Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆڕان بە سێ مەرج ڕازییە ئەم حکومەتە بمێنێتەوە.. نوێکراوەتەوە

2017-11-21 12:38:32



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، كە داواكاری پێكهێنانی حكومەتی كاتییان داوەتە شاندەكەی حكومەت، دەشڵێن: ئێمە لە پێناو سێ‌ خاڵدا داوای پێكهێنانی حكومەتی كاتی دەكەین، ئەگەر ئەم حكومەتەش ئەو خاڵانە جێبەجێ‌ بكات لاریمان نییە بەمانەوەی ئەم حکومەتەی ئێستا.

 

ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە شاری سلێمانی، لە دوای كۆبونەوەكە بزوتنەوەی گۆڕان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئەنجامدا.

 

ئاسۆ مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشدار بووی كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا، وتی:"كۆبوونەوەكەكەمان لەگەڵ شاندی حكومەت كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری بوو، هیچ بڕیارێكی تێدا نەدراوە، بەڵام ئێمە پڕۆژەی پێكهێنای حكومەتی كاتیمان داوەتە شاندەكەی حكومەت، جۆرێک لە هاودەنگی و دوودڵی هەیە لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكەمان".

 

وتیشی:"ئێمە داوای پێكهێنانی حكومەتی كاتی دەكەین بۆ ئەنجامدانی سێ‌ خاڵ، كە ئەویش چاككردنی بژێوی و ژیانی خەڵك، ڕێگری كردن لە ئەنجامدانی شەڕی بەوەكالەت لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، ئەگەر ئەم حكومەتەی ئێستاش بتوانێت ئەم سێ‌ خاڵە جێبەجێ‌ بكات ئێمە لاریمان نییە بە مانەوەی، بەڵام داواكاری یەكەممان پێكهێنانی حكومەتی كاتییە".

 

ئاسۆ مەحمود، ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم حكومەتە ئێستا توانای ئەوەی نییە گفتوگۆیەكی باش لەگەڵ بەغدا بكات و مافەكانی گەلی كورد پێك بهێنێت، بۆیە ئەگەر بچێتە بەغداش شتی زیاتر لەدەست دەدات.

 

ناوبراو، ڕاشیگەیاند:"شاندەكەی حكومەت داوایان لێكردوون كە وەزیرەكانی گۆڕان بگەڕێنەوە حكومەت، بەڵام ئێمە پێمان وتوون كە ئێمە دەمانەوێت ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ‌ بكرێت كە پێمان داون".

 

لە كۆتایی قسەكانیدا ئاسۆ مەحمود، وتی:"لە كۆبونەوەكەدا قسەمان لەسەر پەرلەمان و گەڕاندنەوەی سەرۆكی پەرلەمان كردووەو ئێمە پێمان وتوون، كە پەرلەمانێكی ڕاستەقینەمان دەوێت و هیچ مەرجێك لەسەر پەرلەمان قبوڵناكەین".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin