Smiley face
Smiley face
Smiley face

حکومەتی هەرێم دابینكردنی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێم-ی بۆ ساڵی داهاتوو تاوتوێکرد

2017-12-11 18:14:43



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بژارده‌كانی دابینكردنی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ چوارچێوه‌ی داهاتی چاوه‌ڕوانكراو بۆ ساڵی ٢٠١٨ دا تاوتوێكرد، ڕاشیدەگەیەنێت: دابینكردنی مووچه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌بێت.

 

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی ئەنجومەنی وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، كۆبووه‌وه.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا د. ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ تێكڕای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ بلۆكه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و داهاتی خه‌ملێنراوی هه‌نارده‌كرن و فرۆشی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراو له‌و بلۆكانه‌ بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2018، ڕاپۆرتێكی پێشكه‌ش كرد و خه‌رجییه‌كانی ئه‌و بواره‌ی خسته‌ڕوو.

 

ئەوەش خراوەتەوەڕوو: ڕابه‌ر سدیق بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌وه‌كاله‌ت، ڕاپۆرتێكی سه‌باره‌ت به‌ داهاته‌ گشتییه‌كانی دیكه‌، جگه‌ له‌ نه‌وت و خه‌رجییه‌ گشتییه‌كانی خه‌مڵێنراو بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2018 خسته‌ ڕوو، به‌تایبه‌تیش مووچه‌ و ته‌رخانكراوی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ردوو ڕاپۆرته‌كه‌ و بژارده‌كانی دابینكردنی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ چوارچێوه‌ی داهاتی چاوه‌ڕوانكراو بۆ ساڵی 2018دا تاوتوێ كرد كه‌ تیایدا دابینكردنی مووچه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌بێت.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، پاشان سه‌باره‌ت به‌ چاكسازی له‌ كه‌رتی وه‌زیفه‌ی گشتی، خانه‌نشینی، مووچه‌، ده‌رماڵه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی بابه‌تی وه‌رگرتنی زیاتر له‌ مووچه‌یه‌ك له‌ پاره‌ی گشتی، ڕێكخستنه‌وه‌ی لیسته‌كانی خانه‌نشینان، ڕێكخستنه‌وه‌ی وارسی شه‌هیدان، فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌ خانه‌نشینی، سوودمه‌ندانی ئیمتیازاتی زیندانی سیاسی، ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كان به‌ جۆرێك ته‌نها كه‌سانی شایسته‌ سوودمه‌ند بن، چالاككردنی سه‌ندۆقی خانه‌نشینی تاكو زامنی مافی خانه‌نشینانی شایسته‌ بكرێت، به‌پێی یاسا و ڕێنماییه‌ به‌ركاره‌كان، ڕاپۆرتێك خرایه‌ ڕوو.

 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده‌، سه‌باره‌ت به‌ ئاسته‌نگ و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی ساڵی خوێندنی 2017 ـ 2018، بابه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به‌ها مرۆییه‌كان، بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ، خۆشه‌ویستیی نیشتمان، ژینگه‌پارێزی و ڕاگرتنی پاكوخاوێنی له‌ پڕۆگرامه‌كانی خوێندندا، له‌گه‌ڵ پو‌خته‌ی چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ بواری خوێندنی پیشه‌یی و خوله‌كانی پێگه‌یاندن و به‌هێزكردنی توانای مامۆستایاندا، ڕاپۆرتێكی پێشكه‌ش كرد و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ستخۆشی لێكرد.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوکە، عه‌بدولسه‌تار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، سه‌باره‌ت به‌ پلانی وه‌زاره‌ت بۆ قۆناغی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، پێداویستیی تاكه‌كه‌سی له‌ ئاو و خۆراك، كۆی پێداویستیی ئاو و خۆراك له‌ هه‌رێمی كوردستان، پلانی وه‌زاره‌ت له‌ قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، به‌بازاڕكردن و داكردنی به‌روبوومه‌ خۆراكییه‌ سه‌ركییه‌كان، سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌تایبه‌تیش به‌نداوه‌كان و دروستكردنی پۆنت بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو، ڕاپۆرتێكی پێشكه‌ش كرد.

 

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە:"ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ڕاپۆرته‌كه‌ی تاوتوێ كرد و بڕیار درا لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند له‌ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پێشنیاره‌كانی وه‌زاره‌ت تاوتوێ بكه‌ن تاكو بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ بدرێت".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin