Smiley face
Smiley face
Smiley face

پەکەکە: ٢٠ بەرپرسی دەوڵەتی تورک-مان بەدیل گرتووە

2017-09-09 14:26:09



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە دەڵێت، کە ئەو دوو ئەندامەی میت وا بەدیل گیراون پلەبەرزن، هەروەها باس لەوەش دەکات کە ١٨ بەرپرسی دیکەی دەوڵەتی تورک لە دەست پەکەکەدان و دەوڵەتی تورک لە بەرامبەریدا بێدەنگی هەڵبژاردووە.

 

مستەفا قەرەسو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی کوردستان، باسی لە بەدیل گرتنی دوو ئەندامی پلەبەرزی میتی تورکی کردووە لەلایەن پەکەکەوەو هەروەها باسی لە ڕیفرادۆمی هەرێم و خۆسەریی دیموکراتی شەنگالیش کردووە.

 

قەرەسوو دەڵێت: ماوەیەک پێش ئێستا ڕاگەیەندرا، کە دوو ئەندامی میت لەلایەن پەکەکەوە بەدیل گیراون، بەڵام پێویستە بوترێت کە نەک تەنیا دوو ئەندامی میت بەڵکو ٢٠ بەرپرسی دەوڵەتی تورک لە دەستی ئێمەدان، کە دووانیان ئەندامی پلەبەرزی میتی تورکن.

 

 

دەشڵێت:"ماوەیەک پێش ئێستاش دوو بەرپرسی ناوچەیی دەوڵەتی تورک لە بۆتان و جزیرە کەوتنە دەستی پەکەکەوە، دەوڵەتی تورک لە ئاست ئەو بەرپرسە بەدیل گیراوانەیدا بێدەنگی هەڵبژاردووە، لەبارەی ئەو دوو ئەندامەی میت کە لەم دواییانەدا بەدیل گیراون، مەسەلەکە ئەوە بوو، کە ڕێک ئەوانەی وا چووبوون بۆ ڕاو بوونە بەنێچیر".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مستەفا قەرەسو، باسی لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کردووەو ڕایگەیاندووە، کە بارزانی هەم دەڵێت کە دەمەوێت کوردستان سەربەخۆ بێت و هەم خۆبەڕێوەبەریی شەنگالی پێ قبوڵ ناکرێت، ئەوە پارادۆکسێکی گەورەیە، ئاشکرایە کە ڕێفراندۆم هەقە و مافی هەمووان، هەموو شارێک و تەنانەت هەموو گەڕەکێک دەتوانن ڕیفراندۆم بەڕێوەببەن، بارزانی هەم گرێدراوی دەوڵەتی تورکە و هەم باس لە سەربەخۆییش دەکات، سەربەخۆبوون بە ڕێکخستنی کۆمەڵگا و بە ئیرادەو لە دۆخێکی ئازاد و دیموکراتدا دەکرێت.

 

ڕاشیگەیاند: بارزانی و پارتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە شەڕ دێن، لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵگا بەشەڕ دێن، سەربەخۆیی بە پێکهێنانی نەتەوە دەوڵەت سەرناگرێت، پارتی بە عەقڵییەتی نەتەوە دەوڵەتی سەدەی ٢٠ەوە دەیەوێت سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، لە کاتێکدا ڕیگا نادرێت بە سەرۆکی پەرلەمان بچێتە هەولێر و پەرلەمان پەکی خراوە، چۆن دەکرێت باس لە سەربەخۆیی بکرێت؟.

 

قەرەسو لە بەشێکی دیکەدا باسی لەوە کردووە، کە تورکیا لە هەوڵداندایە بۆ ئەوەی بەرەیەکی دژ بە کورد لە ناوچەکەدا دامەزرێنێت و دەڵێت:"هەموو هەوڵدانەکانی تورکیا لە ئەندامبوونی ناتۆ وە تا هەوڵدان بۆ ئەندامبوونی یەکێتی ئەوروپا بە مەبەستی لەناوبردنی گەلی کورد ئەنجامدەدرێن، تورکیا تا ماوەیەک پێش ئێستا بەنیازی دروستکردنی بەرەیەکی سوننە ڕێککەوت لەگەڵ سعودیە و ئێستاش بەنیازە بەرەیەکی دژ بە کورد لەگەڵ ئێڕان پێکبێنێت".

 

لە کۆتاییدا دەشڵێت:"ئێران باش دەزانێت تورکیا بەنیازی چییە، بەڵام خەریکە ئەو ترس و توڕەییەی تورکیا لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکاردێنێت، ئێران ئەمە دەزانێت ئەگەر بیەوێت وەک ساڵی ٢٠١١ شەڕی گەریلا بکات چ خەسارێکی گەورەی بەردەکەوێت، باش دەزانێ هێڕش بۆ سەر گەریلا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەورە دەبێتەوە".


س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin