Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەحمەد عەسکەری: کۆبوونەوەکەمان بەردەوام دەبێت تا دەگەینە ڕێککەوتن

2017-11-21 17:24:42



ڕۆژنیوز – رێباز سەباح

 

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تا ئێستا بەردەوامە، ئەندامێكی لیستی برایەتی-ش لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، دەڵێت: لیستی توركمانی داواكارییان هەیە ئێمەش داواكاریمان هەیە، ئیتر مەرج نییە بە داواكارییەكانی یەكتر ڕازیبین، بەڵام كۆبوونەوەكەمان بەردەوام دەبێت، تا دەگەینە ڕێككەوتن.

 

ئەحمەد عەسکەری، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە و ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لێدوانێکی بۆ ڕۆژنیوز دا.

 

ئەحمەد عەسكەری، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"پاش ئەوەی لیستی عەرەبی و توركمانی دانیشتنەكەیان جێهێشت، خۆشبەختانە بە هەوڵی ئێمە و برادەرانی دیکە لە لیستی برایەتی، توانیمان جارێكی دیکە درێژە بە كۆبوونەوەكە بدەین و بیانگەڕێنینەوە بۆ دانیشتی ئەنجومەن".

 

 

ئەوەشی خستەڕوو:"ئەم كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ ڕاوێژكارییە، لیستی توركمانی داواكارییان هەیە ئێمەش داواكاریمان هەیە، ئیتر مەرج نییە بە داواكارییەكانی یەكتر ڕازیبین، بەڵام ئێستا موناقەشەی ئەو باسانە دەكەین، تا دەگەینە رێككەوتنێك، كۆبوونەوەكەیشمان بەردەوام دەبێت تا دەگەینە ڕێككەوتنێك".

 

لەبارەی ئەوەی کە داواکارییەکانی تورکمان و کورد لە کۆبوونەوەکەدا چییە؟، ئەو ئەندامەی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئامادەنەبوو کە داوکارییەکان بخاتەڕوو، تها وتی:"کە کاتی خۆی هات، قسە لەسەر داواکارییەکانیش دەکەین".

 

لەبارەی بەشداربوونی ئەندامانی لیستی برایەتی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەحمەد عەسکەری وتی:"خۆشبەختانە ئەمڕۆ دوو ئەندامی یەكگرتووی ئیسلامی لە لیستی برایەتی بەشداری كۆبوونەوەکە بوون، حەوت ئەندامی یەكێتی و دوو ئەندامی مەسیحی و یەك ئەندامی توركمان و باقی ئەندامانی لیستی برایەتی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە نەكردووە، كە كۆی گشتی ئەندامانی لیستی برایەتی ٢٦ ئەندامە".

 

ئەو ئەندامەی لیستی برایەتی، لەبارەی هۆکاری بەشداری نەکردنی بەشێک لە ئەندامانی لیستی برایەتی لە کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند:"هۆكاری بەشداری نەكردنی ئەو ئەندامانە، هەرجارە و  بە بیانوویەكە، گوایە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە".

 

دەشڵێت:"داواكارم ئەوانیش بگەڕێنەوە و بەشداری كۆبوونەوەكان بكەن، بۆ ئەوەی پێگەی لیستی برایەتی بەهێزتر بێت".

 

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەسەر لێدوانێكی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، كە وتبووی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هیچ شەرعییەتێكی نییە، وتی:"سەرۆكی ئەنجومەن خۆی مانگێك زیاترە غیابە، كەس دەستی نەگرتووە فەرموو بابێتەوە و شەرعییەت بدات بە كۆبوونەوەكە، ئەمرۆ كەركوكیەكان زۆر زۆر پێویستیان بە لیستی برایەتییە، لە كاتی شێنەیی با هەر نەیەنەوە".

 

ئەمڕۆ کاتژمێر ١:٣٠ خولەک، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەناو بیانی ئەنجومەن و لە شاری کەرکوک دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin