Smiley face
Smiley face
Smiley face

گەرمیان، نەبوونى سایلۆی گەنم گرفتى بۆ جوتیاران دروستکردووە

2017-11-21 14:07:07



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار

 

بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، نەبوونى سایلۆی وەرگرتنى گەنم کێشەى بۆ وەرگرتنى گەنمى جوتیاران دروستکردووە، هەروەها ڕێگری نەکردن لە هێنانى سەوزە و میوە لە ئێرانەوە بۆ گەرمیان، کێشەیەکى دیکەی کشتوکاڵی ناوچەکەیە.

 

کیشەو گرفتەکانی کشتوکاڵ لە سنووری گەرمیاندا دوای هاتنەوەی سوپای عێراق بۆ سنوورەکە ڕووی لەزیادبوون کردووە، هەروەها نەبوونی سایلۆش گرفتێکی دیکەی جوتیارانی سنوورەکەیە، لەوبارەیەوە، شادیە حسێن، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵی گەرمیان بۆ ڕژنیوز دەدوێت.

 

شادیە حسێن، وتى: نەبوونى سایلۆی وەرگرتنى گەنم گەورەترین گرفتى كشتوكاڵییە لە گەرمیاندا، واىکردووە ساڵانە لەناوچەکە کەمترین ڕێژەى گەنم وەربگیرێت، ئەو شوێنەى بۆ وەرگرتنى گەنم دەست نیشان دەکرێت تەنها ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار تەن گەنم دەگرێت، لە ساڵانى ڕابردوودا  لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە ڕەزامەندی دراوە بۆ دروستکردنى سایلۆ، تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٤ ڕەوانە کراوە بۆ کۆمپانیا، بەڵام بەهۆی قەیرانى داراییەوە دروستنەکراوە.

 

شادیە، وتیشی: پێشووتر ساڵانە ٦٢ ملیار دابیندەکرا لەلایەن وەزارەتى کشتوکاڵەوە بۆ جوتیارانى هەرێم، لە دواى هاتنى قەیرانى دارایی ڕێژەى ئەو پاڵپشتیە کەمکراوەتەوە بۆ ١٩ ملیار دینار، ساڵی ڕابردووش  لەو بڕە پارەیە یەک ملیار و شەسەد هەزار دینار بەر گەرمیان کەوت، ئەمەش گرفتێکى ترە، کە وەزارەت لەسەر ڕێژەى دانیشتوان ئەو بڕە پارە دابین دەکات و پشت بە ڕووبەرى کشتوکاڵى نابەستێت، بۆیە گەرمیان لەم دابەشکارییە زیانى بەرکەوتووە.  

 

ناوبراو باسی لەوەشکرد: بەهۆی ئەوەى لەمەرزی مونزرییەى سنوری شارۆچکەى خانەقین کە  تایبەتە بە حکومەتى ناوەندی و ئێران، بە قاچاغ و بێ باج  سەوزەو میوە دەهێنرێنە ناو گەرمیان، وای لێهاتووە بازرگانیکردنى میوەو سەوزە لە پەروێزخان کەمتربێتەوە، بەداخەوە لەبەر ئەم هۆکارە هەندێ جار بەربومى  سەوزەو میوەى جوتیارانى خۆماڵی نافرۆشرێت لە بازاڕەکان و جوتیاران زیانیان پێدەگات، هەرچەندە لیژنەى ئابوری هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنى بازاڕو ڕێگریکردن لە هاتنى باری قاچاغ، بەڵام لاوازن.

 

شادیە حسێن، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو: دوو کێشە لە ناوچە دابرێنراوەکان هەیە، یەکەم، کێشەى موڵکایەتى و گرێبەستە کۆنەکان لەسنوری خانەقین، کە لە پێشووتردا کاتى تەعریبی ناوچەکەکراوە، جوتیارە کوردەکان دەرکراون و گرێبەستیان بۆ جوتیارە عەرەبەکان کراوە، ئێستا دواى هاتنى سوپاى عێراق بۆ سنوری  ئەو شارۆچکەیە ئەو کێشەیە سەریهەڵداوەتەوە، گرفتى دووەم زەوییە موڵکدارییەکانن، ئەو زەوییانەى ساڵی ١٩٧٠ بە بڕیاری ١١٧ زەوى خاوەن موڵکەکان دابەشکراوە بە سەر جوتیارەکاندا وەک قەرەبوو وەریان گرتووە، بەڵام لە تاپۆ ناویان نەکوژراوەتەوە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin