Smiley face
Smiley face
Smiley face

"ڕازیبوونی هەرێم بەبڕیاری دادگای فیدراڵیی شكست و هەڵوەشانەوەی ڕیفراندۆمە"

2017-11-21 08:19:45



ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی

 

چالاكوانێك دەڵێت گەل هیچ كات بڕیاری لەسەر ڕیفراندۆم نەداوە تاوەكو ئێستاش بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بدات، چالاكوانێكی تریش دەڵێت:یەكێتی و پارتی ئاواتی سەربەخۆیی گەلیان لەناوبرد و ڕیفراندۆمیان بۆ مەرامی سیاسی و حزبی خۆیان بەكارهێنا.

 

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم و دەرەنجامەکانی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق، و ڕازیبوونی حکومەتی هەرێم بەو بڕیارەوە، کاردانەوەی جیاوازی لەلایەن چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتوەوە.

 

چالاكوانێكی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەڵەبجە، بەناوی عەدنان نوری، بە ڕۆژنیوزی وت:"قبوڵكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ پاراستنی یەكێتی خاكی عێراق لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، جۆرێكە لە تەسلیمبوون و پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری ڕیفراندۆم، ئیتر لەژێر ناوی ڕێزگرتن لەبڕیاری دادگا یاخود سڕكردن كە نیشاندەری پاشەكشێی حكومەتی هەرێمە لەو بڕیارانەی كەپێشتر بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دابوی".

 

 

عەدنان، وتیشی:"گەل هیچ كات بڕیاری لەسەر ڕیفراندۆم نەداوە تاوەكو ئێستاش بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بدات، چونكە هیچ پرسێك بەگەل نەكراوە بۆ دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، چونكە ئەوە بڕیارێكی سیاسی بوو لەلایەن چەند كەس و حزبێكی دیاریكراو كە پێشتر ڕێككەوتن كراوە بۆ گەڕانەوەی هەرێم بۆ ناوچەكانی پێش ساڵی 2003، ئەویش لەڕێگەی ڕیفراندۆم كە ببێتە كارتی دەستی حكومەتی ناوەند بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ناوچە جێناكۆكەكان".

 

عەدنان ئاماژەی بەوەش كرد:حكومەتی هەرێم ملكەچ بووە بەوەی كە یەكپارچەیی خاكی عێراق بپارێزێت، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی دەستوری عێراقی كە كاتی خۆی سەركردەكانی كورد لەناوەند دەنگیان لەسەر داوە.

 

چالاكوانێكی تری كۆمەڵگەی مەدەنی بەناوی شیلان سدیق، لەسەر هەمان مژار بۆ ڕۆژنیوز وتی:"سەربەخۆیی ئاواتی هەمو تاكێكی كوردە، لەدەنگدانم بە بەڵێ‌ پەشیمان نیم، بەداخەوە یەكێتی و پارتی ئەو ئاواتەی ئێمەیان بردە ژێر گڵ و كردیانە یاری دەستی خۆیان بۆ مەرامە حزبی و شەخسییەكانی خۆیان و ئەمەش خیانەت و فرۆشتنی گەلی كوردە".

 

 

شیلان، وتیشی:"سیاسەتە هەڵەكانی حكومەتی هەرێم بەرامبەر بەحكومەتی ناوەندیی كە ماوەی زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە یەكێتی و پارتی داهاتی ئەم گەلە نیوبەنیو لەنێوان خۆیان دابەش دەكەن و بارودۆخمان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت، بۆیە ئێستا ناچار بوون دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ژێر هەیمەنەی حكومەتی عێراقی لەچوارچێوەی دەستور، هاوکات یەكپارچەیی خاكی عێراقیش قەبوڵ بكەن".

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin