Smiley face
Smiley face
Smiley face

حەیدەریی: ئازادکردنی ئۆجالان ھێزێکی گەورە دەبەخشێتە چوار پارچەی کوردستان

2017-11-21 13:00:52



ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر 

 

مومتاز حەیدەریی، ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیری کورد، ئازادکردنی ئۆجالان ھێزێکی گەورەی نیشتمانیی دەبەخشێتە ھەر چوار پارچەی کوردستان و چارەسەربوونی کێشەی کورد و بوونی ئاشتەواییەکی بەھێز لە تورکیا پەیوەستە بە ئازادبوونی ئەوەوە.

 

گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە دژوارترین شێوە بەردەوامە و گەل-یش لەناوەو دەرەوەی کوردستان لە چالاکیدایە و داوای ئازادکردنی ئۆجالان دەکات.

 

لەبارەی گرنگیی ئازادیی ئۆجالان-ەوە، مومتاز حەیدەریی، ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر، بە ڕۆژنیوزی وت: چارەسەربوونی کێشەی کورد و بوونی ئاشتەواییەکی بەھێز لە تورکیا پەیوەستە بە ئازادبوونی ئۆجالان، چونکە ئەو ھەردەم سیاسەتێکی ئاشتەوایی ھەبووە.

 

ناوبراو،  وتیشی: ئازادکردنی ئۆجالان ھێزێکی گەورەی نیشتمانیی دەبەخشێتە ھەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت باکور، چونکە ئۆجالان بزوێنەری جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بوو.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئازادبوونی ئۆجالان یان-یش هیشتنەوەی لە زیندان-دا وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ تورکیا ناوبرد و وتی: بەو کارە تورکیا دەیسەلمێنێت، کە لە وڵاتەکەی دیموکراسیی ھەیە، کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات یاخود نا.

 

مومتاز حەیدەریی، یەکێکە لەو کەسانەی، کە لەنزیکەوە ئۆجالان-ی بینووە و لەوبارەیەوە وتی:"ھەرگیز ئەوەم بیرناچێت ئەوکاتەی لە سوریا سەردانمان کرد ڕۆحیەتێکی تازەی لەچوارچێوەی گشتی نەتەوە پەروەرییەکەیدا بە ئێمە بەخشی، ئەوکاتە ئۆجالان پرۆژەی ئاشتی بۆ کوردستانێکی گەورەی لەبەرنامەدا بوو".

 

حەیدەریی، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بەبۆنەی نزیکبوونەوە لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە، وەک کەسایەتی و قەڵەمێکی سەربەخۆ پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ئەو پارتە کرد و وتیشی: ھیوادارم ئەم یادە زیاتر ھاندەربێت بۆ یەکگرتنی تێکڕای نەتەوەی کورد و  بەسیاسەتەکانی خۆماندا بچینەوە و سیاسەتێکی تازە ھەڵدەینەوە لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی لەپارچەکانی کوردستان ڕوویانداوە.

 

پارێزەرەکانی ئۆجالان لە ڕۆژی ٢٧ی تەموزی ساڵی ٢٠١١وە ڕێگایان پی نەدراوە سەردانی ئیمرالی بکەن و چاویان بە بریگرتەکەیان بکەوێت.

 

له‌ ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ١٩٩٨، گه‌له‌کۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ ده‌ستگیرکردنی عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان(په‌که‌که)‌ ده‌ستیپێکرد، دواتر له‌ ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا، ئۆجالان له‌ شاری نایرۆبی پایته‌ختی وڵاتی کینا ڕفێنرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا و خرایە زیندانی ئیمراڵی-یەوە.

 

لە ٥/نیسان/ ٢٠١٥-شەوە دەوڵەتی تورک گۆشەگیریی خستووتە سەر ئۆجالان و لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار و لە ١١/٩/٢٠١٦ محەمەد ئۆجالان-ی برای سەردانی ئیمراڵی کردووە و چاوی پێیکەوتووە، لە دوای ئەو سەردانەشەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر رەوشی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نییە و هیچ پەیامێکی ئۆجالان نەگەشتووەتە دەرەوەی زیندان.

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin