Smiley face
Smiley face
Smiley face

سێ ڕێکخراوی بواری ئەنفال گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا 

2017-07-17 21:16:58



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار 


سێ  ڕێکخراوی بواری جینوساید و ئەنفال، بە بۆنەی ڕۆژی دادپەروەرییەوە، لە شارۆچکەی کەلار گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا. 


ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم خوێندنگای لەیلا قاسمی بنەڕەتی لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، هەرسێ ڕێکخراوی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە ماف و قوربانیانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و ڕێکخراوی ١٤ی ٤ و ڕێکخراوی کوردۆساید چاک، بە بۆنەی ڕۆژی دادپەروەرییەوە، کە دەکاتە ١٧ی ٧ گردبونەوە. 


لە گردبونەوەکەدا وتاری هاوپەیمانی ڕێکخراوە کوردستانیەکان لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لە لایەن شەیما جەمال ئەندامی ڕێکخراوی چاودیری کۆردساید- چاک، خوێندرایەوە و وتی: پەیماننامەی ڕۆما و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە لە ١٧-٧-١٩٩٨ بڕیاری لەسەر دراوە، تا ئێستا چەندین جار هەموارکراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٢ وە دەستی بەکار کردووە و ١٢٤ ووڵات پەسندی پەیماننامەکە و دادگاکەیان کردووە و هەنووکە ئەندامی دادگاکەن، هەروەها ١٣٩ وڵات واژۆیان لەسەر کردووە، دادگای تاوانی نێونەتەوەیی ئامرازێکی گرنگ و بەهادارە بۆ ڕێگە گرتن لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوان دژ بەمرۆڤایەتی.

 


شەیما جەمال وتیشی: دوو ساڵ پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە فەرمی سکاڵای لەسەر داعش لەبەرامبەر تاوانەکانی بەرامبەر بە ئێزیدی و کریستیان و شیعە و شەبەک تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ئەندام نەبوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سکاڵاکەی حکومەت و پەرلەمان ڕەت کرایەوە. 


ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا: لە یادی ١٨  ساڵەی بڕیاری پێکهێنانی دادگاکەو ١٤ ساڵەی دەست بەکاربونی ئەو دادگایە و رۆژی دادپەروەری جیهانی داواکارین:


- حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتبارانەی هاوڵاتی کوردستانن و تاوانی گەورەی نێونەتەوەییان ئەنجامداوە یان بەشدارییان تێیدا کردووە دادگایی بکات و ناویان بداتە پۆلیسی ئینتەرپۆل بۆ دەستگیریکردنی هەڵهاتوەکانیان، بۆ نموونە ٢٥٨  تۆمەتباری ئەنفال.


- حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هیچ کەسێک نەکات لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بانگ کراوبێت، لە کاتی سەردانیکردنیان دەستگرییان بکات و تەسلیم بە دادگای ناوبراویان بکات.


-هەر کەس و لایەنێک  لە کوردستانەوە ریکلام بۆ داعش بکات، پێویستە بە تاوانی هاوکاریکردنی تیرۆر دادگایی بکرێت.


- هەر کەس و  لایەنێک نکۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە بکات لەلایەن داعشەوە، پێویستە سزا بدرێت و ئینکارکردنی تاوانەکانی جینۆساید وەک تاوان سەیربکرێت لە هەرێمی کوردستان.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin