Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی ناو حزبە ئیسلامی و عەلمانییەکان داوا دەکەن بچنە ناوەندەکانی بڕیاردان

2017-07-16 09:40:01



ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد

 

ژنانی سەرکردایەتی حزبە ئیسلامی و علمانییەکان باسی ڕۆڵ و پێگەی ژنان دەکەن لەناو حزبەکانیان و نیگەرانی خۆیان نیشان دەدەن لە بەشداری پێنەکردنیان لە کۆبونەوە سیاسییەکاندا.

 

کەمی بەشداری ژنان لە ناو حزبە سیاسیەکاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو دەبینرێت و ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر بڕیاردان لەناو ناوەندەکانی بڕیاردان و ژنانی حزبەکان دەیانەوێت زیاتر بەشدارییان پێبکرێت لەناو دانوستانە سیاسیەکاندا.

 

هاژه‌ سلێمان ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی شیوعی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: به‌شێوه‌یه‌کی گشتی رۆڵ و پێگه‌ی ژن له‌ناو حزب و پارته‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ڕۆڵێکی به‌رچاوه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی ئه‌و حزبانه‌ هه‌رچه‌نده‌ ژن ڕۆڵێکی که‌می هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و ژنانه‌ی که‌ رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ناو پارته‌ سیاسییه‌کاندا ڕۆڵێکی باشیان گێڕاوه‌.

 

 

وتیشی: ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌ستده‌کرێت که‌ کرانه‌وه‌یه‌ک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو پارته‌ سیاسییه‌کاندا کاربکه‌ن و بڕیاری به‌رچاوتریان هه‌بێت و کار بۆ ئه‌وه‌ بکه‌ن بگه‌ن به‌و شوێنانه‌ی که‌ بڕیاری سیاسی تێداده‌درێت له‌ناو پارته‌ سیاسییه‌کاندا.

 

ئەو ئه‌ندامەی سه‌رکردایه‌تی حزبی شیوعی کوردستان باسی پێگە و ڕۆڵی ژن دەکات لەناو حزبەکەیدا و دەڵێت: ئێمە وه‌کو حزبی شیوعی کوردستان کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ ژنان بێنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی توانای بڕیاردانه‌، وه‌کو سه‌رکردایه‌تی حزب، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناتوانم به‌ هیچ جۆرێک بڵێم که‌ ڕێگریمان لێ کراوه،‌ به‌ڵکو ڕێگه‌مان بۆ خۆشکراوه‌ تاوه‌کو به‌ره‌و پێش بچین.

 

هەروەها قەدەمخێرعەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت:"به‌ڕاستی ئه‌وه‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ مه‌سه‌له‌ی به‌شداری پێنه‌کردنی ژنان له‌ بڕیاری سیاسیدا له‌ هه‌رێمی کوردستان".

 

 

وتیشی:"ده‌توانم بڵێم له‌ ناوچه‌که‌ به‌ گشتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌ ژن به‌شداری پێناکرێت له‌ بڕیاره‌ سیاسییه‌کاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ واتای ئه‌وه‌ نایه‌ت که‌ ئێمه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه‌ بین که‌ ژن ناتوانێت به‌شداری بکات، به‌ڵکو ده‌بێت ئێمه‌ تێبکۆشین بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ سیاسییانه‌ و له‌ ناوه‌ندی بڕیار به‌شداربین و زیاتر ئێمه‌ له‌و شوێنانه‌بین که‌ په‌یوه‌ندی به‌ دواڕۆژی میلـله‌ته‌که‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌".

 

قەدەمخێر،ئاماژەی بەوەشدا:"وەک داواکاری داواکراوە بۆ بەشداری پێکردنی ژنان لەدانوستان لە شاندە حیزبییەکان و گفتوگۆکاندا، هەروەها بەشداریکردنی ژن تێڕوانینێک دەدات بەم دانیشتنانەدا، کە ئێمە دەمانەوێت ئاخاوتن و گفتوگۆ زاڵتر بکەین لە گفتوگۆکردندا، حیزبەکانیش بە قسە نەیانوتووە نایکەین، بەڵام هیچ یەکێک لەو حیزبانە گوێی بۆ ئەم داوەیە نەداوە بە کرداری، هۆکاری ئەمەش بۆ سەختی ململانێ و ئاڵۆزییەکان دەگەڕێنمەوە".  

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin