ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند، خاکی عێراق بە تەواوی ئازادکراوە و خەونی سەرکەوتن بووەتە ڕاستی، دەشڵێت:"عێراق لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و جیهان هەڵدەداتەوە، لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر".
ئێوارەی ئەمڕۆ، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وتاری "سەرکەوتنی بەسەر داعش-دا" پێشکەشکرد.
حەیدەر عەبادی، وتی: سەرکەوتنە گەورەیەوە پارێزگاریکردنە لە یەکێتی خاکی عێراق و ئێستا لە قۆناغی دوای سەرکەوتن بەسەر داعشداین.
عەبادی داواشی لە سیاسییەکان-ی عێراق کرد، کە ڕێگری بکەن لە گەڕانەوەی داعش و وتارە تایەفییەکانیان بوەستێنن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: عێراق لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و جیهان، لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر.
هەر لە وتارەکەیدا، حەیدەر عەبادی جەختیشیکردەوە، کە پێویستە چەک تەنها بە دەستی دەوڵەتەوە بێت و دادپەروەری و یەکسانی بەدی بێت لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقدا.
هەر بەبۆنەی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی خاکی عێراق و کۆتاییهاتنی شەڕی داعش، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سبەینێ یەکشەممە ١٠-١٢-٢٠١٧ ی لە عێراق کردە پشووی فەرمی.
ب.ل