Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە چه‌مچه‌ماڵ کەمپەینی هه‌ڵوێست بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان ڕادەگەیەندرێت

2017-11-21 13:48:05



ڕۆژنیوز- ئاشتى ئه‌حمه‌د

 

له‌ شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ و دەورەبەری که‌مپەینێک به‌ناوى هه‌ڵوێست بۆ  هاوکاریکردنى لێقه‌وماوانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان،‌ ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت.

 

ئه‌مڕۆ، له بینانی ‌قائیمقامیه‌تى چه‌مچه‌ماڵ ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ ڕۆژنامه‌نووس و چالاکوانى مه‌ده‌نی و مامۆستایانی ئاینى به‌ئاماده‌بوونى ڕه‌مەک ڕه‌مه‌زان، قائیمقامى شارۆچکه‌که‌ کۆبوونه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى کۆکردنه‌وه‌ و گه‌یاندنى کۆمه‌ک به‌لێقه‌وماوانى بومه‌له‌رزه‌که‌ى ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، دواتر له‌کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا کەمپەینێکیان بەناوی هەڵوێست ڕاگەیاند.

 

 

ڕەمەک ڕەمەزان، لە کۆنگرەکەدا، وتی:"ئه‌مڕۆ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا پێشنیازکراوه‌ که‌مپەینێک بۆ هاوکاریکردنى سه‌رجه‌م لێقه‌وماوانى ڕۆژهه‌ڵات ڕابگه‌یه‌نین، که‌ به‌هۆى بومه‌له‌رزه‌که‌وه‌ توشى زه‌رو زیانى زۆرى گیانى و ماڵى بوون، بۆیە سبه‌ینێ کەمپەینەکە‌ ده‌ستپێده‌کات و تا ڕۆژى ٢٦ی ئەم مانگە‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

 

ڕەمەک، وتیشی:"لێره‌وه‌ داوا له ‌سه‌رجه‌م دانیشتوانى کوردستان به‌تایبه‌ت شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنمان بۆ دۆخى ئابوورى ئه‌وه‌ى له‌توانایدا هه‌یه‌، هاوکارى خوشک و براکانمان بکه‌ین له‌ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان".

 

هەر لە کۆنگرەکەدا، هەمزە خه‌لیفه‌، پێشنوێژ و وتارخوێن له‌مزگه‌وتى ته‌کیه‌ ‌لە چەمچەماڵ به‌یاننامه‌ى که‌مپەینه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ و وتى:"ئێمه‌ به‌ئه‌رکى ئاینى و ئینسانى و نیشتمانى خۆمانى ده‌زانین، که‌ هاوکاریى براکانمان بکه‌ین له‌ ڕۆژهه‌ڵات، که‌ ئه‌وانیش له‌کاتى کۆڕه‌وه‌که‌ى باشورى کوردستان له‌ساڵى 1991، به‌ته‌واوى هاوکارمان بوون، بۆیه‌ ئه‌م که‌مپەینه‌ به‌ناوى هه‌ڵوێست له‌ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ 22ى ئه‌م مانگه‌ کاتژمێر 9ی سەر لە بەیانی ڕاده‌گه‌یه‌نین، تا ڕۆژى شه‌ممه‌ کاتژمێر 2ى پاشنێوه‌ڕۆ به‌رده‌وام ده‌بێت.

 

هەمزە خه‌لیفه‌، وتیشی:"له‌به‌رهۆکارى گواستنه‌وه‌و ئه‌سته‌مه‌کانى به‌رده‌مى که‌مپەینه‌که‌ بڕیارمانداوه‌، ته‌نها پاره‌ وه‌ربگرین، پاشانیش له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ته‌وه‌ ئه‌و هاوکارییه‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ ده‌ستى لێقه‌وماوان".

 

باسى له‌وه‌شکرد، له‌چه‌ند شوێنێک سندوق بۆ کۆکردنه‌وه‌ى کۆمه‌که‌که‌ داده‌نرێت وه‌ک به‌رده‌م کتێبخانه‌ى چه‌رموو، سه‌رۆکایه‌تى زانکۆى چه‌رموو، سه‌نته‌رى گه‌نجانى شۆڕش له‌شاره‌دێى شۆڕش، هه‌روه‌ها له‌شاره‌دێى ته‌کیه‌ى کاکه‌مه‌ند له‌ناو بازاڕه‌که‌ به‌رامبه‌ر گه‌راجى چه‌مچه‌ماڵ- ته‌کیه‌ سندوق بۆ هاوکارییه‌که‌ داده‌نرێت.

 

ڕ.م



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin