Smiley face
Smiley face
Smiley face

پیاوێک نزیکەی ٣٠ ساڵه بە هاوین و زستان لەتەنیشت ئاگرەوە کاردەکات

2017-09-14 10:08:57



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى


سادق هه‌ورامى، ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵە له‌ گه‌رماى هاوین و سه‌رماى زستان له‌ته‌نیشت کوره‌ى ئاسنگه‌رییه‌که‌یەوە کاری ئاسنگەریی دەکات. 

 

سادق هه‌ورامى، پیاوێکی تەمەن ٧١ ساڵی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و هەر لە تەمەنی گەنجییەوە لەگەڵ باپیر و باوکی دەستی بە کاری ئاسنگەریی کردووە و ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ-یشە بێ دابڕان و لەدوای کۆچی دوایی باوک و باپیر-یشی ئاسنگەریی دەکات.

 

 

لەبارەی ئەو کەلوپەلانەی کە دروستی دەکات، سادق بە ڕۆژنیوزی وت: تەور و داس و چەکوش دروست دەکەم و تیژیان دەکەمەوە، جوتیارانى هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زووریش ڕوو له‌من ده‌که‌ن بۆ کڕین و تیژکردنەوەی ئەو کەلوپەلانە.

 

 

سادق هەورامی، باسی لە پیشەکەی کرد و وتی:"پیشه‌ى ئاسنگه‌ریى کوره‌ پیشه‌یه‌کى ڕه‌سه‌نى کورده‌وارییه‌ و هه‌ر له‌کۆنه‌وه‌ هه‌بووه،‌ به‌ڵام ئێستا زۆر که‌مبووه‌ته‌وه‌ و له‌هه‌ڵه‌بجه‌ جگه‌ له‌من ته‌نا که‌سێکى تر سه‌رقاڵه‌ و ئه‌ویش ته‌نها چه‌قۆ دروست ده‌کات".

 

ناوبراو، وتیشی:"پێش کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ کوره‌یه‌کى ئاسنگه‌ریى گه‌وره‌مان هه‌بوو له‌ شارۆچکه‌ى ته‌وێڵه‌ى ناوچه‌ى هه‌ورامان و کارى زۆرترمان ئه‌نجام ده‌دا، به‌ڵام له‌ساڵى ١٩٩٠ که‌ هاتینه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ تائێستا ئه‌م کوره‌ ئاسنگه‌رییه‌ بچوکه‌مان دامه‌زراند و ئه‌و پلێت و ئاسنه‌ فڕێ دراوانه‌ دێنین و جارێکى تر له‌ڕێگه‌ى گه‌رم کردن و کوتانه‌وه‌ و به‌شێوازى جیاواز دروستیان دەکەینەوە".


 
سادق هەورامی، هەتا ئێستا بیری لە وازهێنان لە پیشەکەی نەکردووەتەوە و لەوبارەیەوە، وتی:"هه‌رچه‌نده‌ کاره‌که‌ قورسه‌، به‌تایبه‌ت له‌وه‌رزى هاوین که‌ مامه‌ڵه‌ى ئێمه‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ ئاگر و خه‌ڵوزه‌ بۆ گه‌رم کردنى پلێت و پۆڵاکه‌ و هێزێکى زۆرى ده‌وێت بۆ کوتان و ڕێک کردنى ئاسنه‌که‌ تاوه‌کو ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى لێ دروست ده‌که‌ین، به‌ڵام له‌خۆشه‌ویستیم بۆ پیشه‌که‌م هه‌رگیز بێ تاقه‌ت نه‌بووم و ته‌نها بۆ ڕۆژێکیش بیرم له‌ وازهێنان له‌کارى کوره‌ى ئاسنگه‌رى نه‌هێناوه‌".

 

 

ئەو ئاسنگەرە، لە خەمی ئەوەدایە، کە لە دوای کۆچی دوایی خۆی کورەکە دابخرێت و کەسێکی دیکە ئەو کارە نەگرێتە دەست و وتی:"پێش ئه‌وه‌ى منداڵه‌کانم خوێندن ته‌واو بکه‌ن و دابمه‌زرێن له‌گه‌ڵ من کاریان ده‌کرد و خۆیان ڕاهێنابوو، به‌ڵام بەداخەوە دوای دامەزراندن وازیان لەپیشەکە هێناوه‌ و ده‌ترسم له‌دواى نه‌مانى خۆم کوره‌که‌ دابخه‌ن".

 

 


ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin