Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنێکی کورد ماوەی ١١ ساڵە شیکاریی بۆ یارییەکانی تۆپی پێ دەکات

2017-10-11 14:35:40



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار 

 

ژنێکی کورد ماوەی ١١ ساڵە شیکاریى بۆ یارییەکانی تۆپی پێ دەکات و سەرەڕای فەرامۆشکردنی لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە لە شیکارییکردن بەردەوامە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکاتەوە.

 

ئەڤین ئەحمەدی ٣٦ ساڵ لە شارۆچکەی خانەقین لەدایکبووە و نیشتەجێی شاری سلیمانی-یە، لە ساڵی ٢٠٠٧ کۆلێژى پەروەردەى وەرزشی زانکۆی سلێمانى تەواو کردووە، لەساڵی ٢٠٠٦، کە لە دوا قۆناغی خوێندن-دا بووە دەستى بەکاری شیکاریی کردووە بۆ یارییەکانى تۆپی پێ، لە ئێستاشدا مامۆستای وەرزشە لە ئامادەیی برادۆستى کچان لە شاری سلێمانى. 

 

 

ئەڤین ئەحمەد، لەبارەی شیکاریی یاری تۆپی پێ-وە لەلایەن ژنانەوە بە ڕۆژنیوزی وت: و پێم وایە شیکردنه‌وه‌ بۆ یارییه‌کانى تۆپى پێ، کارێکى ئه‌وه‌نده‌ قورس نییە، که‌ ژنان خۆیانى لێ به‌دوور بگرن و لێى به‌ده‌ربن، چونکه‌ ئه‌م بواره‌ش بوارێکى زانستییه‌ و ده‌شێت به ‌خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن به‌زانیاریى دروست ژنانیش بتوانن تێیدا به‌شداربن.

 

 

ئەڤین ئەحمەد

 

ئەڤین ئەحمەد، هۆکاری دەرنەکەوتنی ژنان لەو بوارەدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕێگرییەکانی خێزان و کۆمەڵگا، وە گرنگیی نەدان بەو ژنانەی کە توانای شیکارییان هەیە.

 

یەکەم یاری، کە ئەڤین شیکاریی بۆ کردبێت له‌مۆندیالى ساڵی ٢٠٠٦ یاری نێوان ئەڵمانیا و ئەرجەنتین بووە و هەتا ئێستا بەردەوامە لە شیکاریی، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات، بەهۆی فەرامۆشکردنی ژنان لەلایەن راگەیاندنەکانەوە، کەمتر لە شاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە دەردەکەوێت و زیاتر لە تۆڕ کۆمەڵایەتییەکان شیکارییەکان بڵاودەکاتەوە.

 

 

ئەڤین بە پێویستی دەزانێت که‌ناڵه‌ وه‌رزشییه‌ ناوخۆییه‌کان و ئاسمانیەکان هەل بڕەخسێنن بۆ ئەو ژنانەی، کە توانایان هەیە ئەم کارەبکەن و جیاوازیى نەکەن لەنێوان پیاو و ژندا، وتیشی:پێویستە ئیداره‌ى که‌ناڵه‌ وه‌رزشییه‌ ناوخۆییه‌کان ئەو یارییانە پەخش بکەن، کە ژنان شیکارییان بۆ دەکەن لەجیهاندا، بۆ ئەوەى ژنانی کوردیش چاو لەوان بکەن و زیاتر بێنە نێو بوارەکەوە.

 

 

 

ش.ف


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin