Smiley face
Smiley face
Smiley face

قوباد تاڵه‌بانى: جورئه‌تى ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ ڕووبه‌ڕووى فیرعه‌ونه‌کان ببینه‌وه‌

2017-12-10 13:45:42



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند، جورئه‌تى ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ ڕووبه‌ڕووى فیرعه‌ونه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ببنه‌وه‌ که‌ "هه‌زار و یه‌ک ئیشى خراپ ده‌که‌ن".


ئه‌مڕۆ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ شارى هه‌ولێر باسى دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى کرد له‌ هه‌رێمى کوردستان.


قوباد تاڵه‌بانى وتى: ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى به‌ ته‌نیا ناتوانێت ڕووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى ببێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ڕوونه‌ که‌ حکومه‌تیش به‌ ته‌نیا پێى ناکرێت، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانیش به‌ ته‌نیا پێى ناکرێت، حزبه‌کانیش به‌ ته‌نیا پێیان ناکرێت ڕووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى ببنه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێت هه‌موو پێکه‌وه‌ ئالیه‌تێک بدۆزینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بڵێین به‌سه‌ ئیتر، کۆتایى به‌ دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى بهێنین، دووربکه‌وینه‌وه‌ له‌ شێوازه‌ ته‌قلیدییه‌کانى تر، بۆ نمونه‌ لیژنه‌مان پێکهێناوه‌ بۆ چاودێریکردنى بابه‌تێک، به‌ڵام که‌سێکى گه‌نده‌ڵ به‌ سه‌رۆکى ئه‌و لیژنه‌یه‌ دانراوه‌، بۆیه‌ کارى ئه‌و لیژنه‌یه‌ش نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌نجام.


وتیشى: "هه‌روه‌ها هه‌ندێک جار له‌سه‌ر کێشه‌یه‌ک یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رێک گیراوه‌، یان به‌ڕێوه‌به‌رى شارۆچکه‌یه‌ک گیراوه‌، یان به‌ڕێوه‌به‌رێکى گشتى وه‌کو گه‌نده‌ڵ ناسێنراوه‌ و گیراوه‌، به‌ڵام فیرعه‌ون هه‌ن له‌م کوردستانه‌، زه‌وى داگیرده‌که‌ن، فێلا دروست ده‌که‌ن، بازرگانى ده‌که‌ن قاچاخچێتى ده‌که‌ن، خه‌ڵک ده‌کوژن، ڕۆژنامه‌نوس تیرۆر ده‌که‌ن، هه‌زار و یه‌ک ئیشى خراپ ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و جورئه‌ته‌ نه‌بووه‌ ڕووبه‌ڕوویان بوه‌ستینه‌وه‌".


ئه‌وه‌شى وت: "خۆشتان ده‌زانن ئه‌و که‌سانه‌ کێن، ڕۆژانه‌ هه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ له‌ هه‌موو که‌سێکى تر زیاتر باسى گه‌نده‌ڵى ده‌که‌ن، خۆیان و کامل بۆیاخیان دێنه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و سیمینار ئه‌که‌ن، به‌ڵام خۆیان له‌ هه‌موو که‌سێک گه‌نده‌ڵترن، خۆیان و کۆمه‌ڵه‌ چه‌کدارێک له‌ خۆیان کۆده‌که‌نه‌وه‌ و سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵک وه‌رده‌گرن، خۆیان به‌ پاڵه‌وان ده‌زانن، به‌ڵام که‌ له‌ کوردستان ده‌قه‌ومێ به‌ره‌کانى جه‌نگ چۆڵ ده‌که‌ن و ڕاده‌که‌ن، به‌شێک له‌و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیه‌ى له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن له‌ بازاڕى قاچاغدا ده‌یفرۆشن، له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنیش باسى گه‌نده‌ڵى ده‌که‌ن".


تاڵه‌بانى باسى له‌وه‌ش کرد: ئێمه‌ وه‌کو حکومه‌ت تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوى پشتیوانى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى بکه‌ین له‌ هه‌رێمى کوردستان، بۆئه‌وه‌ى به‌ جورئه‌ته‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى فیرعه‌ونه‌کان ببینه‌وه‌، نه‌ک ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ ئاستى خواره‌وه‌ن.


قوباد تاڵه‌بانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "هه‌وڵمانداوه‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ڕۆتینان له‌ناو دائیره‌کانى حکومه‌ت، بۆ به‌ ئه‌لیکترۆنیکردنى ده‌زگاکانى حکومه‌ت، بۆ تۆمارکردنى موچه‌خۆره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم و وردبینیکردن له‌ پرۆسه‌ى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام هێشتا زۆرمان ماوه‌".


جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت وتیشى: "به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، له‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ى ئه‌و زه‌ویانه‌ى به‌ ناحه‌قى دراون به‌ ئه‌م و ئه‌و، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ڕووخاندنى زیاده‌ڕه‌وییه‌کان".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin