Smiley face
Smiley face
Smiley face

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ بووەتە گاڵتەجاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ

2017-12-09 12:45:12



ڕۆژنیوز - ئاوات پوری

 

ڕۆژی ١٠ی دیسەمبەری هەموو ساڵێک، ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە، کە بەر لە ٦٨ساڵ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە فەرمی پەسەند کرا بۆ جێبەجێکردن، بەڵام ئەمڕۆ بەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، پێشلکردنی بەندەکانی ئەو جاڕنامەیە زۆر ئاساییتر دێتە بەرچاو، بە بەراورد بە جێبەجێکردنیان، واتە جاڕنامەی مافەکان مرۆڤ بووەتە گاڵتەجاڕنامەیەک بۆ پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ.

 

ئەگەرچی نوێنەری ٤٨ وڵات واژۆی جاڕنامەکەیان کردووە، بەڵام ئێستا بە دەیان وڵات ئەو بەندانەی جاڕنامەکە پێشێل دەکەن کە خۆیان واژۆیان کردووە، دیاریترینیان وڵاتانی تورکیا و ئێران و سوریا و عێراقن لە ئاست مافەکانی کورد، لە لایەکی دیکەشەوە وڵاتانی ڕۆژئاوایی نەک تەنیا بە بێدەنگیان، بەڵکو بە کردەوەش هاوکاریی ئەو پێشێلکارییانە دەکەن.

 

جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ رۆژی ١٠ دیسەمبەری ساڵی ١٩٤٨ لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٤٨ دەنگی ئەرێنی و هەشت دەنگی نەرێنی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا پەسند کرا، پاشان ئەو رۆژە وەکو رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ دەستنیشان کرا.

 

ئەو جاڕنامەیە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی جەنگی جیهانی دووەم بوو، بۆ یەکەمجار لەو جاڕنامەیەدا مافی گشتی هەموو مرۆڤەکان دەستنیشان کرا، جاڕنامەکە لە پێشەکییەک و ٣٠ مادە پێکهاتووە کە باس لە مافەکانی مرۆڤ لە ڕوانگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەکەن، مادەی یەکی جاڕنامەکە باس لە یەکسانی هەموو مرۆڤەکان و برایەتی مرۆڤەکان دەکات، کە بە چاوخشاندنێک بە دۆخی مرۆڤەکان و مافەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و بەراوردکردنیان بە مافی مرۆڤەکان لە وڵاتانی ئەروپی، دەتوانین بڵێین یەکسانبوونی مرۆڤەکان تەنیا وەک دروشمێک لەو جاڕنامەیەدا نووسراوە، نەک ڕاستییەک کە ڕێزی لێبگرن.

 

ماددەکانی ئەو جاڕنامەیە مافە سەرەکییەکانی مەدەنی، کلتوری، ئابوری، سیاسی و کۆمەڵگایی هەموو مرۆڤەکانی جیهانیان خستووەتە بەرباس.

 

هەروەها لە مادەکانی جاڕنامەکەدا باس لەوە کراوە، کە هەموو مرۆڤێک بە دوور لە نەژاد، رەنگی پێست، ڕەگەز، زمان، ئایین و بیروڕای سیاسی یان دۆخی مادی و نەتەوەیی، پێویستە بەهرەمەند بێت لەو ئازادیانەی جاڕنامەکە دیاری کردوون، ئەوە لە کاتێکدایە، کە ڕۆژانە هەڵسوکەوتی دژ بەم مادەیە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە دەبیندرێت، دیارترین نموونەیان بڕیاری دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ڕێگریکردن لە گەشتی هاوڵاتیانی موسڵمان بۆ ئەمریکا.

 

لە جاڕنامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە نابێت هیچ کەس وەک کۆیلە لەبەرچاو بگیرێت، و نابێت هیچ مرۆڤێک ئەشکەنجە بدرێت، بەشێوازێکی ستەمکارانە سزابدرێت، لە پاش هێرشی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان و دواتر عێراق، دڕاندانەترین ئەشکەنجەکان لە ناو زیندانەکانیندا دژی هەر ئەو مرۆڤانە ڕوویاندا کە لە جاڕنامەکەدا باس لە مافەکانیان کراوە، هەموو دنیا بینی کە چۆن ژنانی ئێزدی بەبەرچاوی ئەو وڵاتانەی کە جاڕنامەی مافی مرۆڤیان واژۆکردووە بە کۆیلە گیران و لە بازاڕەکاندا وەک کاڵا فرۆشران.

 

جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، مافی پەنابەری بۆ هەموو ئەو مرۆڤانە لەبەرچاو گرتووە، کە لە وڵاتی خۆیان ئازار یان ئەشکەنجە دەدرێن، لە بارەی ئەم مادەیەشەوە بەرچاوترین نموونە بۆ پێشێلکرانی وڵاتی ئەڵمانیایە، کە پەنابەرانی ئەفغان لە کاتێکدا دەستگیردەکات و دەیاننێرێتەوە ئەفغانستان کە بە هەموو جۆرێک ژیانیان لە وڵاتی خۆیاندا لە مەترسیدایە، یان ئەوەی هەموو جۆرە سیاسەتێک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی پەنابەران بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان کە ڕایانکردووە لێی.

 

لەبەشێکی دیکەی جاڕنامەکەدا یەکسانی ژن و پیاو خراوەتەڕوو، کە پێویستە هاوسەرگیری بە رەزامەندی ژن و پیاوەوە ئەنجام بدرێت، هەر لەم ماوەیەی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق پرۆژەپێشنیارێک خراوەتە بەر باس کە تێیدا پێشنیاری دابەزاندنی تەمەنی هاوسەرگیریی کراوە لە ١٨ ساڵەوە بۆ ٩ ساڵ بۆ کچان و بۆ ١٥ ساڵ بۆ کوڕان، لە هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا هاوسەرگیریی دووەم قەدەغە کراوە، بەڵام لەو لاوە ڕێگا بۆیان کراوەیە کە لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بە بڕیاری دادگا و بەبێ ڕەزامەندی هاوسەری یەکەم، هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی دووەم بکەن.

 

هەروەها لە تورکیا لە هەفتەی داهاتووەوە ئەو یاسایە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە تێیدا بەبێ چاودێری یاسا، تەنیا بە بڕیاری مەلا هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت، واتە زەمینەیەک پێکدێت بۆ پێشێلکردنی بەئاشکرای مافی ژنان لە هاوسەرگیری کردندا.

 

جاڕنامەکە مافی ئازادی کارکردن، هەڵبژاردنی ئایین و لایەنگری سیاسی بۆ هەموو مرۆڤەکانی جیهان لەبەرچاو گرتووە، هەروەها تێیدا هاتووە کە هەموو مرۆڤەکانی جیهان مافی ئەوەیان هەیە، کە بە خۆڕایی پەروەردە ببینن، ئێران دیارترین نموونەیە بۆ پێشێلکردنی هەموو ئازادییە ئایینییەکان، لە ئێراندا تەنانەت لە کاتی کارەساتی بوومەلەرزەکەی کرماشاندا تیمە ڕزگاریبەخشەکان نەچوونە ناوچەکانی یارسان نشین و سوننەنشینەکان بۆ ڕزگارکردنی لێقەوماوان.

 

لەلایەکی دیکەوە بەهاییەکان لە ئێران هەموو مافەکانی نەک مرۆڤ، بەڵکو مافە سروشتییەکانی ژیان و کاسبکاریشیان لێ قەدەغەکراوە، بۆیان نییە لە خوێندنگاکانی ئێراندا پەروەردە ببینین، نە بە خۆڕایی و نە بە پارە.

 

وەک دەبینرێت، ڕۆژانە نەک تەنیا لەلایەن دەوڵەتە زۆردارەکانەوە، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگاشەوە یەک بە یەکی ئەو بەندانەی مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێن، ئەمە گەورەترین ناکۆکی و دژ یەکیی ناو مادەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤە.

 

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، یەک بە یەکی ئەو بەندانەی لە کونج و کەلەبەرەکانی جیهان پێشێل دەکرێن، ئازادی مرۆڤەکان بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکان تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپیش لەبەرچاو ناگیرێت، یەکسانیی ژن و پیاو نەک تەنیا لە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش پێشێل دەکرێن.

 

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٧٠٠ ملیۆن ژن لە جیهان بە زۆرەملی هاوسەرگیریان کردووە، هەروەها ٢٠٠ ملیۆن کەس لە سەراسەری جیهاندا ئەگەری کارکردنیان نییە، ٧٧٥ ملیۆن کەس لە جیهان ناتوانن بخوێنن و بێبەش بوون لە مافی خوێندن بەخۆڕایی، تەنیا لە یەمەن نزیکەی یەک ملیۆن کەس پەتای درمیان هەیە و هیچ هەوڵێک لەلایەن وڵاتانی واژۆکەری جاڕنامەی مافی مرۆڤەوە لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکی بکرێن.

 

خەڵاتی نۆبێڵی ئاشتی دەدرێتە ئان سان سوچیی سەرۆک کۆماری بۆرما کە بەبەرچاوی هەموو ڕاگەیاندنەکانی جیهان بە فەرمانی ئەو، سەدان هەزار موسڵمانی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون و کۆمەڵکوژ کران و بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە دران، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش کە لە ڕواڵەتدا پابەندە بە مادەکانی ئەو جاڕنامەیە وەستا و سەیری کرد و ڕۆڵی هەمیشەیی خۆی وەک بینەر بەجێهێنا. 

 

ئێستا، سێ ملیۆن پەنابەری سوری کە بە پێی بەندەکانی جاڕنامەکە پێویستە لە هەموو مافەکانی مرۆڤ سودمەندبن، لە تورکیا راگیراون و بوون بە خاڵی بەهێز یان لاوازی دانوستانە سیاسی و ئابورییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و لەسەر گیانی ئەو پەنابەرانە هەڕەشە لە یەک دەکەن، واتە گیانی پەنابەران وەکو خۆیان گرنگیەکی نییە بۆ دەسەڵاتدارانی جیهان.

 

وڵاتانی ئێران، تورکیا و سوریا و عێراق لە یەکەم وڵاتانی واژۆکەری ئەو جاڕنامەیەبوون، بەڵام پاش ٦٨ ساڵ تێپەڕبوون لە پەسندکردنی جاڕنامەکە، ئێستا لەو چوار وڵاتەدا زیاتر لە هەموو وڵاتانی جیهان مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن، تەنیا چەند ڕۆژ پێش ئێستا ببوو کە موشەکەکانی تورکیا ئاسمانی عێراقیان تێپەڕاند و شوێنێکیان کردە ئامانج کە هاوڵاتیانی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ژێر بەرپرسیارێتی نەتەوە یەکگرتووەکاندان، ئایا ئەو مافەمان نییە، کاتێک ئەو خاڵانەی باسکران لەبەرچاو دەگرین، جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ وەک گاڵتەجاڕنامە بێمافییەکانی مرۆڤ ناوزەدبکەین؟.

  

ڕۆژی ١٠ی دیسەمبەری ١٩٤٨، جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، بە ٤٨ دەنگی ئەرێنی و ٨ دەنگی نەرێنی پەسەند کرا، هەرکام لەو وڵاتانەی کە دژی بوون بە هۆکارێک دژی ئەو جاڕنامەیە دەرکەوتن، یەکێتی ئەفریقاتی باشوور بەهۆی سیستمی ئاپارتاید، کە دژی ژمارەیەک لە بەندەکانی ئەو جاڕنامەیە بوو، عەرەبستانی سعودیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە دژی جاڕنامەکە بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی دوو لە بەندەکانی پەسەند نەدەکرد، کە بەندی ١٨ ئازادی دەدات بە هەموو مرۆڤێک کە ئاین و باوەری خۆی بگۆڕێت، بەندی ١٦ کە لەبارەی یەکسانیی مافەکانی هاوسەرگیرییە، نوێنەری تورکیاش هۆکاری دژایەتیکردنی جاڕنامەکەی بەندی ١٣ی جاڕنامەکە بوو کە مافی بەجێهێشتنی هاوڵاتیان داوەتە مرۆڤەکان.

 

د.خ

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin