Smiley face
Smiley face
Smiley face

حکومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دانووستان لەگەڵ بەغدا

2017-10-21 08:47:11



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دانووستان لەگەڵ بەغدا و ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ هێزە عێراقییەکان لەسەر پێشنیاری وەرزاەتی دەرەوەی ئەمریکا.

 

درەنگانی شەوی ڕابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ دانووستان لەگەڵ بەغدا و ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان.

 

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی هەینی 20/10/2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەیاننامەیەكی بە ناوی حكوومەتی ئەمەریكاوه‌ لەبارەی بارودۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان و گرژی و پێكدادانەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە پردێ بڵاو كردووەتەوە و تیایدا بەمەبەستی ڕاگرتنی گرژییەكان كە چەند ڕۆژی ڕابردوو  لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقیدا ڕووی داوە، هانی هەردوولا دەدات بكەونە گفتوگۆ.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە: حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات، هەروەها پێشوازی لە دەستبەجێ ڕاگرتنی گرژی و پێكدادانەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكات و ڕەزامەندیشە كە ڕاگرتنی شەڕ و گرژی بە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هێزی هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان پێشوازی لە دەستپێكردنی دانوساندن لەگەڵ بەغدا دەكات بە زووترین كات و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی و بەبێ هیچ پێشمەرجێك.

 

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، لە هێرشێکدا چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق، لە ماوەی بیستوچوار کاتژمێردا دەستی گرت بەسەر هەموو ناوچە کێشە لەسەرەکان کە لە دوای ئابی ٢٠١٤ لەلایەن هێزی پێشمەرگە ئازاد کرابوو، پێشمەرگەش لە هەموو ئەو ناوچانە پاشەکشێی کرد، دوێنێش لە شارەدێی پردێی نێوان هەولێر و کەرکوک شەڕێکی سەخت ڕوویدا و تێیدا چەندین ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی تێکشکا و ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبیش کوژران.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin