Smiley face
Smiley face
Smiley face

چیرۆکی پڕ تراژیدیای خێزانێک لە ڕەقە

2017-07-17 14:06:53



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

هەر بستێک خاک لە ژێر دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار دەکرێت، پڕە لە چیرۆک و تراژیدیا، ئەمجارە چیرۆکێکی تراژیدی ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵ بڵاوکراوەتەوە لە شاری ڕەقە، کە داعش سێ کوڕیان کوشتووەو سێ کچیشیان ڕفاندووە، لە ئێستادا ئەم ژنە بەتەمەنە بەشێکی عەقڵی لەدەستداوە.
 

شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕەقە ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵیان لە حاڵێکدا لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکرد، بەوەی چەتەکان بە سەریان هێناوە، بەشێکی عەقڵی لە دەستداوە.

 

چیرۆکی هەر کامە لەو هاوڵاتیانەی ڕەقە کاتێک لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگاردەبن، هەڵگری وەها تراژیدیایەکی قووڵن، کە تەنانەت بۆ ئێمەی ڕۆژنامەنووسانی کوردیش کە لە شەڕدا گەورەبووین سەرسووڕهێنەرن و دەمانخەنە ژێر کاریگەرییەوە، ئەم جارە شەڕڤانان ژنێکی بەتەمەنیان ڕزگارکرد کە چەتەکانی داعش سێ کوڕیان کوشتووەو سێ کچیشیان ڕفاندووە.

 

ئەو ژنە بەتەمەنە، کە بە سەختی توانای قسەکردنی ماوە، دەڵێت:"منداڵەکانیان لە بەر چاوم کوشت، تەرمی منداڵەکانم لە بەر چاوەکانم تووانەوەو تەرمەکانیان ڕزان و لە ناو چوون".

 

ئەو ژنە بۆ ماوەیەکی زۆر لە سەر تەرمی ئەو سێ منداڵەی ماوەتەوە، کاتێک شەڕڤانان ئەو ژنە و کوڕێکیان بە برینداری لە ماڵێکدا دۆزییەوە، تێگەیشتن کە دایک و کوڕ نیوە بە نیوە عەقڵیان لە دەستداوە.

 

ئەو ژنە دەشڵێت:"سێ کچیان ڕفاندم، کچەکانیان ڕفاندم بۆ ڕۆژئاوای شارەکە، بڕۆن کچەکانم بۆ بێننەوە، من کچەکانم دەوێت".

 

کوڕی ئەو ژنە بەتەمەنە، کە فیشەکێکی بەرکەوتبوو، چونکە بۆ ماوەیەکی درێژ چارەسەری بۆ نەکرابوو قاچی ڕەش بوبوەوەو بەردەوام لەگەڵ خۆی قسەی دەکرد و دەیوت:"کاتێک هاتمە ڕەرقە شەڕ نەبوو، شەڕ نەبوو، داعش کێیە؟ من داعش ناناسم"، بەردەوام لەم قسانەی دەکردو نەمانتوانی هیچ لە قسەکانی تێبگەین.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin