ڕۆژنیوز – هاوڕێ و بۆتان
دوای ڕووبەڕووبونەوەکانی نێوان حەشدی شەعبی و خۆبەخشەکانی خورماتوو، گوندێکی گەرمیان بە هەلیکۆپتەر بۆردوومان کرا و ئێستاش سێ گوندی دیکە تۆپباران دەکرێت.
کەمێک پێش ئێستا دوو فڕۆکەی جەنگیی گوندی قەڵا-ی سەر بە شارەدێی زنانە-ی ئیدارەی گەمیانیان بۆردوومان کرد و دواتر هەر سێ گوندی قەڵا، قوم پەڵک و شۆراو بە گولـلە هاوەن تۆپباران دەکرێن.
هەتا ئێستا نەزاندراوە ئەو دوو فڕۆکەیە هی چ وڵاتێکن، بەڵام بە گوێرەی زانیاریییەکان دەیانەوێت خۆبەخشەکانی خورماتوو بکەنە ئامانج.
ئەم بۆردوومانە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ خۆبەخشەکانی خورماتوو لە گوندەکانی زنانەوە تۆپبارانی حەشدی شەعبیان کرد لە شارۆچکەی خورماتوو، بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئەنجامدا چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژراوە و جواری دیکەش برینداربوون.
پاشان حەشدی شەعبی لە وەڵامدا دوو گولـلە هاوەنی ئاڕاستەی گوندی قوم پەڵک-ی سنووری زنانە کرد، دواتریش دوو فڕۆکە بۆردوومانی گوندی قەڵا-یان کرد لە هەمان سنوور و لەکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا گولـلە هاوەنێک لە گوندەکەی دا.
جێگای ئاماژەیە، بەهۆی شەڕکەی ئەمڕۆوە دەوامی فەرمی لە خورماتوو ڕاگیرا.
ش.ف