Smiley face
Smiley face
Smiley face

قامیشلۆ، ساڵیادى دامه‌زراندنى پارتى یه‌کێتى دیموکراتى -په‌یه‌ده‌ به‌ڕێوه‌چوو

2017-09-13 20:31:53



ڕۆژنیوز ـ قامیشلۆ


چوارده‌هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی-په‌یه‌ده‌ له‌ شارى قامیشلۆ به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا سڵاو ئاڕاسته‌ی وڵاتپارێزیی گه‌لی کورد له‌ باشور و به‌رخۆدانی ڕۆژهه‌ڵات و باکوری کوردستان کرا.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ کاتژمێر ٥ له‌ ناوه‌ندی چاند و هونه‌رى محه‌مه‌د شێخۆ له‌ شاری قامێشلۆ یادی چوارده‌هه‌مین ساڵه‌ى دامه‌زراندنی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی-په‌یه‌ده‌ به‌ مه‌راسیمێک کرایه‌وه‌.


له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا له‌سه‌ر ناوی لیژنه‌ی ناوه‌ندی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی په‌یه‌ده‌، شیار قامیشلۆ قسه‌ى کرد و ساڵیادی دامه‌زراندنی په‌یه‌ده‌ی له‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجالان سه‌رۆکی په‌که‌که‌، خانه‌واده‌ی شه‌هیدان، تێکۆشه‌رانی ئازادیی، ئه‌ندام و دۆستانی پارته‌که‌ی و به‌شداربووانی مه‌راسیمه‌که‌ پیرۆز کرد و ڕایگه‌یاند: په‌یه‌ده‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ فاشیزم و دیکتاتۆریه‌تی ڕژێمی به‌عسی سوری و تواندنه‌وه‌ و نه‌قه‌بوڵکردنی گه‌لی کورد له‌ سوریا له‌سه‌ر ڕێباز و تێکۆشانی ئازادیی دامه‌زرا و خاوه‌ن بیرو بۆچوون و فه‌لسه‌فه‌ی تێکۆشانی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی و وڵاتپارێزیی، نیشتیمانپه‌وه‌ریی، عه‌داله‌ت و ئازادیی و یه‌کسانیی و پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لی کورد و گه‌لانی سوریا به‌بنه‌ما ده‌گرێت.


شیار قامیشلۆ ڕاشیگه‌یاند: هه‌ر له‌ سه‌رتای دامه‌زراندنی پارتی یه‌کێتی دیموکراتیه‌وه‌، هێرش و په‌لاماره‌کان بۆ سه‌ر پارته‌که‌مان له‌لایه‌ن نه‌یارانی گه‌له‌وه‌ گه‌یشتنه‌ لووتکه‌ و له‌ پێناو پاراستنی رێبازی راسته‌قینه‌ی ئازادیش پارته‌که‌مان به‌سه‌دان شه‌هیدی به‌خشیوه‌، بۆیه‌ش په‌یه‌ده‌ پارتی شه‌هیدانه‌ و له‌پێناو به‌ئامانج گه‌یشتنی ئاوات و هیواکانی شه‌هیدان تێکۆشان ده‌کات.


ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوه‌ندی په‌یه‌ده‌ ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: په‌یه‌ده‌ خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی، دیموکراتیکه‌ و هاوشێوه‌ی کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵسوکه‌وتی کرده‌وه‌ و جه‌ختیش له‌سه‌ر به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لانی سوریا و باکوری سوریاش ده‌کاته‌وه‌.


له‌ کۆتای قسه‌کانیدا شیار قامیشلۆ وتی: له‌ ئێستادا کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ستهاتووه‌ و ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌ش پێش هه‌ر شتێک له‌سایه‌ی خوێنی شه‌هیدان و ڕێبازی سیاسی په‌یه‌ده‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بوونه‌ و له‌ ئێستاشدا پێشه‌نگایه‌تی بۆ سوریایه‌کی فیدرال ده‌کات. به‌م بۆنه‌شه‌وه‌ سڵاو ئاراسته‌ی وڵاتپارێزیی گه‌له‌که‌مان له‌ باشور و به‌رخۆدانی ڕۆژهه‌ڵات و باکوری کوردستان ده‌که‌ین.


هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی جه‌زیره‌ عه‌بدولکه‌ریم سارۆخان- یش قسه‌ى کرد و وتی: "په‌لامارێکی زۆری په‌یه‌ده‌ درا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ په‌یه‌ده‌ به‌و ته‌مه‌نه‌ که‌مه‌ی خۆی، به‌ڵام به‌فکر و فه‌لسه‌فه‌ی پته‌و و سه‌ربه‌خۆکه‌ی پێشه‌نگایه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی 2004، دامه‌زراندنی سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری 2007 و پێشه‌نگی راسته‌قینه‌ی شۆڕشی له‌ 2011ه‌وه‌ گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌مه‌ش شانازیه‌که‌ بۆ هه‌موو گه‌لی کورد به‌گشتی و به‌تایبه‌تی بۆ رۆژئاوای کوردستان".


سارۆخان وتیشی: نه‌یارانی شۆڕش و فه‌لسه‌فه‌ی ئازادیی په‌یه‌ده‌ هه‌موو هه‌لو مه‌رجه‌کانیان قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری په‌یه‌ده‌ بده‌ن و به‌م شێوه‌یه‌ش ویستیان دان به‌ سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوای کوردستاندا نه‌نێن و هه‌موو دام و ده‌زگا خۆجه‌ییه‌کانی گه‌ل هه‌ر له‌ ئاسایش و پاراستنه‌وه‌ بگره‌ به‌په‌یه‌ده‌یان ده‌دا ناساندن، ئه‌م هێرشانه‌ له‌م ئاسته‌دا بۆ مه‌زن بوون و فکر و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ربه‌خۆی په‌یه‌ده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ش جارێکی تر شانازیه‌ بۆ په‌یه‌ده‌ و گه‌لی کورد و ئازادیخوازان که‌ په‌یه‌ده‌ پێشه‌نگی ئاسایش و پاراستن و سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری گه‌له‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان.


له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا، نوێنه‌ری کۆنگره‌ی ستار، یه‌کێتی کۆپه‌راتیڤان، حزب و لایه‌ن سیاسییه‌ کوردی و سورییه‌کان، دام و ده‌زگا به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کان و ڕاگه‌یاندنه‌کان برۆسکه‌ی پیرۆزبایان به‌ بۆنه‌ی چوارده‌هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی په‌یه‌ده‌ پێشکه‌ش کرد.


ک.ک
 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin