Smiley face
Smiley face
Smiley face

گەرمیان، مێردمنداڵێک خۆی هەڵواسی و باوکیشی توشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو

2017-09-13 19:40:19



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار 


لە سنوری شارۆچکەى کفری، مێرد منداڵێک لە کاتى کارکردندا خۆی هەڵواسی و گیانى لەدەستدا، لە کاتی گواستنەوەی تەرمی مێردمنداڵەکەش بۆ نەخۆشخانە، باوکی توشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو.


ئێوارەى ئەمڕۆ، لە گوندێکى سنوری شارۆچکەى کفری، مێردمنداڵێک کۆتایی بەژیانى خۆی هێنا و لە کاتى بردنی بۆ نەخۆشخانە باوکیشی توشی ڕووداوى هاتوچۆ بوو و بریندار بوو.


ڕائید عەلی جەمال قەدوری بەڕپرسی ڕاگەیاندنى پۆلیسى گەرمیان بە ڕۆژنیوزى وت: لە گوندی وەلی هەیەری سەر بە شارەدێی سەرقەڵای سەر بە شارۆچکەى کفری، مێردمنداڵێک خۆی هەڵواسی و گیانى لەدەستدا، لەکاتى هێنانیشی بۆ نەخۆشخانە باوکى مێرد منداڵەکە توشی ڕووداوى هاتوچۆ بوو و بریندار بوو. 

 


عەلی جەمال وتیشی: بە وتەى شایەتحاڵەکانی نزێک لەو جێگایەى مێرد منداڵەکە کاری تێدا کردووە، مێرد منداڵەکە لەگەڵ باوکى، کە پیشەى وەستایە، بۆ کارکردن ڕۆیشتونەتە گوندی وەلی هەیەر و لەکاتێدا باوکى مێرد منداڵەکە سەرقاڵی کارکردن بووە، مێرد منداڵەکە لە ژورێکى تر خۆی هەڵواسیوە و گیانى لەدەستداوە. 


هەروەها ناوبراو باسی لەوەشکرد: باوکى مێرد منداڵەکە، لە کاتی هێنانى منداڵەکەى بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتنى شەهید هەژار لە شارۆچکەى کەلار، توشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و لە نزیک گوندی حەسیرەى سنوری شارەدێی سەرقەڵا خۆی کێشاوە بە تانکەرێکى نەوتدا و بە سەختى بریندار بووە و دواى چارەسەرى سەرەتایی لەبەر سەختى برینەکەى ڕەوانەى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى کراوە.


بەرپرسی راگەیاندنى پۆلیسی گەرمیان ئاماژەى بەوەشدا: لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بە پێی مادەى ٢٣ لە یاسای سزدانى عێراقی تایبەت بە هاتوچۆ، خاوەنى تانکەرە نەوتەکە بەندکراوە. 


عەلی جەمال ئەوەشی خستەڕوو: پۆلیس دەستى بە لێکوڵینەوە کردووە لە ڕووداوەکە و مێرد منداڵەکەش ناوى بیلال حەسەن غازی ـ ە و لەدایک بووى ساڵى ٢٠٠٤ و دانیشتوی شارۆچکەى کەلارە. 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin