Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕۆژنیوز لە ناو لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

2017-11-21 11:22:51



ڕۆژنیوز – ئەفشین کوردی

 

بۆ ڕووماڵکردنی کارەساتەکەنی بوومەلەرزەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژنیوز  خۆی گەیاندە لێقەومانی شارۆچکەکانی سەرپێڵ زەهاو، ئزگڵە، قەسری شیرین و سەلاسی باوەجانی، لێرەدا پوختەی ڕێگری و چۆنییەتی سەردانەکە دەخەینەڕوو.

 

شارۆچکەکانی سەرپێڵ زەهاو، ئزگڵە، قەسری شیرین و سەلاسی باوەجانی، کە سەربە پارێزگای کرماشانن، لە ١٢ی ئەم مانگەدا ڕووبەڕووی کارەساتێکی سروشتی بوونەوەو بەهۆیەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداو دەیان هەزارکەس برینداربوون و سەتان هەزاریش ئاوارەبوون.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، بەهەموو شێوەیەک کاری میدیاکان سنووردارو قەدەغە کراون، بەشێوەیەک لە کاتی ڕووماڵی هەر بابەتێکدا دەوڵەت پێت بزانێت ڕۆژنامەنووس قورسترین سزا دەدات و توشی دەیان لێکۆڵینەوەو هەڕەشە دەبێت تا ڕادەی مردن مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەبێت، وەک ئەرکێکی پیشەیی ڕۆژنامەنووسیانە، ڕۆژنیوز توانی بە زەحمەتییەکی زۆر خۆی بگەیەنێتە ناوچە کارەساتبارەکان.

 

بۆ گەیەشتن بە ناوچە کارەساتبارەکان، پێویستە سەرەتا بچیتە ناوەندی شاری کرماشان، لەسەرەتادا تیمەکەمان چوینە ناوەندی کرماشان، پاشان بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێکەوتین، لە ئیسلام ئاباد سوپای پاسداران ڕێگرییان دەکرد لە زۆرینەی خەڵک، بەتایبەت ئەو کەسانەشی کۆمەکیان هێنابوو، ئەوەی ڕێگای پێدەدرا لە ئیسلام ئابادەوە بچێتە سەرپێڵ زەهاو تەنها ئەو کەسانەبوو کە سەربە حکومەتی ئێرانن، بەتایبتەتتر کەسانی نزیک لە سوپای پاسداران.

(کرماشان)

بۆئەوەی هەمووان خۆیان بگەیەننە ناوچە کارەساتبارەکان، بەتایبەت ئەو هەزاران ئۆتۆمبێلەی کە هاوکارییان لە تەواوی پارێزگا جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان و ئێرانەوە هێنابوو، دەبوو ڕێگای جیاواز بدۆزرێتەوە، ئەوەبوو سوپای پاسداران وەک سوکایەتییەک بە مرۆڤ دۆستان، دەرفەتی ئەوەیاندا خەڵک لە گیلانی غەربەوە بچێتە ناوچە کارەساتبارەکان.

 

بۆگەیشتن بە ناوچەکان، تیمەکەی ڕۆژنیوز لە ئیسلام ئابادەوە بەرەو گیلانی غەرب بەڕێکەوت، ئەگەرچی مەودای ڕێگاکە زۆریش دوور نەبووبێت، بەڵام بەهۆی زۆری ئۆتۆمبێلەوە دوای نزیکەی شەش کاتژمێر توانیمان بگەینە ناوچە کارەساتبارەکان.

(گیلان غەرب)

 

لەگەڵ ئەوەی دەچیتە شارۆچکەی سەرپێڵ زەهاوەوە، کە بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە قورسترین و کارەساتبارترین ناوچەیە، دەبینیت هاوڵاتیان هەموو لە سەر شەقامەکانن، هەر ئۆتۆمبێلێکی هاوکاری دەگاتە شارەکە، تەواوی هاوڵاتیان لەدەوری کۆدەبنەوەو دەستەکانیان بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان بەرزدەکەنەوە، کە هەندێک جار لەکاتی وەرگرتنی هاوکارییەکاندا سوپای پاسداران سوکایەتییەکی زۆر بە لێقەومان دەکەن.

(سەرپێڵ زەهاو)

لەناو سەرپێڵ زەهاودا، هێندەی ژمارەی قوربانییەکان ئەندامانی سوپای ئێران و سوپای پاسداران هەبوو، بۆ ئێمەی ڕۆژنامەنووس ڕووماڵکردن بەشێوەیەک ترسناک بووە، کە ڕەنگە بەئاشکرابوونمان ژیانمان بکەوتایەتە مەترسییەوە، سەرەڕای ئەوەش ئێمە توانیمان دەنگ و نەهامەتییەکانی گەلی کورد لەو ناوچەیە بگەیە ڕای گشتی، کە لەئێستادا پێویستییەکی زۆریان بە پێدواویستییە سەرەتاییەکانی ژیانە.

 

(سەرپێڵ زەهاو)

پاش سەرپێڵ زەهاو گەشتینە شارۆچکەی قەسری شیرین، ئەگەرچی لەو شارۆچکەیەدا کەمترین خانووە ڕووخاوەو کەوتووە، بەڵام وەک خۆیان بۆ ئێمە دەدوان، خانووەکان تەنها لە ڕووەوە بەپێوەماون و لە ناوەوە شیاوی ئەوەنین مرۆڤ تێیدا بژین.

 

هاوڵاتیان قەسری شرین بەشێوەیەکی زۆر توند لە دەسەڵاتی ئێران توڕەبوون و دیانوت کە هیچ وەک پێویست بەدەم خەڵکەوە نایەن، تەنانەت لە چەندین شوێندا زیاتر لە خێزانێک لە چادرێکی بچوکدا دەژیان.

 

(قەسری شیرین)

یەکێکیتر لە گرفتەکانی ئەو شارۆچکەیە نەبوونی ئاوی پاک بوو، بەشێوەیەک ماوەیەی دوو ڕۆژ ئێمە لەو ناوچەیە ماینەوە تەنانەت چایەکی خواردنەوەیش بەدەست نەدەکەوت، ئەوەش بەهۆی بومەلەرزەکەوەبوو، کە تۆڕی ئاوی تێکدابوو، هەرچەند دوای هەشت ڕۆژ تۆڕەکە چاککرابوویەوە، بەڵام تێکەڵبوو بە خۆڵ و پیسی و شیاوی بەکارهێنان نەبوو.

 

پاش قەسری شیرین ئێمە سەردانی چەند گوندێکی سنوورەکەمان کرد، لەو گوندانە زۆرینە خانووەکان خاپوور ببون و لەگەڵ زەوییەکەدا تەخت ببوون، ئەوان بەهۆی کارەساتەکەوە نەیان دەزانی چەند قوربانییان هەیە، بەڵام وەک باسیشیان لێوەدەکرد کە کەم ماڵ هەیە قوربانی گیانی نەدابێت.

 

(گوندەێکی زیان بەرکەوتوو)

هاوڵاتیانی گوندەکان زۆرینەیان دەیانوت، ئێمە سوننە مەزهەب و هەندێکمان یارسانین، ئەگەر دەوڵەت کەمتەرخی بۆ ناوچەکانیتر کردبێت لە هاوکاریدا، بۆ ئێمە هەر ئاوڕیشی لێ نەداوینەتەوە، بەشێوەیەک ئەگەر کۆمەکی گەلی کورد و مرۆڤ دۆستانی ئێرانی نەبووایە، ئەوەش زیندوو دەرچووە ژیانی لەدەست دەدا.

 

پاش گوندەکان، خۆمان گەیاندە شارۆچکەی ئزگڵە، ئەم شارۆچکەیە بە سەنتەری بومەلەرزەکەدا دەستنیشان کرابوو، هاوڵاتیان بەتەواویی ماڵەکانیان جێهێشتووەو لە شەقامەکان و لەسەرمایەکی توندا ژیان دەکەن، چونکە چەندین خانوو ڕووخاوەو ئەوانەشی نەرووخاون شیاوی ژیان نین، هەربۆیە بۆ پاراستنی ژیانیان ڕوویان کردووەتە کوچەوکۆڵانەکان و لە چادردا دەژین.

 

(ئزگڵە)

دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیەش نیگەران بوون لە کەمتەرخەمییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران و دەیانوت، ئەو کۆمەکانەشی مرۆڤ دۆستان دەینێرن سوپای پاسداران بەشێکی زۆری دەدزن و بەیەکسانیش بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی ناکەن.

 

دواین شارۆچکە ئێمە سەردانمان کرد، شارۆچکەی سەلاسی باوەجانی بوو، ئەو شارۆچکەیە زۆرینەی خانووەکانی ڕووخابوون، یان بەشێکی زۆری خانووەکان ڕووخابوون و بەشێکی مابوویەوە، بەوشێوەیەش بەهیچ شێوەیەک بۆ ژیانکردن تێیدا نەدەگونجا.

 

 

هاوڵاتیانی سەلاس و باوەجانی-ش ڕەخنەی توندیان لە سوپای پاسداران هەبوو، ئەوان دەیانوت هیچ هاوکارییەک بەیەکسانی دابش ناکرێت، جەختیان لەوەش دەکردەوە:"سەلاسی باوەجانی کەمترین هاوکاری پێگەیشتووە".

 

ئەوەی ئێمە لە ناوچە کارەساتبارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدیمان کرد، ئەوەیە کە هاوڵاتیان لە لێواری مەرگدا دەژین، ژنان و منداڵان لەسەختترین ژیاندا دەژین، هەمیشە چاوەکان لەسەر شەقامەکانن، بۆ ئەوەی کە هاوکاری مرۆڤ دۆستان گەیشت بەزووی پێی بگەن.

 

 

ئەوان لەخەمی باران باریندابوون و دەیانووت "یەک باران ببارێت چادرەکانمان پڕ دەبێت لەئاو و منداڵەکانمان دەفەوتێن!"

 

لەگەڵ ئەو ژیانە سەختەیاندا، هاوڵاتیانی زیان لێکەوتوو، هەمێشە هاوکاری هاوڵاتیانیان بەرز دەنرخاند و دەیانووت "ئێمە لە داهاتوودا نازانین چۆن قەرەبووی ئەو هەموو دڵسۆزییەی گەلەکەمان و گەلانی ئێران بکەینەوە".

 

لەسەر کەمپەینەکانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان، هاوڵاتیان بەهۆی نەبوونی ڕاگەیاندنەکان و تەلەفزیۆنەکانەوە ئاگادارییەکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام دڵخۆشیش بوون و دەیانووت:"ئێمە دەزانین کوردانی هەموو پارچەکان، کوردان لە هەرکوێبن لە خەمی ئێمەدان و هاوکارییمان بۆ کۆدەکەنەوە، بەڵام کەی دەگات و چۆن دەگات ئەوەیان ئاگامان لێی نییە!".

 

ئەوەی سەرەنج راکێشبوو بۆ ئێمەی ڕۆژنامەنووس، گیانی مرۆڤ دۆستانەی گەلی کورد و گەلانی ئێران بوو، بەشێوەیەک لەهەموو پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە هێندە ئۆتۆمبێل بەڕێککەوتبوو، کە شەقامەکانی قەرەباڵغ کردبوو، بەڵام لەئاست ئەو وێرانکارییەی ئێمە بینیمان و ڕووماڵمان کرد، هێشتا کەمە و ناتوانێت ژیانی ئەوان لەم وەرزەدا ڕزگار بکات.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin