانی دەستپێکرد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هاتنی فەلسەفەی ئەو، پتەوتر توانیویەتی هەنگاو بنێت و زانستیانەتر ناڕەزایی خۆی دەربڕێت لە بەرامبەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی، وە شەپۆل شەپۆل بەشداربوونی گەل-یش ڕووی لە زیادبوونکرد و هێڵی سیاسی و تێکۆشانی خۆی پێشخست.

 

دەربارەی دۆخی ناوخۆی ئێران، ناوبراو وتی: گەلێک دەستێوەردان هەیە لەم هەرێمانەدا و هێزە دەرەکییەکان دەیانەوێت هێزی ئۆپۆسۆزیونی ئێرانی لەگەڵیاندا ڕێکبکەون و وەک مۆرەیەک بەکاری بێنن بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد لەلایەن ئێرانەوە، دەوڵەتی ئێرانیش دەیەوێت ئیمپراتۆرییەتە سەفەوییە خەیاڵییەکەی خۆی بنیات بنێت و ئێمە ڕازی بکات بەم سیاسەتە، بەڵام  ئێمە بە پێچەوانەوە  نەک تەنیا ڕازی نابین، بەڵکو هێڵی سیاسی خۆمان و بەدیلی خۆمانمان هەیە و لەو پێناوەشدا تێکۆشان بە چڕووپڕی دەکەین.

 

وتیشی: ئێمەهێزی خۆمان بەگەل دەسپێرین و تێکۆشانێکی سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەبەین، چونکە گەل وەک کارئەکتەرێکی سەرەکی بە هێزو ئیرادەی خۆی دەتوانێت تێکۆشان بۆ ئازادی بەڕێوەببات، نەک پشتبەستن بەهێزی دەرەکی.

 

هاوسەرۆکی کۆدار ئاماژەی بەوەکرد: لە ڕەوشێکی وەهادا ترافیکێکی سیاسی لە هەرێمەکەدا دەستێپێکردووە، بوونی ئێرانیش لە دۆخێکدایە کە بۆ ڕەوایەتیدان بە خۆی لە پێشڕەویکردن لە ناوچەکە خۆی بێبەش ناکات لە هەرچەشنە دەستدرێژییەک بۆسەرگەلان و سنوورەکانی تر، ئاستی لاوازی دەوڵەتیش گەیشتووەتە لوتکە، بە تایبەت بابەتی ژن، کە قووڵترین کێشەی ئێرانە و لەم دواییانەدا ژن توانیویەتی شۆڕشێک لە ئاستی تێکۆشانی فکریدا بەرپابکات، ئەمەش بە خراپی بە سەریاندا شکاوەتەوەو بووەتە خاڵی لاوازی ئێران و ڕووخانی لە ناو خۆییدا، لە ماوەیەکی کورتیشدا تەواوی ئێران دەگرێتەوە کاتیش تێپەڕیوە کە بیەوێ چارەسەری بکات.

 

دەربارەی خەباتی پەکەکە بۆ گەلانی بندەست، تانیا وتی:"ئێران پڕۆژەی چارەسەریی پێ نییە، پەکەکە وەک هێڵی سێیەم وایە لەناوچەکەدا و لەسەر پرسی کورد تێکۆشانی مەزن دەکات، کە لە بواری هوشیارییەوە هێزێکی گەورەی لەناو کورددا دروستکردووە، ئێمەش وەک کۆدار هاوڕایین لەگەڵ پەکەکەدا، وەک چۆن توانیمان ڕۆڵمانهەبێت لە سەرکەوتنەکانی کۆبانێ و شوڕشی باکوور، ئەوا دەتوانین ڕۆڵی کاراشمان هەبێت لە پێشخستنی خەباتمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

وتیشی:"بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانین هەموو ئەو سیاسەت و عەقڵییەتە پووچانە کە لە دژی کورد بەڕێوەدەچێت لەناوبەرین، چونکە ئەم هێزە لەسەر دەستی ڕێبەر ئاپۆ و بە دەسپێشخەری ژن توانیویەتی کەسایەتی ئازاد و فکرێکی ئازاد بخوڵقێنێت، ئازادی ژنی پەیوەستکردووە بە ئازادی کۆمەڵگاوە".

 

لەسەر پرۆژەی ئەوان وەک کۆدار، ئاماژەی بەوەکرد: لەم قۆناغەدا ئێمە وەک بەرەیەکی یەکگرتوو و دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتدا دەرکەوتووین و پڕۆژەی ئێمە وەک چارەسەری دەبینرێت، بە یەکگرتووی لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا.

 

لە کۆتایی لیدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنیوز هاوسەرۆکی کۆدار، وتی:"قوناغی ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستاندا قۆناغێکی پاشکەوت بو بۆ ئەوەی کە گەلی کورد لە باشوردا بگات بە مافەڕەواکانی خۆی، لایەنە سیاسییەکانی کورد چ یەکێتی و چی پارتی، ئامانجییان دیاربووە کە تائێستا هیچ پڕۆژەیەکیان نەبووە وەک لایەنی چارەسەری بۆ کێشەکانی باشوری کوردستان، بە پێچەوانەوە بوون بە بەشێک لە سیاسەتەکانی کوردستان، ئەمەش نەک تەنیا دەسکەوتی نەبوو، بەڵکوو ڕەوشی ئاڵۆزترکرد، هێزە داگیرکەرەکان بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆیان بەدەست بێنن وەک لاشەیەک بە سەر باشوردا تێدەپەڕین، بۆیە چاوەڕوانیکردن لە لایەنە سیاسیەکانی تر تەنها گەمەیەکی سیاسییە، ئەمەش بوو بە ئەزموون بۆ باشوور و بەشەکانی دیکە، کە بتوانێت تەنیا پشت بە خۆی ببەستێت و بۆمافەکانی، لەچوارچێوەی خەباتێکی نەتەوەییدا.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin