Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنان داوای زانیاریی ڕاست دەكەن لەبارەی تەندروستی ئۆجالان-ەوە

2017-10-22 13:00:05



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

بەشێك لە ژنانی باشوری كوردستان، داوای زانیاری ڕاست و دروست دەكەن لەبارەی تەندروستی ئۆجالان-ەوە، هەروەها داوای ئازادكردنیشی دەكەن، دەشڵێن دەوڵەتی توركیا پێویستە بەزووترین كات ڕێگە بدات كە كەسوكار و پارێزەرانی سەردانی ئۆجالان بكەن.

 

لەهەفتەی ڕابردوودا، لەلایەن چەند میدیایەكی نەژادپەرستی توركیاوە، هەواڵی خراپی ڕەوشی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکەوە بڵاو بووەوە و هەندێك لە میدیاكانیش ئاماژەیان بە گیانلەدەستدانی دەكرد، ئێستاش كوردان لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و داوای زانیاریی دروست لەبارەی تەندروستی ئۆجالانەوە دەكەن.

 

شەهێن محەمەد، وەك ژنێكی باشوری كوردستان لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت:"ماوەی 19 ساڵە ڕێبەر ئاپۆ دەستگیر كراوە، لەو ماوەیەدا ناو بەناو گۆشەگیریی توند خراوەتە سەری، لەساڵی 2011 وە بە شێوەیەكی تووند گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە نەیانهێشتووە كەسوكار و پارێزەرەكانی بیبینن، ئێمە وەك ژن داوادەكەین دەوڵەتی توركیا بەزوترین ڕێگەبدات كەسوكار و پارێزەرەكانی بیبینن".

 

 

وتیشی:"ماوەیەكە دەنگۆی گیانلەدەستدانی ڕێبەر ئاپۆ بڵاو بووەتەوە، كاتێك ڕێبەر ئاپۆ دەستگیر كرا، بە سەدان كەس بە ئاگری جەستەیان ئیمڕالییان بۆ ڕێبەر ئاپۆ ڕووناك كردەوە، ئەمڕۆش بە هەزاران كەس لەسەر خەتی فكری ڕێبەر ئاپۆ خەبات دەكەن، بۆیە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەندە بە ئازادی سەدان هەزار ئینسانەوە، بەردەوام دەبین لەسەر چالاكییەكانمان تا ئەوكاتەی زانیاری دروستمان پێدەگات لەسەر تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ".

 

فەتحییە عەلی، وەك دایكێكی كورد هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر ڕێگرییەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ بینی ئۆجالان دەربڕی و بە ڕۆژنیوزی وت:"ئێمە وەك ژن قەرزاری ڕێبەر ئاپۆ-ین، لەبەرئەوەی ئازادی بەخشیوە بە ژن، دەوڵەتی تورك خۆی بە ئیسلام دەزانێت، خۆی وا نیشان دەدات كە دەوڵەتێكی دیموكراتە، بەڵام ناهێڵێت نە كەسوكار و نە پارێزەرەكانی سەردانی ڕێبەر ئاپۆ بكەن، ڕێبەر ئاپۆ تەنها فكرێكی هەیە، كە ئێستا فكرەكانی لە هەموو دونیادا بڵاو بووەتەوە، ئەوەش دەوڵەتی توركی تۆقاندووە".

 

 

وتیشی:" لێرەو وەك ژنان و كەسوكاری شەهیدان و وەك هەموو كوردیكی دڵسۆز داوا دەكەین بە زووترین كات زانیاری دروستمان پێبگات لەبارەی تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ-وە، داوادەكەین كە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بكرێت".

 

لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) له‌ گه‌له‌کۆمه‌یه‌کى نێوده‌وڵه‌تیدا ڕفێندرا و ڕاده‌ستى ده‌وڵه‌تى تورکیا کرایه‌وه‌، لەو کاتەوە هەتا ئێستا له‌ زیندانێکى تاکه‌که‌سى له‌ دورگه‌ى ئیمراڵى زیندانیکراوە.


لە ٥/٤/ ٢٠١٥-شەوە دەوڵەتی تورک گۆشەگیریی خستووتە سەر ئۆجالان و لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار و لە ١١/٩/٢٠١٦ محەمەد ئۆجالان-ی برای سەردانی ئیمراڵی کردووە و چاوی پێیکەوتووە، لە دوای ئەو سەردانەشەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر رەوشی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نییە و هیچ پەیامێکی ئۆجالان نەگەشتووەتە دەرەوەی زیندان.

 

لە ڕۆژی ٢٧ی تەموزی ساڵی ٢٠١١وە بۆ ئێستا قەدەغەکراوە لە پارێزەرەکانی ئۆجالان کە چاویان پێی بکەوێت و ئەو پارێزەرانەش لە کاتەوە بۆ ئێستا نزیکەی ٧٠٠ جار بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چاوپێکەوتن سەردانی دادگای بورسایان کردووە.

 

جێگای ئاماژەیە، هەموو ئەو جارانە بەهانەی وەک "کەشتی خراپە" یان "دۆخی نائاسایی" داواکاریی پارێزەرەکان بۆ بینینی ئۆجالان ڕەتکراوەتەوە.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin