Smiley face
Smiley face
Smiley face

"کۆنگرەی نەتەوەیی هیوایەکە بۆ گەلی کورد"

2017-07-17 14:23:35



ڕۆژنیوز- بۆتان گەرمیانی

 

مامۆستایەکی زانکۆ ڕای وایە کە، کۆنگرەی نەتەوەیی هیوایەکە بۆ گەلی کورد، لە بەرامبەریشدا توێژەرێکی سیاسی گەشبین نییە بەو کۆنگرەیە و پێیوایە سەرکردەکانی باشور لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورددا کار ناکەن.

 

ڕۆژانی ١٥ و ١٦ ی ئەم مانگەدا، کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی نەتەوەیی بە بەشداری زۆرینەی لایەنە سیاسی و رۆشنبیران و کەسایەتییە دیارەکان و نوێنەرانی ڕێکخراو وئاینزاکان، بۆ درووستکردنی یەکێتی نەتەوەیی بەڕێوەچوو، توێژەران و مامۆستایانی زانکۆش بیروڕای جیاوازیان هەیە لە بارەی ئەو پرسە.

 

بێخاڵ ئەبوبەکر، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، لەبارەی گرنگی یەکڕیزی نەتەوەی کورد بە ڕۆژنیوزی  وت:"کورد هەتا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، بە هۆی ئەو ستەمەی کە لە مێژوودا بە سایکسبیکۆ لێیکراوە و کراوە بە چوار پارچە، ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێوستی بە یەکڕیزی و پێکەوەژیان و یەکگرتوویی هەیە، کۆکبوون لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی یەکتر پێویستە، نەک پەنابردن بۆ جیاوازییەکانی یەکتر".

 

 

بێخاڵ وتیشی:"هەتا ئێستاش جینۆسایدی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەردەوامە، بۆیە پێویستە خۆمان دڵسۆزی خۆمان بین، پێویستە گەلی کورد بەو هاوکێشە سیاسییەدا بچێتەوە، لە هەرکوێیەک بەرژەوەندی میللەتی خۆی تێدایە پەنا بۆ ئەو ببات، نەک تەنها حزبی بیربکاتەوە، لەم کاتەشدا کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ پێکەوەژیان و یەکڕیزی و لەیەکترنزیکبوونەوە هیوایەکە بۆ گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان".

 

جەزا ئەحمەد، توێژەری سیاسی لە زانکۆی سلێمانی، سەبارەت بە گرنگی یەکڕیزی کورد و یەکێتی نەتەوەیی بە ڕۆژنیوزی وت:"پێویستە بە زووترین کات کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، چونکە ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت دەکەوێتە ژێرپێی وڵاتە زلهێزەکانەوە، وڵاتە زلهێزەکانیش سیاسەتی خۆیان لەسەر بەرژەوەندییەکانیان ئاراستە دەکەن، کۆنگرەی نەتەوەیی کۆسپی زۆری بۆ دروست دەبێت، چونکە لایەنە سیاسییەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە زلهێزەکانەوە ئاراستە دەکرێن، ئەو وڵاتانەش چ لە ئاستی هەرێمی وچ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نایانەوێ کورد بە مافە ڕەواکانی خۆی بگات، گرنگ ئەوەیە ئیرادەیەکی ئەوەندە بەهێز هەبێت کە بتوانێت بەسەر ئەم کۆسپانەدا زاڵبێت".

 

 

ناوبراو وتیشی:"زۆر پرسی سیاسی گەورە و گرنگمان هەیە کە بە یەکێتی نەتەوەیی ئەتوانین پێیدا تێپەڕین،  نمونە ئێستە رۆژئاوای کوردستان سیستمێکی خۆبەڕێوەبردنی هەیە لەسەر بنەمای سێ کانتۆن دروست بووە، پێویست بوو باشوری کوردستان سنورەکانی بە ڕوویدا بکردایەتەوە و هاوکاری یەکتری بونایە، بەڵام سەرکردە سیاسییەکانی باشور سنورەکانیان بە ڕوویاندا داخست، کە ئەمە شەرمەزارییەکی گەورەیە".

 

لە کۆتاییدا ئەوەشی وت:"ئەو یەکێتییە نەتەوەییە کە بڕیارە ببەسترێت، هیچ گەشبین نیم پێی، چونکە هەتا ئێستا سەرکردە سیاسییەکانی باشور نەگەیشتوون بەو ئاستەی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورددا بن".

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin