Smiley face
Smiley face
Smiley face

نێچیرڤان بارزانی: شاندێکی هاوبەشی حکومەت دەچێتە بەغدا

2017-11-21 16:09:25



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد

 

شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند: شاندێکی هاوبەشی حکومەت دەچێتە بەغداد

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیان لە شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالست و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە کۆبوونەوە.

 

دوا بەدوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، وتی: شاندی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌چێته‌ به‌غدا و نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌کانی ناو حکومه‌تیش له‌ شانده‌که‌دا ده‌بن.

 

 

ئاماژەی بەوەشدا: لێکنزیکبوونه‌وه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌کان هه‌یه‌و هه‌موو لایه‌کیشمان وه‌ک یه‌ک بیرده‌که‌ینه‌وه‌و کۆکین، که‌ پێویسته‌ حکومه‌تی هه‌رێم گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات، جگه‌ له‌وه‌ش دژی دوو ئیداره‌یین له‌ هه‌رێمی کوردستاندا".

 

بارزانی، وتیشی: دوو بۆچوون له‌نێوان لایه‌نه‌کان سه‌ریهه‌ڵداوه‌، یه‌که‌میان پێکهێنانی حکومه‌تی کاتی، بۆچوونی دووه‌میش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ڵام هاوڕاین که‌ نابێت هیچ لایه‌نێک سه‌ربه‌خۆییانه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێک بکه‌وێته‌ گفتوگۆ.

 

ئاماژەی بەوەشدا، هه‌ر کاتێک نه‌توانن مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان دابین بکه‌ن، ئه‌وا به‌ شه‌فافانه‌ به‌ خه‌ڵکی کوردستانی راده‌گه‌یه‌نن.

 

وتیشی:"هێزەکانی عیراق داوایانکرد لە بەنداوی موسڵ بکشێینەوە، وتمان کێشە نییە، دوای ئەوە وتیان لە رەبیعە و داوای زیاتریان دەکرد، بۆیە ئەوەیان ڕاگیرا، پێمان باش بووه‌ سنورێک بۆ پێشڕه‌ویی هێزه‌کانی سوپای عێراق  دابنرێت".

 

نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەشدا: لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبنەوە و باشترین رێگەچارەی دۆخی هەرێم تاووتوێ دەکەن، دواتر ئەنجامی سەردانەکانیان ڕووندەکەنەوە و هەڵوێستیان رادەگەیەنن.

 

پاشان محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەکەدا، وتی:"حکومەت بە پەرۆشەوە هاتوە لەگەڵ لایەنەکان قسە بکات".

 

 

وتیشی: رەنگە بۆچوونی جیاواز هەبێت، بەڵام هەمووی یەک بۆچوونی هەیە لەسەر رێکخستنی نێوماڵی کوردی و لایەنە سیاسییەکان.

 

ئەمەلەکاتێکدایە، شاندەکەی حکومەت هەر ئەمڕۆ له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لە دەباشان-یش لەگەڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد کۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin