Smiley face
Smiley face
Smiley face

قەرەیلان: تورکیا هێرش بکاتە سەر باشور پەکەکە بەرگریی دەکات

2017-10-02 15:45:15



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، ڕایگەیاند، کە ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر خاکی باشور پەکەکە تەماشاکار نابێت و بەرگریی دەکات، بە نیچیرڤان بارزانی-ش دەڵێت: شەرمە، تورکیا هەڕەشەت لێبکات و تۆ لێی بپاڕێیتەوە، نابێت مرۆڤ بەم شێوەیە تەنەزول بکات و خۆی بچوک بکاتەوە.

 

شەوی ڕابردوو، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، لە چاوپێکەتنێکی ڕادیۆی دەنگی وڵات-دا لەبارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی باشوری کوردستانەوە قسەیکرد.

 

قەرەیلان، وتی: پاش ڕیفراندۆمەکەی باشوری کوردستان دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەموو شێوەیەک هەڕەشە لە باشوری کوردستان دەکات، ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرش، ماوەی دوو هەفتەیە کە لە سلۆپی ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات، ئەو ئۆپەراسیۆنەش بە هاوکاریی و هەماهەنگی سوپای عێراق ئەنجام دەدات.

 

وتیشی: ڕۆژی ٢٧ مانگ لە دەوروبەری چیای گۆڤەند لە گوندی عادل بەگ ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، ئەو هێڵە دەکەوێتە سەر سنووری باشوری کوردستان، گوندی عادل بەگ سەربە سیروانە، واتە سەربە دەڤەری بارزانە، لەوێش ئۆپەراسیۆنێک لە شێوەی ئەوەی سلۆپی دەکات، لە سلۆپییەوە نەیانتوانی هیچ خاڵێکی سنووری تێپەڕ بکەن، بەڵام لە عادل بەگ لە چەند شوێنێکەوە سنووریان بەزاند، ئەڵبەتە ڕووبەڕووی وەڵامی گەریلاکانمان بوونەوە، ئێستا لەوێ شەڕە و شەڕەکەش هەتاکو ئێستا بەردەوامە.

 

قەرەیلان، وتیشی: سوپای تورک بەنیازن زەبرمان لێدەن، هەم زەبر لە ئێمەدەن و هەم هەڕەشە لە بەڕێوەبەرایەتی باشوری کوردستان بکەن، بەتایبەتی دەڤەری بارزان شوێنێکی زۆر تایبەتە، دەیانەوێت بڵێن"سەیرکەن ئێمە لە سەر سەرتانین"، هەموو ئەو هەڕەشانەش بۆ ئەوەیە بڵێن، خۆتان ڕادەست بکەن، دەیانەوێت بڵێن دەستبەرداری ئەو ڕیفراندۆمە بن و تەنیا ڕێگای بەردەمتان ئەوەیە خۆتابن ڕادەست بکەن، ئەو ئۆپەراسیۆنە بەو مەبەستە ئەنجام دەدەن، گەریلاکان لە بەرامبەردا وەڵامی پێویستییان داونەتەوە، ئێستاش شەڕ بەردەوامە.

 

موراد قەرەیلان، لە بەردەوامیدا وتی: ئێمە وەک سیاسەتمەدارانی کوردستان لەناو خۆماندا پرسەکان تاوتوێ دەکەین و گوفتوگۆ دەکەین، ئێمە وەک گەلی کورد لە ناوخۆدا یان دەڵێین کاتی ڕیفراندۆمەکە هاتبوو یان ئەوەی دەڵێین ئێستا کاتی نەبوو، ئایا ڕیفراندۆم چارەسەرییە یان نا، بەم شێوەیە ڕەخنە لە یەکدی دەگرین و لەناو خۆمان پرسەکانمان تاوتوێ دەکەین، ئەوە کێشەیەکی ناوخۆییە، ئێستا هەڕەشە و هێرش دەکرێتە سەر کوردستان، ڕیفراندۆم مافی هەموو گەلانە، گەلی کوردیش مافی ئەوەی هەیە کە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بەڵام هەندێک دەڵێن:"ئێوەی کورد چۆن ئەو کارە دەکەن"، بەم شێوەیە لەبارەی باشوری کوردستانەوە قسەدەکەن، لەم نێوانەدا حکومەتی تورک زیاتر لە هەمووان قسەدەکات، ئێران و عێراق ئەوەندەی تورکیا هەڵوێستی وشکیان نەبوو، تورکەکان ئەوانیان هاندا، چوونە تاران و کۆبوونەوە لەگەڵیان، بە تەلەفۆن پەیوەندیان بە عەبادییەوە کرد، تورکەکان هەموو جۆرە سەرکەشییەکیان کرد، وەک بڵێی هەولێر و کەرکوک هی ئەوانە و لە چنگی ئەوان دەرهێنراوە، ئەوان بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەن.

 

ناوبراو، وتیشی: ئێمە پێشتر هۆشدارییمان دایە بەڕێوەبەرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕێککەوتنی ئاکەپە و مەهەپە و پێمان وتن کە ئێوە باشیان ناناسن، پێمان وتن، ئێوە ئەوەندەی ئێمە ئەردۆغان و ئاکەپە ناناسن، وتمان دەیانەوێت بکەونە نێوانمانەوە و پەیوەندیمان خراپ بکەن، ئەوان خۆیان وەک دۆست پیشان دەدەن، بەڵام لە ڕستیدا وا نییە، بەڕواڵەت دەڵێن تەنیا دژایەتیی پەکەکە دەکەن، بەڵام دژایەتیی ئەوان لەگەڵ هەموو گەلی کوردە، هۆشداریمان دا کە ئەو ڕێککەوتنە بەنیازە هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببات، من بۆخۆم دوو جار ئەوەم بە بەرێز مەسعود بارزانی وت، بەڵام گوێیان نەدایە، پێیان وابوو لەبەر ئەوەی پەکەکە دژی حکومەتی تورکیایە ئەو قسانە دەکات.

 

قەرەیلان، وتیشی: ئێمە وامان وت، چونکە سیاسەتی حکومەتی تورک لە نزیکەوە دەبینین و دەینرخێنین، ساڵی ٢٠١٥ ئاکەپە کۆتایی بە ئاگربەست هێنا، تێگەیشتین کە چووینەتە ناو قۆناغێکی نوێوە، ئەوەش نەک لەبەرامبەر پەکەکە بەڵکو لە بەرامبەر هەموو گەلی کورددا بوو، ٥ی نیسانی ٢٠١٥ کاتێک شاندی ئیمرالی چوونە لای ڕێبەر ئاپۆ، بۆخۆی وتی، کە ئەمە دوایین چاوپێکەوتنمانە، تەنانەت ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەگەر هەیە ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە.

 

هەرەوەها، وتی: گەلی کورد لە باشوری کوردستان ئەوە بزانن، کە ئەگەر دەوڵەتی تورک هێرش بکاتە سەر باشوری کوردستان پەکەکە دانانیشێت سەیر بکات، ئێمە وەک هێزەکانی بەرگریی ئاپۆ، بەرگریی لە هەموو کوردستان دەکەین، ئێمە بەرگریی لە گەلەکەمان و دەستکەوتەکانی دەکەین، ئەوە ڕێگای ڕاستەقینەی یەکێتی نەتەوەییە، چ لە باشور چ لە هەر شوێنێکی دیکە دەبێت کێشە ناوخۆییەکانمان لە ناو خۆماندا چارەسەربکەین، هەروەها پێویستە ستراتژییەکی هاوبەشمان هەبێت، پێویستە کوردستان ستراتژیی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەگەر دەمانەوێت لەم دۆخەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سوودێک بە گەلەکەمان بگات دەبێت بەم شێوەیە بجوڵێینەوە، هەموو سیاسەتمەدارەکانی کوردستان دەبێت ڕاستییە نەتەوەییەکان لە ئەولەوییەتدا دانێین، ئەگەر ئێمەی کورد یەک بگرین دوژمن پاشەکشە دەکات.

 

لەکۆتاییدا وتی: نێچیرڤان وا قسەدەکات دەڵێی دەپاڕێتەوە لە تورکەکان، بۆ نموونە دەڵێت"ئێمە تا ئێستا هیچ زیانێکمان بۆ ئێوە نەبووە، ئێستاش هیچ مەترسییەکمان نییە"، باشە کابرا دارەکەی بە دەستەوە گرتووە و لە سەر سەرت ڕایگرتووە و ئامادەیە بیکێشێت بە سەرتدا! تۆ چۆن دەبێت ئاوا قسە بکەی و بپاڕێیتەوە، شەرمە، واتە کەسێک بەو شێوەیە هەڕەشەت لێبکات و تۆ لێی بپاڕێیتەوە، نابێت مرۆڤ بەم شێوەیە تەنازول بکات و خۆی بچوک بکاتەوە.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا، موراد قەرەیلان، وتی: گەلی کورد ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، نابێت بە هەڕەشەیە ئاوا تەنگمان پێ هەڵچنرێت و تەنازول بکەین، تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین بەرگریی لە گەلەکەمان بکەین، ئەوە مافی ڕەوای گەلی کوردە، کە لەسەر خاکی خۆی سەربەخۆ بژی، مادام هەنگاوێکی وا نراوە، پێویستە ئامادەبین لە بەرامبەر باجەکانیشیدا و لە بەرامبەر هێرشەکاندا هەڵوێستی پێویست بگرین.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin