Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنێک لە شارەدێی ڕزگاری سووتا

2017-09-21 20:42:20



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار

 

لە شارەدێی ڕزگاری ژنێک سووتا و بەهۆی بەرزی ڕێژەى سووتاوییەکەی ڕەوانەى نەخۆشخانەى ئیمیرجنسی سلێمانى کرا.

 

ئێوارەى ئەمڕۆ، لەشارەدێی ڕزگاری سەر بەشارۆچکەى کەلاری ناوەندی ئیدارەى گەرمیان، ژنێک لەکاتى کردنەوەى ئاگردا، ئاگردەگرێت و ڕێژەیەکى زۆری جەستەى دەسووتێت.

 

لەمیعە محەمەد، عەقیدى یاسایی و بەڕێوەبەرى بەڕیوەبەرایەتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز وتى: لە شارەدێی ڕزگاری، ژنێک بە هۆی ئاگرەوە سووتاوە، بە پێی پشکنینە پزیشکییەکانى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى شەهید هەژار لە شارۆچکەى کەلار، ٨٠ بۆ ٨٥% جەستەى سووتاوە و بەهۆی بەرزی ڕێژەى سووتاوییەکەى ڕەوانەى نەخۆشخانەى ئیمیرجینسی سلێمانى کراوە بە مەبەستى چارەسەر، تا ئێستا من لێدوانتان بۆ دەدەم ژنەکە لە ژیاندا ماوە.

 

 

لەمیعە محەمەد وتیشی : بە پێی وتەى ژنەکە خۆی کە لە نەخۆشخانە لێی وەرگیراوە، لە سەربانى ماڵەوەیان، ویستویانە ئاگر ئامادەبکەن بۆ خوانى ئێوارە، لە خوارەوە کراسەکەى ئاگری گرتووە و سوتاوە.

 

هەروەها ناوبراو وتیشی: کارمەندانى ئێشکگری بەڕێوەبەرایەتیمان چونەتە نەخۆشخانەى شەهید هەژار لە کەلار و ژنەکەیان بینیوە، هەروەها هوبەی ڕزگاری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان پشکنینى بۆ شوێنى ڕووداوەکە کردووە و پەڕاوى لێکوڵینەوە بۆ ڕووداوەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگاربوونەوەى توند و تیژی دژی ژنان کراوەتەوە و لێکوڵێنەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

 

لەمیعە محەمەد ئاماژەى بەوەش دا، تا ئێستا هیچ کەسێک نەهاتووە، لەسەر ئەو ڕووداوە سکاڵاى یاسایی تۆمار بکات و کەیسەکەش لە لای بەڕێوەبەرایەتى توندوتیژی دژی ژنان دەبێت.

 

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژی دژی ژنان لەگەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو، ژنەکە لەدایکبووى ساڵی ١٩٩٩ـ یە و بێوەژنە و ناوى(ن،ع،ا)ە و لە شارەدێی ڕزگاری نشتەجێیە.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin