ڕۆژنیوز – سۆران محەمەد
حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک داوای کشانەی هێزی سەربازیی و دیاردەی چەکداریی دەکەن لەناو شاری کەرکوکدا.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەشی پەیوەندییەکانی حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک بە بێ بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق کۆبوونەوە و دوای دوو کاتژمێر لە کۆبوونەوە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا خوێندەوە.
بەختیار سەعید، بەرپرسی پەیوەندیەکانی حزبی شوعی لە کەرکوک ڕاگەیەندراوی حزبە کوردستانییەکان خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: بڕیاردرا کۆبونەوەی دەوری و پەیوەندی حزبە کوردستانییەکان بەردەوامی هەبێت و کاربکەن بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی یەکڕیزیی یەکی حزبە کوردستانییەکان لە زووترین کاتدا.
هەروەها، هاتبوو: داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەین بە شێوەیەک کە بتوانێت پارێزگارێکی نوێ هەڵبژێرێت، وە کۆبوونەوە جەخت دەکاتەوە لە پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: پێویستە هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک سەلامەتی گیان و ماڵی هاوڵاتیان بپارێزن بە بێ جیاوازیی، هەروەها داوای کشانەوەی هێزی سەربازی و دیاردەی چەکداری دەکەین لەناو شاری کەرکوکدا.
ش.ف