Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەشێک لە حزبەکان هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم بە هەڵوێستێکی سیاسی دەزانن

2017-11-21 10:01:40



ڕۆژنیوز – ڕێباز سه‌باح

 

به‌شێک له‌ لێپرسراوه‌ حزبیه‌کانى شاره‌دێى ته‌قته‌ق پێیانوایه‌، ڕازیبوون بە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ریفراندۆم بە هه‌ڵوێستێکى سیاسى دەزانن وه‌ک له‌وه‌ى یاسایى بێت، دەشڵین: دەبێت میلـلەت خۆی هەڵیبوەشێنێتەوە نەک تاکە حزبێک.

 

دوێنێ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم، بەرپرسانی حزبەکانیش لە شارەدێی تەقتەق هەڵوێستی خۆیان لەسەر قبوڵکردن و نەکردنی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە دەخەنەڕوو.

 

عوسمان ئه‌نوه‌ر، لێپرسراوى کۆمیته‌ى ته‌قته‌قى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان بۆ رۆژنیوز، وتى:"دیاره‌ قبوڵکردنى بڕیارى دادگاى فیدراڵى خۆی له‌خۆیدا به‌ماناى جۆرێک له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ریفراندۆم دێت له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستورى عێراقیدا هاتووه‌ که‌ هیچ یه‌کێک له‌ هه‌رێمه‌کان نابێت هه‌نگاوى وا بنێت که‌ ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌ر یه‌ک پارچه‌یى خاکى عێراق، جگه‌ له‌وه‌ى له‌ پێشو بڕیارى هه‌ڵپه‌ساردنى درا، وه‌ ئه‌م بڕیاره‌شیان زیاتر جەختکردنه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌.

 

 

عوسمان ئه‌نوه‌ر، وتیشى:"ئه‌م بڕیاره‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ڵوێستێکى سیاسى بێت وه‌ک له‌وه‌ى یاسایى بێت، چونکه‌ له‌ ڕووى یاساییه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆمه‌ جارێکى تر بخرێته‌وه‌ به‌رده‌مى میلـله‌ت، وه‌ میلـله‌ت بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بدات نه‌ک سه‌رکردایه‌تى لایه‌نێک له‌خۆیه‌وه‌ بریارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌نجامه‌ بدات.

 

هەروەها، دلێر خالید به‌رپرسى ناوچه‌ى ته‌قته‌قى یه‌کگرتوى ئیسلامى کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت:"قبوڵکردنى ئه‌م بڕیاره‌ى دادگاى فیدراڵى ته‌نه‌زول و پابه‌ندبوونى هه‌رێمى کوردستانه‌ له‌و بڕیاره‌ى که‌ هه‌یبووه‌، وه‌ ده‌توانرێت بوترێت کاتى ریفراندۆمه‌که‌ کاتێکى باش نه‌بووه‌، ده‌بوایە زیاتر خوێندنەوەی کاتى ئه‌و بڕیاردانه‌ بکرایە.

 

 

له‌سه‌ر پابه‌ند بوونى هه‌رێم به‌ یه‌ک پارچه‌یى خاکى عێراقه‌وه‌ دلێر خالید، وتی:"وا هه‌ستکرا هه‌رێمى کوردستان له‌م دواییه‌ گه‌له‌کۆمه‌یه‌کى لێکرا به‌ تایبه‌ت وڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوان ده‌کرا له‌ وڵاتانى دونیا ئه‌وه‌ نه‌هاته‌دى شتێکى تر بوو، هه‌رێمى کوردستان پێى وابوو پشتیوانیه‌کانى زیاتره‌ له‌وه‌ى ئێستا که‌ ده‌رکه‌وت، به‌ڵام ده‌رکه‌وت هه‌رێمى کوردستان پشتیوانى و پشتگیریه‌کى زۆرى نییه‌، دیبلۆماسییه‌تى هه‌رێم به‌هێز نه‌بووه‌، هه‌رێمى کوردستان نه‌یتوانى قه‌ناعه‌تێکى جدی لاى ده‌وڵه‌تان دروستبکات، بۆیه‌ ناچاربوو ئه‌و بڕیاره‌ قبوڵ بکات.

 

ئاسۆ عوبێد لێپرسراوى بازنه‌ى ته‌قته‌قى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان-یش بە ڕۆژنیوزى وت:"به‌هۆى فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و ناهۆشیارى به‌رپرسانى هه‌رێم و نه‌گونجاوى کاتى هه‌ڵبژاردنى ریفراندۆم له‌م کات و ساته‌دا، وایکرد که‌ حکومه‌تى هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ یه‌کێتى خاکى عێراقه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوەشى عه‌بادى، که‌ به‌ دوژمنى هاونیشتیمانیانى داده‌نێن و خۆشیان رێککه‌وتنى ژێربه‌ژێرى له‌گه‌ڵ واژۆ ده‌که‌ن له‌ پێناو چه‌ند ده‌ستکه‌وتێکى حزبى و بنه‌ماڵه‌یى.

 

 

ئاسۆ، وتیشى:"له‌م دۆخه‌ى ئێستا هه‌رچى زوو پێویسته‌ حکومه‌تێکى نیشتیمانى دابمه‌زرێت بۆ ده‌ربازبوونى هاونیشتیمانیان له‌م بارودۆخه‌، وه‌ بکه‌رانى ریفراندۆم راپێچى به‌رده‌م دادگا بکرێن، چونکه‌ مه‌سعود بارزانى و ڕه‌دوو که‌وتوەکانى وتیان ئه‌نجامى خراپى ریفراندۆم ده‌گرینه‌ ئه‌ستۆ".

 

لێپرسراوى بازنه‌ى ته‌قته‌قى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وتیشى:"پێویسته‌ هاونیشتیمانیان داواى ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ هێزى چه‌کدار له‌ هێزى حزبى میلیشیایى و بنه‌ماڵه‌یى و که‌سى بسه‌ندرێته‌وه‌ و بکرێته‌ هێزێکى نیشتیمانى که‌ له‌م کاته‌دا نزیکی ٥٠% خاکى کوردستان له‌ ده‌ست دراوه‌ له‌ پێناو خۆسه‌پێنى و له‌ پێناو که‌له‌ ڕه‌قى شه‌خسێک و چه‌ند ڕه‌دوو که‌وتوویه‌کى، که‌ گوێیان له‌ وڵاتانى زلهێز و هاونیشتیمانیان نه‌گرت و ئه‌م ماڵوێرانی و مه‌رگه‌ساته‌ یان به‌سه‌ر خه‌ڵک هێنا، بۆیه‌ کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ ده‌سه‌ڵاتیان لێبسه‌ندرێته‌وه‌ راده‌ستى خه‌ڵکێکى پاک بکرێت و بتوانێت مافى هه‌موو هاونیشتیمانیان به‌ یه‌کسانى وه‌ربگرێت".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin