Smiley face
Smiley face
Smiley face

ھه‌ولێر، به‌ھۆی گیانله‌ده‌ستدانی ژنێک سکاڵا له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌ک تۆمار ده‌کرێت 

2017-09-19 16:15:08



ڕۆژنیوز ـ قه‌ره‌چوغ ئه‌نوه‌ر


 دوای ئه‌وه‌ی به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی پشکنینى هه‌ناوى (نازوور) ژنێک سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی پار-ى کرد له‌ شاری ھه‌ولێر، به‌ڵام دواى که‌متر له‌ ٣٠ خوله‌ک گیانى له‌ده‌ستدا و که‌سوکاره‌که‌شی سکاڵا له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌که‌ تۆمار ده‌که‌ن.


بێریڤان عه‌بدوڵا که‌ کچه‌ شه‌ھیده‌ و دانیشتوی شاری که‌رکوکه‌ و دایکی کچێکی ته‌مه‌ن ١١ ساڵان بوو، ڕۆژى ١٤ى ئه‌م مانگه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى پار له‌ شارى هه‌ولێر له‌ژێر نه‌شته‌رگه‌ریدا گیانى له‌ده‌ستدا.


زه‌که‌ریا عه‌بدوڵا برای بێریڤان عه‌بدوڵا ـ ی ته‌مه‌ن ٣٣ ساڵان ئەمڕۆ به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند، "که‌ ڕۆژی ١٤ی ئه‌م مانگه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی پشکنینى هه‌ناوى (نازووری ڕه‌حم) سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی پارـ مان کرد له‌ شاری ھه‌ولێر پاشان له‌لایه‌ن پزیشکێکی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی ئافره‌تان خوشکه‌که‌مان ڕه‌وانه‌ی ھۆڵی نه‌شته‌رگه‌ریی کرا".


وتیشی: دوای ٣٠ خوله‌ک ستافی نه‌شته‌رگه‌ریه‌که‌ پێیانڕاگه‌یاندین که‌ خوشکه‌که‌تان بارودۆخی ته‌ندروستی تێکچووه‌ و گیانی له‌مه‌ترسیدایه‌.


زه‌که‌ریا به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ وتیشی: پاشان پێیان وتین نه‌خۆشه‌که‌تان گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و ته‌رمه‌که‌ش له‌نێو ئه‌مبوڵانس ئاماده‌ کراوه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ھۆکاری گیان له‌ده‌ستدانه‌که‌ی ده‌ستنیشان بکرێت.


براکه‌ی بێریڤان ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد، له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سکاڵایان تۆمار کردووه‌ له‌سه‌ر پزیشکه‌که‌ و نه‌خۆشخانه‌ی پار و ستافی نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌.


وتیشی: ده‌ستبه‌رداری سکاڵاکه‌مان نابین تاوه‌کو نه‌گه‌ینه‌ ئه‌نجامی کۆتایی.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin