Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەو منداڵانەی لەناو زبڵدانەکاندا بەدوای خەونەکانیاندا دەگەڕێن.. ڕاپۆرت

2017-08-22 09:43:52



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار 

 

ژمارەیەک لە منداڵانی گەرمیان بۆ تێرکردنی سکی خۆیان و خێزانەکانیان هانا بۆ زبڵدانەکان دەبەن و لەوێدا بەدوای خەونەکانیاندا دەگەڕێن.

 

 لە باشوری شارەدێی ڕزگاریی سەر بە شارۆچکەى کەلارى سنوری ئیدارەى گەرمیان، مەیدانێکى گەورە هەیە و تایبەت کراوە بۆ کۆکردنەوەى زبڵ و خاشاکى کەلار و ڕزگاریی و بووە بە زبڵدانێکی گەورە، ڕۆژانەش ژمارەیەکی زۆر منداڵ و ژمارەیەک پیاوی تەمەن لەسەر ئەو زبڵدانە ئاسن، فافۆن، قوتووی بیبسی، سندوقی تەختە و پلاستیک کۆدەکەنەوە و لە بازەڕ دەیفرۆشن.

 

 

محەمەد ڕەشید، منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ-ی دانیشتووی شارەدێی ڕزگاریی-یە، لەکاتێکدا، کە خەریکی کۆکردنەوەی ئاسن و قوتو-ی سەر زبڵدانەکە بوو، ڕۆژنیوز پرسیاری لێکرد، کە ئەو ئاسن و قوتوانە چی لێدەکات؟، لە وەڵامدا وتی: دەیانبەم دەیانفرۆشم.

 

محەمەد ڕەشید

 

محەمەد، وەک خۆی باسیکرد لە کاتژمێر پێنجی سەر لەبەیانییەوە لە ماڵ دەردەچێت و هەتا کاتژمێر ١٢-ی نیوەڕۆ دەستەکانی لەناو زبڵ-دایە و بۆن و دوکەڵی سوتاندنی زبڵەکەش هەناسەی تەنگ دەکات، تەنیا بۆ بەدەستهێنانی "حەوت تا هەشت هەزار-ی ڕۆژانە" و بەڕیکردنی دوو ڕۆژی ژیانیان.


ئەو منداڵانەی لەسەر ئەو زبڵدانە کاردەکەن، زۆربەیان هاوتەمەن یان-یش تەمەنیان زۆر لە یەکترەوە نزیکە، دیار محەمەد، یەکێکی تر لەو منداڵانەیە و خۆی خوشکە بچوکەکەی لە کاتژمێر ٢ی نیوەشەو لەکاتی بینی خەونی ڕەنگاڵە بە داهاتوویان، دایکیان بە دڵی پڕ لە ئازارەوە بە ئاگایان دینێ و دەڵێت هەستن ڕۆڵەکانم بڕۆنە سەر کارەکانتان.

 

دیار و خوشکەکەی پارەکەیان بەشکردووە، پارەی دیار بۆ نەشتەرگەریی چاوی باوکییەتی، کە پێویستی بە بڕی دوو ملیۆن دینارە و خوشکەکەشی خەرجی ماڵەوە دەکات و خواردنیان بۆ دەکڕێت.

 

دیار محەمەد، لە بەردەوامیی گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی خۆی و خێزانەکەی بۆ ڕۆژنیوز دەستە ڕەشبووەکانی لەسەر کەمەری دانا و ئاماژەی بەهۆکاری هانابردنی خۆی و خێزانەکەی بۆ زبڵدانی شارەدێکەیان کرد و وتی: ئێمە لەماڵەوە پێنج کەسین و هیج کەسێکمان مووچەمان نییە، باوکم نەخۆشە و ناتوانێت کاربکات، بۆیە ناچارین خۆم و خوشکەکەم لە نیوەشەوەوە هەتا کاتژمیر ١٢ی نیوەڕۆ لێرە کاربکەین و ڕۆژانە ١٠ هەزار دینارمان دەستدەکەوێت.

 

دیار محەمەد


یەکێک دیکە لەو منداڵانە لانە محەمەد-ی تەمەن ١١ ساڵ بوو، کە زبڵدانەکەی بۆ خۆی کردبوو بە لانە و بۆئەوەی خۆی و باوکی لە ئازاردان و ڕەخنەی کۆمەڵگا دەرباز بکات، قژی کورت کردبووەوە و پۆشاکی کوڕانەی پۆشیبوو، ڕۆژانە دەستی باوکی دەگرێت و لەجیاتی شوێنی یارییکردن بەرەو زبڵدانەکە بەڕێدەکەوێت.

 

لانە، چیرۆکی ژیانی ڕۆژانەی خۆی بۆ ڕۆژنیوز گێڕایەوە و وتی: لەماڵەوە حەوت کەسین، زیاتر لە دوو ساڵە من و باوکم پێکەوە کاردەکەین لەسەر ئەم زبڵدانە، هەردووکمان ڕۆژانە بە بەهای ١٠ هەزار دینار ئاسن و قوتوو کۆدەکەینەوە و پارەکەش هەر بەشی ئەوە دەکات یەک ڕۆژ پێی بژین.

 

لانە محەمەد

 

لانە محەمەد، لەگەڵ ئەو بارە داراییە خراپەی کە خۆی و خێزانەکەی تییدا دەژین، وازی لە خوێندن-یش نەهێناوە و خوێندکاری پۆلی چوار-ی بنەڕەتییە، لەبارەی خویندنەکەیەوە وتی:"ساڵی پار بەهۆی بایکۆتەوە، خوێندن زۆر کاریگەریی لەسەر کارەکەم نەبوو، بەڵام ئەمساڵ ئەگەر بایکۆت نەبێت و قەیرانی دارایی-ش بەردەوام بێت، ئەوا ناتوانم بخوێنم و واز دێنم ، چونکە کەس نییە هاوکاری باوکم بکات بۆ پەیداکردنى نان". 

 

جیاواز لەو منداڵانە، کە خەڵکی شارەدێی ڕزگاریی بوون، مێردمنداڵێکی ئاوارەمان بینی، کە خەڵکی شارەدیی گوڵاڵە یە و دوای ئاوارەبوونیان بەهۆی شەڕی داعش-ەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە گەڕەکی کەلار-ی کۆن-ی شارۆچکەی کەلار نیشتەجێ بوون، ئەو مێردمنداڵە ناوی یاسر حەمید-ە و لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: من کاتژمێر ٥ی بەیانی دێمە ئێرە، هەتا کاتژمێر ١:٠٠ سندوقی تەماتە کۆدەکەمەوە و پاشان دەیانفرۆشم.

 

یاسر حەمید

 

یاسر، وتیشی: ئێمە ئاوارەین و ژمارەمان پێنج کەسە، باوکم نییە، کرێچیین، تەنیا من کاردەکەم، ڕۆژی هەشت هەزار دینار پەیدادەکەم، بەشێکى دادەنێم بۆ کڕینى پێویستى ماڵ بەشەکەى تریشی بۆ کرێی خانووى مانگانە، کە بڕەکەى ٥٠ هەزار دینارە.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin