Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆڕان: دووساڵە پەرلەمان داخراوە كێشە نییە، بۆچی ئێستا گرنگە بۆ دوو مانگ بكرێتەوە

2017-08-18 11:18:38



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

ئەندامێكی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، كە دەبێت بپرسین بۆچی دووساڵە پەرلەمان داخراوە كێشە نییە، کەچی ئێستا بۆچی گرنگە بۆ دوو مانگ بكرێتەوە، لەبارەی سەردانی پارتی بۆ لایان دەڵێت: ئێمە داواكارییەكانمان خستوونە تە بەردەم، هەروەها لەبارەی پەیوەندی خۆیان و یەكێتیش ئاماژە بەوەدەكات كە ئەم هەموو چوون و نەچوونە لەبەرژەوەندی یەكێتیدا نییە.

 

ڕەئوف عوسمان، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەم چاوپێكەوتنەی رۆژنیوزدا وەڵامی چەند پرسیارێكی گرنگی وەك بۆچوون و بەشدارییان لە ڕیفراندۆم و كارا كردنەوەی پەرلەمان و پەیوەندیان لەگەڵ یەكێتی و پەپوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی و بۆچوونیان لەسەر كۆنگرەی نەتەوەیی و چەند پرسێکی گرنگی تر دەداتەوە.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە

 

بە بۆچوونی ئێوە وەك بزووتنەوەی گۆڕان، دۆخی گشتی هەرێمی كوردستان چۆنە ؟

 

"شكستی دارایی وئابووری هەیە لە هەرێمی كوردستان"

 

ڕەئوف عوسمان: هەرێمی كوردستان بە ناسەقامگیرییەكدا دەڕوات، لەناو خودی هەرێمدا كۆمەڵێك كێشەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و كۆمەڵایەتی هەیە، بە تایبەتی كێشەی دارایی و ئابووری كە دەستی ناوەتە بینەقاقای خەڵك، مووچە بوەتە یەك چارەگە مووچە و بە چەند مانگ جارێك دەدرێت، لەگەڵ ئەوەی لە كوردستاندا ڕۆژی نزیكەی ملیۆنێك بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، بەڵام ناتوانرێت مووچەی خەڵك بدرێت، ناتوانرێت و 5 ملیۆن كەس بە ئاسایی ئیدارە بكرێت، دەتوانرێت ئەمەش بە شكستی ئیداری و دارایی دابنرێت.

 

 

خەڵك گومان دەکات لەوەی كە پارە هەیە و نادرێت، بۆچوونی ئێوە چییە لەوبارەیەوە؟

 

"پارەكە بۆ بواری تر بەكار دەهێنرێت"

 

ڕەئوف عوسمان: ئەوە هیچ كە پارە هەیە و نادرێت، پارەكە بۆ بواری تر بەكار دەهێنرێت، هەندێك پسپۆری چینی-یان هێناون بۆ كوردستان، نەخشەی كوردستان و سامانە سروشتیەكانییان نیشان داون، وتویانە ئێمە دەتوانین 50 ملیۆن كەس لەم شوێنەدا بە تێری بژێنین، ئێمە كە نەتوانین 5 ملیۆن كەس بژێنین كەواتە شكستی ئیداریمان هەیە.

 

ئەو چەند خاڵەی بڵاوتان كردەوە بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی هەرێم، لەسەر چ بنەمایەك داتانڕشتووە، ئەگەر ئەو خاڵانە جێبەجێ نەكرێن ئێوە هیچ ڕێكەوتنێكتان دەبێت لەگەڵ پارتیدا؟

 

ڕەئوف عوسمان: ئەو خاڵانە لە ناخی واقیعی هەرێمی كوردستانەوە هەڵقوڵاون، پەیوەندیشیان بە بەرژەوەندی حزبی-یەوە نییە، داوای پۆست و توانامان نەكردووە، بەڵكو خۆی لە بەرژەوەندی خەڵكدا دەبینێتەوە، بە تایبەتی لە ڕووی مووچە و باری دارایی و ئابووری خەڵكەوە، ئێستا گەنجێكی زۆر كۆچ دەكەن، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە كە لێرە شكست هەیە.

 

خاڵێكی تر ئەوەیە، ئێمە داوای ئەوەمان كردووە كە شوێنە جێناكۆكەكان نابێت پشتگوێ‌ بخرێن، ئەو ناوچانە 48% خاكی هەرێمی كوردستان و نزیكەی ملیۆن و نیوێك مرۆڤی تێدایە، كەواتە ئێمە ئەگەر ڕیفراندۆم لەم شوێنانە نەكەین، 48% ی خاكی كوردستان بێگومان لە دەست دەچێت.

 

گومانتان لەوە هەیە كە ڕیفراندۆم لەو ناوچانە بكرێت؟

 

"هێشتا قۆناغی یەكەمی مادەی 140 بە تەواوی جێبەجێ‌ نەكراوە"

 

ڕەئوف عوسمان: ئێمە هیوادارین كە لەو ناوچانەش ڕیفراندۆم بكرێت، بەڵام من حەز دەكەم بە واقیعی قسە بكەم، جێبەجێكردنی مادەی 140 بریتییە لە سێ‌ قۆناغ: (ئاسایی كردنەوە، ئامار، ڕیفراندۆم)، هێشتا قۆناغی یەكەم بە تەواوی جێبەجێ‌ نەكراوە، جگە لەوەش، ئێمە كێشەیەكی ترمان هەیە، ئەویش ئەوەیە كە كوردێكی زۆر لە ژێر باری سەختی شەڕی داعش و پەلاماردانی عەرەبە شۆڤێنییەكان لەو شوێنانە كۆچییان كردووە، ئیتر چۆن دەنگ بدەن، ئەمانە ئەو كێشە هونەرییانەن كە زۆر بە دوایدا دەچین،  چونكە مەبەستمانە ئەم ناوچانەمان لەدەست نەچن، ئێمە ئەگەر ئەم ناوچانە بدۆڕێنین واتا چیمان بە چی كردووە.

 

 

كەواتە ئەو خاڵانەی كە بڵاوتان كردوەتەوە پێشمەرجی دانیشتنتانە لەگەڵ پارتی، یان بۆچوونی بزووتنەوەی گۆڕانە؟

 

"ئەگەر خەڵك بەختەوەر نەكرا، واتا سەركەوتنمان بەدەست نەهێناوە"

 

ڕەئوف عوسمان: ئێمە دەبێت ئەوە بزانین كە ڕیفراندۆم هەنگاوێكە بۆ دەوڵەتی كوردی، دەوڵەتی كوردیش هۆكارێكە بۆ بەختەوەركردنی مرۆڤی كورد، تا مرۆڤێكی سەربەرز بێت، ئەنفال و كیمیاباران نەكرێتەوە، لە وڵاتی ئازادی خۆیدا بژی، ئەگەر ئەوە نەكرا، واتا سەركەوتنمان بەدەست نەهێناوە، ئێمەی كورد بە درێژایی ئەم 100 ساڵە قوربانی دەدەین و خوێنمان دەڕێژێت لە پێناوی دەوڵەتی كوردیدا، دەوڵەتی كوردی بە تەنها خەمی كوردی عیراق نییە، بەڵكو خەمی هەرچوار پارچەكەیە، خواستی هەموو كوردێكە، بەڵام بەم ئالییەتەی ئێستا نابێت، لەژێر ئەم بارودۆخەدا و لەژێر ئەوەی كە نەمانتوانیوە ئێمە پایەكانی دەوڵەتی كوردی دروست بكەین، مەبەستم پایە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەکانە، دەبێت ئێمە ئەم پایانە دروست بكەین و دواتر بیر لە دەوڵەتی كوری بكەینەوە، دەبێت بزانین ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێكی پاشاییە، دیموكراتییە، سۆسیالستییە؟ كامەیە؟ ئەمە لە دەستووردا دەردەكەوێت.

 

كەواتە ئەم پەلە پەلە بۆ دەكرێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، كە پایەكانی دەوڵەت دانەڕژراون؟

 

"داوامان كردووە ڕیفراندۆم دوا بخرێت"

 

ڕەئوف عوسمان: ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان داوامان كردووە كە ئەم ڕیفراندۆمە دوا بخرێت، تا ئەو کاتەی بارودۆخێكی گونجاو دروست دەبێت، كار بكەین بۆ داڕشتنی پایەكانی دەوڵەت، ئەو كاتە هەموومان بە یەكدەنگ ڕایدەگەیەنین و بەرگری لەو دەوڵەتە دەكەین، بەڵام ئێستا دەوڵەت و حكومەتمان هەیە و خەڵكیش لە تەنگانەدا دەژی.

 

ئاماژەت بەوە كرد كە پایەكانی دەوڵەت دروست نەكراون، كەواتە پێتوانییە ئەو فشارەی پارتی دەیكات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، تەنها بۆ ئەوەیە كە دەوڵەت بەناوی ئەوەوە ڕابگەیەندرێت؟

 

"جۆرێكە لە خۆپەرستی كە بتەوێت دەوڵەتی كوردی هەر بەناوی تۆوە بێت"

 

ڕەئوف عوسمان: ئەمە جۆرێكە لە خۆپەرستی كە بتەوێت دەوڵەتی كوردی هەر بەناوی تۆوە بێت، دەوڵەتی كوردی بۆ یەك كەس و یەك خێڵ و بنەماڵە نییە، دەوڵەت بۆ هەموو گەلی كوردە، بەڵام بەم ئاڵۆزییە و بەم پەلە پەلییە، لە كاتێكدا كە وڵاتانی دەوروبەر دانمان لێ جیڕ دەكەنەوە، ئەمریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان هەموویان دەڵێن ئێمە لەگەڵ یەكێتی خاكی عیراق داین، دەبێت ئێمە ئەم هەڕەشە و پەیامانە لەبەرچاو بگرین.

 

پێشتر داواتان دەكرد بێ‌ مەرج پەرلەمان كارا بكرێتەوە، ئێستا پارتی ڕازییە بەبێ‌ مەرج كارای بكاتەوە بەڵام ئێوە ناچنە پێشەوە، ئەمەیان بۆ؟

 

"مەرجی ئێمە ئەوەیە پەرلەمان لە كوێدا پچڕاوە لەوێدا گرێی بدەینەوە"

 

ڕەوف عوسمان: دەبێت مرۆڤی كورد پرسیارێك لە خۆی بكات، بۆ نزیكەی دوو ساڵە بە بێباكی بە فەرمانی حزبێك پەرلەمان داخراوە، کەچی ئێستا بۆ دوو مانگ زۆر پێویستە بكرێتەوە؟ ئەمە جێگەی پرسیارە، ئێمە حەز دەكەین ڕیفراندۆم بە یاسا دەربچێت، بەڵام مەرجی ئێمە ئەوەیە پەرلەمان لە كوێدا پچڕاوە لەوێدا گرێی بدەینەوە، كاتێك كە پەرلەمان داخرا لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كاری دەكرد، سەرۆكایەتی هەرێم ئێستا لە بۆشایی یاسییدایە، ئەم بۆشایی یاسییە دەبێت چارەسەر بكرێت، چونكە هەموو یاسایەك كە لە پەرلەمانەوە دەردەچێت، دەبێت سەرۆكی هەرێم واژۆی بكات، كە سەرۆكی هەرێم لە بۆشایی یاسییدا بێت تۆ لە بۆشاییەكدا دەخولێیتەوە.

 

ئەگەر پەرلەمان كارا كرایەوە، لە یاسای سەرۆكایەتییەوە دەستیپێكردەوە، كاندیدتان دەبێت بۆ سەرۆكی هەرێم؟

 

"میللەتێك نەتوانێت كەسێك هەڵبژێرێت بۆ سەرۆك شایەنی هەموو شتێكی خراپە"

 

ڕەئوف عوسمان: میللەتێكی پێنج ملیۆن كەسی ئەوەندە لاواز بێت و نەتوانێت كەسێك هەڵبژێرێت بۆ سەرۆك، واتا ئەو میللەتە شایەنی هیچ شتێکی باش نییە، گۆڕان و خەڵك و شەقام كاندیدی هەیە، بەڵام لێرە دا شتێك هەیە، ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم بە یاسا و بە سیستماتیك بێت، هەموو كەس دەتوانێت سەرۆكی هەرێم بێت، بەڵام لێرە ئەو سیستەمە نییە.

 

لەلایەكی ترەوە، مەرج نییە سەرۆك هەبێت، لەزۆر وڵاتدا سەرۆك وەزیران كارەكان دەبات بەڕێوە، شارێكی وەك ئەسفەهان، شەش ملیۆن كەسی تێدا دەژی، بە پارێزگارێك و قایمقامێك و چەند كەسێك دەچێت بەرێوە، ئێمە پێنج ملیۆن كەسین بەم هەموو وەزیر و سەرۆكوەزیر و سەرۆكی هەرێمەوە، ناتوانن بیبەن بەڕێوە، خەڵكەكە هاواری لێ هەستاوە، بێجگە لەوەی ئەو هەموو مووچەیە دەدەین بە دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم.

 

كەواتە پێتان وایە دەستەی سەرۆكایەتی هەرێم پێویست نییە؟

 

ڕەئوف عوسمان: ئەمە ڕاو بۆچوونی خۆمە، بە بەراورد بە وڵاتە پێشكەوتووەكان، كە سەرۆك وەزیران هەموو كارەكان بەڕێوە دەبات، ڕاست نییە كە ئێمە نەتوانین سەرۆك وەزیران هەموو كارەكان بەڕێوە بەرێت.

 

لە هەرێمدا هەموو دەسەڵاتەكان لەلایەن حزبەوە قۆرخ كراون، ئەوەتا ڕێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان دەكرێت، پێتوانییە ئەگەر سەرۆكی هەرێم-یش بدرێتە گۆڕان بەهەمان شێوە لە دێگەڵە ڕێگری لێبكرێت؟

 

"لەبەر ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا لۆژیكی حزب و بنەماڵە زاڵە بێگوومان قورسە"

 

ڕەئوف عوسمان: ئەگەر سیستەمی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا وابێت كە سیستەماتیك بكرێت و هەركەس بە ئارەزووی خۆی نەبێت، ئەوكاتە وانابێت، لەبەرئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا لۆژیكی حزب و بنەماڵە زاڵە، بێگوومان قورسە، گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونییەوە لەڕێگەی خوالێخۆش بوو نەوشیروان مستەفاوە، هەمیشە داوای بە دامەزراوەكردنی سەرجەم دەزگاكانی كردووە، لەبەرئەوەی بە شەخسەنە نەكرێت، ئێمە داوای ئەوە دەكەین كە پۆستەكان بدرێت بە كەسی شیاوی خۆی، ئیتر مەرج نییە ئەو كەسە حزبی بێت، ئەی هاوڵاتی ئاسایی قوربانی نەداوە و ئەنفال نەكراوە لەسەر ئەم هەرێمە، بۆ دەبێت نەهێڵین ئەم هاوڵاتییە ببێت بە سەرۆك یان پارێزگار یان هەرشتێكی دیکە.

 

پێتوایە ئەوە بە حیزبێكی مەدەنی بێ‌ چەكی وەك گۆڕان بكرێت، یا دەبێت لایەنێک بیكات كە هێزی چەكداری هەبێت؟

 

"جڵەوی پێشمەرگە لەدەستی حزب بچێتەدەرەوە هەنگاوی گەورە دەنێین"

 

ڕەئوف عوسمان: ئێمە لە سەرەتاوە هەوڵمان داوە كە هێزە چەكدارەكانی كوردستان پێشمەرگە قارەمانەكان كە لەسنورەكان بەرگریمان لێدەكەن سەربەخۆ بن، كاتێك كە بێلایەن دەبن و جڵەوی پێشمەرگە لە دەستی حزب دەردێت، ئەو كاتە دەتوانین زۆر هەنگاو بنێین.

 

ئێمە داوای ئەوەمان كرد كە یەك بگرنەوە و سوپایەكی مۆدیرنی چاك دروست بكرێت، بەرگری لە خاكی كوردستان بكات نەك بەرژەوەندی حیزبی و تاك و بنەماڵە، بەڵام بۆمان نەچووەتە سەر، هەوڵیشمان بۆ داوە وامان لە خەڵك كردووە كە بە ئاگا بێت و تێبگات كە ئەمەیە خواستی ئێمە و داهاتووی سیاسی هەرێمی كوردستان.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان چاوەڕێی دانیشتنی جڤاتی نیشتمان ئێوەی دەكرد بۆ ئەوەی وەڵامی بدەنەوە و سەردانتان بكەن، وەڵامتان داونەتەوە؟

 

"ئێمە داواكارییەكانمان خستۆتە بەردەمیان"

 

ڕەئوف عوسمان: وادەی دیدار تا ئێستا دانەنراوە، بەڵام ئێمە داوا كارییەكانمان خستۆتە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان، هەموو حیزبەكان و میللەت-یش، هیوادارین ئەوانیش هەست بەوە بكەن كە ئەم داواكارییانە داواكاری ڕەوا-ن و داواكاری میللەتن كە واقیعی سیاسی هەرێمی كوردستان بەرەوپێش دەبەن.

 

واتا ئەگەر ئەوان ئەو خاڵانە جێبەجێ‌ نەكەن، ئێوە دانیشتن ڕەت دەكەنەوە لەگەڵ پارتی؟

 

"ئەگەر پارتی، بیەوێت كوردستان بەرەوپێش بەرێت، دەبێت ئاوڕ لەو داواكارییانەمان بداتەوە"

 

ڕەئوف عوسمان: ئێمە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین بۆ جەماوەری میللەتی كورد و هەموو جیهان كە داواكارییەكانمان ڕەوایە و لە خزمەتی ئەم قۆناغە و دروستكردنی دەوڵەتی كوردیدایە، بۆیە ئەو داواكارییانەمان كردووە، ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان، بیەوێت كوردستان بەرەوپێشەوە بەرێت، بێگومان دەبێت ئاوڕ لەو داواكارییانەمان بداتەوە، ئیتر ئەگەر ئەوان بیانەوێت بەشێكی بكەن و بەشێكی نەكەن ئەوە وەكو دەڵێت:"لەگەڵ هەموو دۆخێكدا قسەی خۆمانمان دەبێت".

 

كەواتە ئەگەر ئەوان داواكارییەكان جێبەجێ‌ نەكەن دانوستان ڕەت دەكەنەوە؟

 

"دانووستان بە خەباتێكی سیاسی باڵا دەزانین"

 

ڕەئوف عوسمان: ئێمە دانووستان بە خەباتێكی سیاسی باڵا دەزانین، بۆیە ئێمە هیوادارین لەپێناو بەرژەوەندی میللەتی كورد، بەرژەوەندی و هەستیاری قۆناغەكەدا، هیوادارین برادەرانی پارتی بەدەم داواكارییەكانمانەوە بێن، چونکە داواكاریی هەموو میللەتی كوردە، بۆ ئەوەی هەموومان ئەم هەرێمە لەم چەقبەستووییەی ئێستا دەرباز بكەین.


پێتوایە تا 25/9 داواكارییەكانی ئیوە جێبە جێ دەکرێت و ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت؟

 

"ئەگەر ئیرادە هەبێت و متمانە بگەڕێننەوە بۆ خەڵك، دەكرێت"

 

ڕەئوف عوسمان: ئەگەر ئیرادە هەبێت و ئەگەر متمانە بگەڕێننەوە بۆ خەڵك، بە لایەنی كەمەوە هەنگاوێك بێنە پێشەوە، ئێمەش هەنگاوێك دەچینە پێشەوە، بۆنمونە پاشەكەوت نەمێنێت، مووچەی ئەم ماوەیە بدەنەوە بەخەڵك ئەمە هەنگاوێكە متمانەیەك دروست دەكات لای ئێمە، ئێمە بزووتنەوەیەكین باوەڕمان بە بەرگری و تێكۆشانی كۆمەڵگای مەدەنی هەیە، لەبەرئەوە ئامادەین لەیەك تێبگەین، هیوادارین ئەوانیش هەستایاری قۆناغەكە لەبەرچاو بگرن و بیر لەوە نەكەنەوە كە مەنتیقی هێز و بنەماڵە دەتوانێت ڕاستی دەگۆڕێت.

 

باشە ئەگەر تا٢٥/٩ داواكاریەكانتان جێبەجێنەكرا بەو دۆخەی ئێستا  چوونە ناو ڕیفراندۆم، ئێوە دەچنە بەرەی نەخێرەوە؟

 

ڕەئوف عوسمان: ئێمە بۆ هەموو قۆناغێك قسەی خۆمانمان دەبێت، تا ئێستا نازانین، بەپێی گۆڕانکارییەکان لە هەڵوێستی پارتی لەكاتی خۆیدا قسەی خۆمانمان دەبێت.

 

لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا سەركردایەتییەكی هاوبەشتان هەیە، باس لەوە دەكرێت یەكێتی لەگەڵ پارتی ڕێكەوتنی ستراتیژی نوێ‌ بكەنەوە، پێتوانیە سیاسەتی یەكێتی لەگەڵ ئێوە و پارتی ڕوون نییە؟

 

"ئەم هەموو چوون و نەچوونەی یەكێتی لەبەرژەوەندیاندا نییە"

 

ڕەوف عوسمان: ئەوان هەمیشە پاساوی ئەوە دەهێننەوە لەبەر ئەوەی باڵ باڵن و یەك نین، بۆیە بۆچوونەكانیان یەك نییە، ئەو٢٥ خاڵەی ئێمە لەگەڵ ئەواندا مۆرمان كردوە، هیچی بەرژەوەندی ئیمەی تێدا نییە، هەمووی لە بەرژەوەندی خەڵكدایە، یەكێك لە بەندەكانی ئێمە كە بەندی (٥) باسی دەوڵەتی كوردی دەكەین، دەوڵەتی كوردی بە ستراتیجییەكی زۆر گەورە دەزانین بۆ خۆمان، ئەوەی ئەوان كە دێن جارێك بۆ ئەم لاو جارێك بۆ ئەولا، ئەوە لەبەرژەوەندیاندا نییە، ئەوەشمان لە كۆبوونەوەدا پێوتوون، با نمونەیەك بێنمەوە، شعرێكی سەید كامیلی زەمبیلی هەیە دەڵێت "لەم هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕماوە كامیل"، ئێ‌ ئەم هەموو چوون و نەچوونەی ئەوانیش پێموانییە لە بەرژەوەندی حزبەكەیاندا بێت، جەماوەری حزبەكەش ئەوەی پێباش نییە.

 

لەكوردستان هەوڵدانێك هەیە بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، ئەو كۆنگرەیە لەلایەن كەنەكە-وە بەڕێوە دەچێت، پێتوانیە بۆ پشتگیریكردنی ڕیفراندۆم و بۆ بەهێزكردنی پێویستە هەموو لایەك بەشداربێت؟

 

"کۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێت هەنگاوی گەورە بنێت، بەمەرجێك لەژێر دەسەڵاتی حزبدا نەبێت"

 

ڕەئوف عوسمان: ئێمە ئەو كۆنگرە نەتەوەییەمان زۆر پێ باشە، دەتوانێت هەنگاو بنێت، بەمەرجێك لەژێر دەسەڵاتی حزبدا نەبێت، بەرژەوەندی تاك و تەنیای هەموو كوردستانی هەبێت، ئەگەر بەو شێوەیە ئەو كۆنگرەیە ببەسترێت، ڕۆڵی دەبێت لە ڕیفراندۆم و چارەسەركردنی كێشەكانی باشووردا، لە نزیككردنەوەی لایەنەكاندا دەتوانێت ڕۆڵی گەورەی هەبێت، چونكە بەرژەوەندی هەرچوار پارچەكە بەیەكەوەیە.

 

ئەو بەڕێوبەریەی كە لە ڕۆژئاوای كوردستان دروست بووە، بۆچوونی ئێوە چییە لەسەری، پێتانوانییە هەرێمی كوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونەكانیان وەربگرێت؟

 

"ئەوەی ئەوان كردوویانە مەگەر هەر بەوان بكرێت"

 

ڕەئوف عوسمان: لەكاتێكی كەمدا هەنگاوی خێراو درێژیان ناوە، ئەوەی ئەوان كردوویانە مەگەر هەر بەوان بكرێت، بەتایبەت ئەو هەنگاوانە ئێستا لە ڕەقە دەینێن جێگای سەرنجی جیهانە، كە بەوشێوەیە دەتوانن شەڕبكەن لەگەڵ ترسناكترین و تاریكترین دوژمی جیهاندا، ئەو سەركەوتنانە سەركەوتنی مرۆڤایەتین، ئێمە دەتوانین سودیان لێوەرگرین، ئێمە دەبێت سوود لە هەموو تاقیكردنەوەیەك وەربگرین.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin