Smiley face
Smiley face
Smiley face

هه‌ڵه‌بجه‌، له‌کۆی ٧٤ به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌کان ته‌نها ٦ به‌ڕێوه‌به‌ری ژن هه‌یه‌

2017-12-10 14:14:31



ڕۆژنیوز ـ جیهاد هه‌ورامی


به‌پێی ده‌رئه‌نجامی لێکۆڵینه‌یه‌ک له‌سه‌ر ڕۆڵی ژنان له‌ فه‌رمانگه‌ جیاوازه‌کانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و خستنه‌ڕووی چه‌ند داتا و ئامارێک، له‌ کۆی ٧٤ به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌کان ته‌نها شه‌ش به‌ڕێوه‌به‌ری ژن هه‌یه‌ و له‌ کۆی ئه‌و فه‌رمانگانه‌ش له‌ ١٩ دانه‌یان هیچ ژنێکی فه‌رمانبه‌ری تێدا نییه‌.


پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵی مۆنۆمێنتی یادگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگار و قائیمقام و چه‌ند به‌رپرسێکی حکومی و ژماره‌یه‌ک له‌ چالاکوانانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، سه‌رۆکایه‌تی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ سپۆنسه‌ری کۆمپانیای گارێکس، سیمینارێکی بۆ نووسه‌ر کنێر عه‌بدوڵا، له‌ژێر ناونیشانی "پێگه‌ی ژن له‌ فه‌رمانگه‌ جیاوازه‌کانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و خستنه‌ڕووی ئامارێک" ڕێکخست.


کنێر عه‌بدوڵا، له‌ سیمیناره‌که‌دا داتا و زانیاریه‌کانی خسته‌ڕوو که‌ له‌ئه‌نجامی وه‌رگرتنی داتایه‌ک له‌ناو ٧٤ فه‌رمانگه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ له‌ مانگی ٢ی ئه‌مساڵ ئه‌نجامی دابوو، وتی:" ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی که‌ ئه‌نجاممان داوه‌ له‌ناو ٧٤ فه‌رمانگه‌ی سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ که‌تیایدا ڕێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پیاو و ژنانمان وه‌رگرتووه‌ له‌گه‌ڵ ئاستی خوێندنیان، له‌کۆی گشتی ئاماره‌که‌ له‌و ٧٤ فه‌رمانگه‌یه‌ ته‌نها ٦ ژن پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ریان هه‌یه‌ و له‌ ١٩ فه‌رمانگه‌شدا هیچ فه‌رمانبه‌رێکی ژنی تێدانیه‌ ".

 


وتیشی: "بۆ به‌رچاوڕونیی زیاتر داتای دوو فه‌رمانگه‌ی سه‌ره‌کی پارێزگاکه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو که‌ بریتین له‌ دیوانی پارێزگا که‌ ٣٤ فه‌رمانبه‌ری هه‌یه‌ و ٢١ دانه‌یا پیاون و ١٣ فه‌رمانبه‌ریش ژن و به‌ڕێوه‌به‌ری دیوانیش پیاوه‌، له‌ ١٠ به‌رپرسی به‌ش شه‌شیان پیاوه‌ و چواریان ژنه‌، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ له‌ قایمقامیه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی ٢٤ فه‌رمانبه‌ره‌ و ١٣ یان پیاون و ١١شیان ژنه‌ و به‌ڕیوه‌به‌ری قایمقامیه‌تیش ژنه‌، له‌ چوار به‌پرسی به‌ش دوانیان پیاوه‌ و دوانیان ژن و هاوسه‌نگی ڕه‌گه‌زیی پارێزراوه‌".


ئه‌وه‌شی ڕوون کرده‌وه‌: کۆی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و ٧٤ فه‌رمانگه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ حه‌وت هه‌زار و ٤٨٦ فه‌رمانبه‌ر، که‌ چوار هه‌زار و ٩٩٢ فه‌رمانبه‌ریان پیاون و دوو هه‌زار و ٤٩٤ فه‌رمانبه‌ری ژنن، و له‌کۆی ٧٤ به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌کانیش ٦٨یان پیاو و ته‌نها شه‌ش دانه‌یان ژنه‌ و له‌ کۆی ٤٠٠ به‌رپرسی به‌ش ٣٢٠ به‌رپرسیان پیاون و ته‌نا ٨٠ به‌رپرسیان ژنه‌".


له‌ کۆتاییشدا چه‌ند پێشنیارێکى خسته‌ڕوو و ڕایگه‌یاند: پێوسته‌ کار بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ری ژن و پێدانی ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌ت له‌ به‌رپرسی به‌شه‌ جیاوازه‌کانی فه‌رمانگه‌کان زیاتر بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی ڕێژه‌ی ژن و پیاو له‌ناو فه‌رمانگه‌کان بپارێزرێت و ده‌رفه‌تی گونجاویان بۆ بڕه‌خسێت و هه‌لی زیاتر له‌ که‌سانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رزتر بدرێت له‌ناو فه‌رمانگه‌کان کار بکه‌ن و خولی جیاواز له‌بواره‌کانی که‌سێتی سه‌رکه‌وتوو و کارامه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران بکرێته‌وه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin