Smiley face
Smiley face
Smiley face

زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ کۆڕێکى له‌باره‌ى گه‌نده‌ڵی و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ ئه‌نجامدا

2017-12-10 15:42:28



ڕۆژنیوز – جبهاد هه‌ورامی


له‌ ساڵڕۆژی ڕاگه‌یاندنی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ، ڕاگرایه‌تی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌کانی زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ کۆڕێکى به‌ ناونیشانى "سیمپۆزیۆمی گه‌نده‌ڵی و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ" بۆ سێ مامۆستای زانکۆ ئه‌نجامدا.


دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵی سیمیناره‌کانی که‌مپی زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆکی زانکۆ و ژماره‌یه‌ک له‌ مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکه‌، کۆڕێک بۆ سێ مامۆستای زانکۆ له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی و کاریگه‌ریه‌کانی له‌سه‌ر مافی مرۆڤ له‌لایه‌ن ڕاگرایه‌تی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌کانی زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو.


سه‌ره‌تا ئاکۆ محه‌مه‌د، مامۆستا له‌ زانکۆى هه‌ڵه‌بجه‌ بابه‌تێکی به‌ ناونیشانی "ناساندن و فاکته‌ره‌کانی گه‌نده‌ڵی" پێشکه‌ش کرد و وتی: "به‌پێی زۆربه‌ی پێناسه‌ جیهانییه‌کان بۆ گه‌نده‌ڵى، خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی گشتی بۆ مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی که‌سانێک یان کۆمه‌ڵه‌ تاقمێکی دیاریکراو، چه‌ندین گه‌نده‌ڵی دیار و نهێنیش له‌ناو وڵاتان و به‌تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت وه‌کو به‌رتیل خواردن که‌ زۆر جار به‌ هه‌ماهه‌نگی و به‌مه‌به‌ستی قازانجی شه‌خسی به‌رپرسانی حزبی و حکومی له‌ پڕۆژه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت و دیارترینی ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ش له‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت".

 


وتیشی: "ئه‌م گه‌نده‌ڵیانه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه‌ داده‌نێت به‌جۆرێک نه‌توانن ئه‌رک و فه‌رمانه‌کانی خۆیان به‌جوانی و ڕێکوپێکی ئه‌نجام بده‌ن و دواجار حکومه‌تێکی گه‌نده‌ڵ و شکستخواردوی له‌ حوکمڕانی ووڵاتدا به‌رهه‌م ده‌هێنێت".


پاشان ناسیح که‌ریم، مامۆستا له‌ زانکۆى هه‌ڵه‌بجه‌ بابه‌تی خۆی به‌ناونیشانی "به‌ربه‌سته‌کانی چاره‌سه‌رکردنی گه‌نده‌ڵی و په‌یوه‌ندی به‌مافه‌کانی مرۆڤه‌وه‌" باس کرد و وتی:"سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵی و پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤ بریتین له‌ ووڵاتانی زلهێز و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌ پاوانخوازه‌کان و حزبه‌ سیاسیه‌کان و ڕێکخراوه‌ توندڕه‌و و بازرگانیکاران به‌مرۆڤه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر کاتێک پێشێلکاریه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ هه‌بوو ڕاسته‌وخۆ هه‌لی گه‌نده‌ڵی گه‌نده‌ڵکاران زیاد ده‌بێت".

 


وتیشی:" چه‌ندین به‌ربه‌ست هه‌ن بۆ چاره‌سه‌رنه‌کردنی گه‌نده‌ڵیه‌کان که‌ زیاتر بریتین له‌ سه‌ربه‌خۆنه‌بوونی ده‌وڵه‌ت له‌ڕووی سیاسی و نه‌بوونی ستراتیژیه‌تی ڕوون بۆ چاره‌سه‌ر و جیانه‌کردنه‌وه‌ی حزب له‌حکومه‌ت واته‌ سیاسه‌ت له‌ئیداره‌ له‌گه‌ڵ تاکڕه‌وی له‌ده‌سه‌ڵات و نائارامی سیاسی و سستی و لاوازی ئه‌دای ده‌زگاکان و دواجار نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و لێپێچینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌، نه‌ک گرفت بۆ چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵى دروست ده‌که‌ن، به‌ڵکو ڕێژه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌و هۆیه‌وه‌ زیاتریش ده‌بێت".


له‌ کۆتاییشدا به‌رزان عه‌لی، مامۆستاى زانکۆ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، بابه‌تێکی پێشکه‌ش کرد به‌ ناونیشانی "کاریگه‌رییه‌کانی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ" و وتی:"له‌ سه‌ره‌تای دروست بوونی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ و چه‌ندین ڕێککه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاتووه‌ که‌ گه‌نده‌ڵی کاریگه‌ریه‌کی خراپی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پارێزگارکردن له‌ماقه‌کانی مرۆڤ و گه‌شه‌پێدانی ئابووریدا و پێویسته‌ له‌سه‌ر وڵاتان و داموده‌زگاکان و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌کار و هه‌وڵه‌کانیان پابه‌ند بن به‌ ئه‌نجامه‌کانی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ و به‌گرنگیدان به‌ پارێزگاریکردن له‌ مافه‌کانی مرۆڤ و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی وه‌ک کۆنفڕانسی لیژنه‌ی لاوه‌کی مافه‌ ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریه‌کانی ساڵی 2003".

 


وتیشی: له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو چه‌ندین کۆنفڕانس له‌جیهاندا ئه‌نجام دراون وه‌ک لیژنه‌ی مافه‌کانی مرۆڤی تایبه‌ت به‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ساڵی 2004 که‌ هه‌ستا به‌ ئه‌نجامدانی کۆنفڕانسی تایبه‌ت به‌پارێزگاریکردن له‌مافه‌کانی مرۆڤ و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و هاندانی ووڵاتان بۆ پاڕێزگاری کردن له‌مافه‌کانی مرۆڤ له‌ شاری سیئۆلی پایته‌ختی کۆریای باشور، له‌ساڵی 2006 کۆنفڕانسێک به‌سترا بۆ نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان و تاوان له‌شاری وارشۆی پۆڵه‌ندا، له‌ ساڵه‌کانی 2013 و 2014 و 2015 چه‌ند کۆنفڕانسێکی تایبه‌ت به‌نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی مافه‌کانی مرۆڤ به‌سترا له‌لایه‌ن لیژنه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان بۆ ڕێکخراوه‌ حکومی و ناحکومیه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin