ڕۆژنیوز- ڕۆزە محەمەد
ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی دیموکراسی گەل پێیوایە، کە ھەلومەرجی ئەمڕۆی عێراق ئەوە دەسەلمێنن کە دانن بە ماف و ئازادی ھاوڵاتیان نانرێت و ھەوڵی لەباربردنی ئازادی و ئەو دەستکەوتانە دەدەن کە بەدەست ھاتووە، دەشڵێت:"پێویستمان بە ڕێگەچارەیەکی دیموکراتیی سیاسیی ھەیە".
ئێوارەی ئەمڕۆ، بەرەی دیموکراسی گەل بەهاوبەشی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، سیمینارێکی بۆ عادل عوسمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی دیموکراسی گەل، سەبارەت بە کێشەکانی عێراق و ڕێگەچارەی دیموکراتی بۆ کێشەکان سازکرد.
عادل عوسمان، لە سیمینارەکەدا وتی: لە عێراقدا ئەو ڕێگەچارانەی کە تاقی کراوەتەوە، کوشتار و تاڵان و داگیرکاریی بووە، ھاوڵاتی بە بنەما نەگیراوە، گرنگە لەناو کێشەکانی عێراق و پێکھاتەکان ڕێگەچارەیەکی دیموکراتیی بدۆزرێتەوە.
عادل، وتیشی: ھەلومەرجی ئەمڕۆی عێراق ئەوە دەسەلمێنن، کە دانن بە ماف و ئازادی ھاوڵاتیان نانرێت و ھەوڵی لەباربردنی ئازادی و ئەو دەستکەوتانە دەدرێت کە بەدەست ھاتووە، بۆیە بۆ گێڕانەوەی ئەو دەستکەوتانە پێویستمان بە ڕێگەچارەیەکی دیموکراتیی سیاسیی ھەیە، ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا ھەوڵمان ئەوە دەبێت کە سیستەمێکی دیموکراتی کۆنفیدڕاڵی دابمەزرێنین و گەنجان و تاک جێگە بکەینەوە، دەتوانین شەنگال و ڕۆژئاوا وەک نمونەیەک بھێنینە بەرچاو و بیکەین بە نمونەیەک، کە چۆن تاکەکان و گەنجەکانی بەڕێوەی دەبەن.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی دیموکراسی گەل، ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە وەک بەرەی دیموکراسی گەل، دژی ئەو کارانەیەین کە لەکاتی تەنگەژەکاندا ھەرێمی کوردستان و عێراق چەکیان لە یەک ڕاکێشا، کە ئەمەش دژی سیستمی دیموکراتییە، ئەوەی گرنگە یەکگرتنی ھەردوولایە و بەڕێوەبردنی ھاوبەشە.
ڕاشیگەیاند: لە سیستمی دیموکراتیدا بەش بەشێنەی تێدا نییە، ئەوەی تێیدایە تەنھا بە بنەماگرتنی بەشداری ھاوڵاتیانە، ھەروەھا دەوڵەتێک کە خزمەتی ھاوڵاتیان بکات و لەڕووی ئابوورییەوە خزمەتی ھاوڵاتیانی بکات.
هەر لە قسەکانیدا، عادل عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری بەرەی دیموکراسی گەل، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر سەیری خورماتوو بکەین لە ئێستادا شەڕ و کوشتار ھەیە کە ئەمەش بۆ ئەو سیستەمە دەسەڵاتدارییە دەگەڕێتەوە کە وێنەی دەسەڵاتدارییان نیشان دا کە بەم شێوەیە ئێمە دەسەڵاتداری دەکەین و وە لە کەرکوکیش زۆرترین خاکی کوردیان لە دەستدا.
لەکۆتایی سیمینارەکەدا، دەرگای گفتوگۆ و پرسیارکردن بەڕووی بەشداربووندا کرایەوە.
ب.ل