Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆڤارێکى سه‌ربازیى سوپاى ئه‌ڵمانیا باسى قاره‌مانێتیى شه‌ڕڤانان ده‌کات

2017-12-10 10:25:30



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


گۆڤارێکى سه‌ربازیى سوپاى ئه‌ڵمانیا له‌ ڕاپۆرتێکدا باسى قاره‌مانێتیى و شێوازى شه‌ڕى شه‌ڕڤانانى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات و یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل- یه‌په‌گه‌ ده‌کات، ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ حکومه‌تى ئه‌ڵمانیا ئاڵاى یه‌په‌گه‌ى قه‌ده‌غه‌ کردوه‌.


له‌ نوێترێن ژماره‌یدا گۆڤارى (Y)ى سه‌ربازیى سوپاى ئه‌ڵمانیا، که‌ دوێنێ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، باسى شه‌ڕڤانانى هێزه‌کانى سوپاى دیموکرات و یه‌په‌گه‌ى کردوه‌، که‌ چۆن شارى ڕه‌قه‌-یان ئازاد کردوه‌.


گۆڤاره‌که‌ ڕاپۆرتێکى چیرۆکیى له‌سه‌ر هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات و یه‌په‌گه‌ بڵاوکردوه‌ته‌وه‌ له‌ دواى ئازادکردنى ڕه‌قه‌، ڕاپۆرته‌که‌ به‌ ناونیشانى "پاشماوه‌کانى جه‌نگ"وه‌یه‌ و باسى چیرۆکى شه‌ڕڤانانى یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل-یه‌په‌گه‌ و یه‌کینه‌کانى پاراستنى ژن- یه‌په‌ژه‌ ده‌کات که‌ شارى ڕه‌قه‌یان ئازاد کردوه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ کردوه‌، شه‌ڕى ڕه‌قه‌ نمونه‌یه‌که‌ که‌ چۆن توانراوه‌ شاره‌که‌ ڕزگاربکرێت و بپارێزێت له‌ سه‌رده‌مى مۆدێرندا.


گۆڤارى (Y) گۆڤارێکى سه‌ربازییه‌ و ته‌نها له‌ناو سه‌ربازانى سوپاى ئه‌ڵمانیا بڵاوده‌کرێته‌وه‌، بابه‌ته‌کانیشى هه‌مووى له‌سه‌ر تاکتیکى سه‌ربازیى و ته‌کنه‌لۆجیاى سه‌ربازییه‌.


له‌ به‌شى ته‌کنه‌لۆجیى گۆڤاره‌که‌دا باسى دروستکردنى تانکى سه‌ربازیى کراوه‌ له‌لایه‌ن خودى شه‌ڕڤانانه‌وه‌.


هه‌روه‌ها له‌ گۆڤاره‌که‌دا وێنه‌ى تانکێکى ئه‌مریکى نیشاندراوه‌ له‌ حه‌له‌ب، که‌ پارچه‌ى دیکه‌ بۆ تانکه‌که‌ زیادکراوه‌ له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌، له‌ وێنه‌یه‌کى دیکه‌دا ئۆتۆمبێلى قه‌ڵغانیى دروستکراوه‌ له‌لایه‌ن خودى شه‌ڕڤانانه‌وه‌، ئه‌وه‌ وتراوه‌، که‌ له‌ شه‌ڕى کۆبانێ ساڵى ٢٠١٥ به‌کارهێنراوه‌.


ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ حکومه‌تى ئه‌ڵمانیا مانگى ئازارى ئه‌مساڵ ئاڵاکانى یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ى قه‌ده‌غه‌ کرد، سیاسه‌تمه‌دارانى کورد ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ کرد، قه‌ده‌غه‌کردنى ئاڵاکان بڕیارێکى هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى تورکیا، هه‌روه‌ها حکومه‌تى به‌رلین-یان تۆمه‌تبار کرد به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ى هاوڵاتیانى کورد.

 

بەشێک لەو وێنانەی گۆڤارەکە بڵاوی کردوەتەوە


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin