Smiley face
Smiley face
Smiley face

پەرلەمانتاران: پۆستەکەی بارزانی هۆکاری پەکخستنی پەرلەمان بوو

2017-08-19 15:31:26



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

هەندێک لە پەرلەمانتاران ئاماژە بەوە دەکەن، کە مەسعود بارزانی بە نایاسایی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا ماوەتەوە و پەکخستنی پەرلەمانیش لەپێناو ئەو پۆستەدا بوو، دەشڵێن: لەدوای ١٩/ئاب/٢٠١٥ وە بڕیارەکانی بارزانی بەتاڵە و دەبێت پەرلەمان لێپێچینەوە لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەدا بکات، کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتەوە دەرکراون.

 

ئەمڕۆ دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر مانەوەی مەسعود بارزانی، لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا بە نایاسایی، کە لە ساڵی ٢٠١٥ ماوەی سەرۆکایەتیەکەی بەسەر چوو، بەڵام ئامادە نەبوو کورسییەکەی جێبێڵێت.

 

تەلار لەتیف، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، لەبارەی تێپەڕینی دووساڵ بەسەر ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم، بە ڕۆژنیوزی وت:" ئێمە هەر لەسەرەتاوە قسەمان لەسەر ئەوە کردووە کە کاک مەسعود بە شێوەیەکی نایاسایی لە سەرۆکایەتی هەرێمدا ماوەتەوە، وە ئەوە بووەتە هۆی پەکخستنی پەرلەمان و دروستکردنی بۆشاییەکی یاسایی لە هەرێمی کوردستاندا".

 

تەلار لەتیف

 

تەلار، وتیشی:" لەشەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی پەرلەمان پەکنەخرا، بەڵام بەداخەوە لەپێناو بەرژەوەندیی حزبێکدا پەرلەمان پەکخرا، کە ئەوە لێدان بوو لە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراتی لە هەرێمی کوردستاندا".

 

ناوبراو، ئاماژەی پێویستی کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد و وتی:" گرنگە حزب و لایەنە سیاسیەکان کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتووگۆ، ئەگەر وانەبێت ئەوە پەرلەمانتاران دەبێت کار بۆ ئەوە بکەن بگەڕێنەوە پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکەنەوە و هەروەها کار لەسەر ئەوە بکەن کە ڕیفراندۆم لە پرسێکی حزبییەوە بکەن بە پرسێکی نیشتیمانی، وە دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت ئیتر هیچ حزبێک بوێریی نەکات جارێکی تر دەرگای پەرلەمان دابخات".

 

تەلار، وتیشی:"دەبێت دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لێپێچینەوە بکات لەسەر ئەو بڕیارانەی، کە لەماوەی ئەم دووساڵەدا بەنایاسایی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراون و کار بۆ بەیاسایی کردنیان بکات".

 

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، وتیشی:"دەبێت سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بانگهێشت بکەن، لەبەر ئەوەی کە ئەوانیش چوونە ژێر بڕیارێکی نایاسایی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کە دەبوو ئەوان بۆ ئەو بابەتانە پابەند بوونایە بە بڕیاری پەرلەمانی هەرێمەوە،چونکە  کۆمیسیۆن لەژیر چاودێریی پەرلەماندایە".

 

لەسەر هەمان بابەت بەهار مەحمود، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، بە ڕۆژنیوزی وت:"دووساڵ تێدەپەڕێت بەسەر مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بە نایاسایی، وە ئەم بابەتە بووە هۆی ئەوەی کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەکی بخرێت کە ئەمە لەسەروو هەموو نایاساییەکانەوەیە".

 

بەهار مەحمود

 

لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە لە ماوەی نایاسایی سەرۆکایەتی هەرێمدا داراوە، ناوبراو وتی:"قسەیەک هەیە دەڵێت هەرشتێک لەسەر بنەمای بەتاڵ بێت بەتاڵە، لە 19/8/2015وە مەسعود بارزانی، وادەکەی لە سەرۆکایەتی هەرێمدا تەواو بووە، بۆیە لەدوای ئەوبەروارەوە هەر بڕیارێکی دابێت بەتاڵە".

 

ش.ف

 


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin