Smiley face
Smiley face
Smiley face

مەتین ئەسڵان: ڕۆحی ١٤ی تەموز لە ئامەدەوە بە هەموو تورکیادا بڵاوبووەوە

2017-07-12 13:57:58



ڕۆژنیوز - مەزڵوم ئامەد

 

یەکێک لە شایەتحاڵەکانی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزی ئامەد، سەبارەت بە ڕۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز، ڕایدەگەیەنێت کە ڕۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزی ئامەد بە هەموو تورکیادا بڵاوبووەوە.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆژنیوز، مەتین ئەسڵان لەبارەی کاریگەرییەکانی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزی ئامەد لە سەر کەش و هەوای سیاسی تورکیا و ئێستای ئێمە قسەی کرد، پەیامەکانی ١٤ی تەموزی بەم شێوەیە خستەڕوو، کە ئەگەر بە ڕۆحی ١٤ی تەموزەوە تێبکۆشین، سەرکەوتنمان مسۆگەرە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

- رۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز چۆن پێناسەدەکەن؟

 

"دەیانویست کورد لە کەسایەتیی خۆی دوور بخەنەوە"

 

کاتێک باس لە ڕۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز دەکەین، واتە باس لە بەرگری لە بایەخە مرۆییەکان دەکەین، ١٤ی تەموز دژی ڕۆحییەتی خۆ بە بێکەس زانین و بێ ئیرادەیی و بێڕێزیکردن بە بایەخە مرۆییەکان پێکهات، ئەوەی ژەنەڕال ئەڤرین و هاوکارەکانی بەنیازبوون لە زیندانی ئامەد پێکی بێنن چی بوو؟ دەیانویست کورد لە کەسایەتیی خۆی دوور بخەنەوە، واتە کەسایەتی و شوناسەکەی بسڕنەوە و بێباوەڕ و هزر بیهێڵنەوە، دەیانویست بە زۆرەملێ کورد بکەنە تورک، دەیانویست ئیرادەی تێکۆشانی کورد تێکبشکێنن و لە متمانەی بخەن و کورد بکەنە سیخوڕی خۆیان، بەم شێوەیە دەیانویست شوناس و ناسنامەی گەلی کورد لەناو ببەن.

 

بەڵام بەرخۆدانی ١٤ی تەموزی زیندانی ئامەد، بووە وەڵامی ئەو هەوڵدانە قێزەونە، پاشەکشەی بە هەموو ئەو هێرشانە کرد و هەوڵدانەکان بۆ بایەخە نامرۆیانە فاشیستییەکانی پوچەل کردەوە، ئەوە بوو سەرکەوتنی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز.

 

- کاریگەرییەکانی بەرخۆدانی ١٤ تەموز لە سەر ئەمڕۆی ئێمە چۆن دەنرخێنن؟

 

"لە عەقڵییەتی ئەردۆغان دا هەموو کورد تاوانبارن"

 

هەندێک لە دوژمنانمان هێشتا لە پەیامی ١٤ی تەموز تێنەگەیشتوون، ئەوەی ژەنەڕاڵ کەنعان ئەڤرین و هاوکارە فاشیستەکانی نەیانتوانی بیکەن، ئێستا ئەردۆغان دەیەوێت بیکات، لە عەقڵییەتی ئەردۆغان دا هەموو کورد تاوانبارن، بۆیەش هەمووان ئەشکەنجە دەکات و ژیانی هەمووان لەناو دەبات، جا چ منداڵ و پیر و گەنج و ژن و پیاو، دەیەوێت هەمووان برسی بهێڵێتەوە و بیانخاتە زیندانەوە، لە عەقڵییەتی ئەواندا کورد هەموویان تیرۆریستن، بەپێی عەقڵییەتی ئەوان هەرکەسێک وەکو خۆیان بیر نەکاتەوە تیرۆریستە، فاشیزم هەمیشە بەم شێوەیە بیری کردووەتەوە.

 

ئەردۆغان لە دژی ١٤ی تەموز، ١٥ی تەموزی دروست کرد، ئەو بەرخۆدانەی هەڤاڵانمان بۆ بەرگری لە ناسنامە و شوناس و کەسایەتیی گەلی کورد ئەنجامیان دا و هەبوونی گەلی کوردیان پێ پاراست، ئێستا ئەردۆغان دەیەوێت بە خۆڕاگری لە بەرامبەر هەوڵدانێک بۆ کودەتا دژی حکومەت دووبارەی بکاتەوە، ئەم مەبەستە سەرەڕای پێکەنیناویبوونی، زۆر قێزەونیشە، لە کاتی هەوڵدانەکە بۆ کودەتا ئەردۆغان بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی بپارێزێت، ٢٥٠ کەسی کردە قوربانی، ئەو شانۆیەی بەڕێوەبرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی سەقامگیر بکات، لە کاتێکدا لە بەرخۆدانی ١٤ی تەموزدا شتەکان بەپێچەوانەوەن، واتە نەک بۆ پاراستنی دەسەڵات، بەڵکو دژی دەسەڵات ڕوویاندا.

 

"ئەوەی شۆڕشگێڕە کوردەکان لە زیندان کردیان هەوڵێکی شۆڕشگێڕانە بوو"

 

مانگی تەموز مانگێکی سیحراوییە، لە مێژووی مرۆڤایتەتیدا لەو مانگەدا ڕووداوی زۆر گرنگ ڕوویداوە، شۆڕشی فەرەنسا لە ١٤ی تەموزدا تەقییەوە، ١٤ی تەمموز بۆ بەرخۆدانی گەلی کوردیش ڕۆژێکی تا ئەو ڕادەیە مێژووییە، بۆیەش ئەردۆغان هەوڵیدا ڕۆژێک لەو مانگەدا بۆ خۆی پێکبێنێت و وەکو ڕۆژێکی مێژوویی بۆ تورکەکان ناوزەدی بکات، ئەوەی شۆڕشگێڕە کوردەکان لە زیندان کردیان هەوڵێکی شۆڕشگێڕانە بوو دژی دەسەڵاتداری، بەڵام ئەوەی ئەردۆغان کردی کودەتایەک بوو دژی کودەتا، پاش هەوڵدان بۆ کودەتا بە دروشمی ئیرادەی نەتەوەییەوە، هەموو سیاسەتمەدارە کوردەکانی خستە زیندانەوە، دەستی بەسەر هەموو شارەوانییەکاندا گرت و هاوسەرۆکی شارەوانییە کوردەکانی خستە زیندانەوە، ئەو کردەوانە واتای ڕاستەقینەی کودەتان.

 

ئەردۆغان بەو بایەخانەوە دەژی کە بەرخۆدانی ١٤ی تەموز دژیان وەستایەوە، دۆخی سەمیح و نوڕییە ئێستا ڕوونە، زیاتر لە ١٢٠ ڕۆژە کە مانیان لە خواردن گرتووە، چونکە بە شێوەی نایاسایی لە کار دەرکراون، بەڵام ئەردۆغان ئەوانی دەستگیرکرد و خستینیە زیندانەوە، ئەردۆغان هەر ئەو ئەنجام دەدا کە لە کودەتای ١٢ی ئەیلولدا ڕوویدا، سەمیح و نورییە درێژەی ڕۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزی ئامەدن، ڕێپێوانی عەدالەتیش هەر درێژەی ئەو ڕۆحە بەرخۆدانەیە، ڕۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز بە سەرتاسەری تورکیا بڵاو بووەتەوە، ئەمڕۆ دژی ستەم و زۆرداریی دەوەستێتەوە، هەموو ئەوانەی مافی قسەکردن و ڕادەربڕینیان لێ سەندراوەتەوە، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ئەو ڕێپێوانە، ڕێپێوانی گەلانی ژێردەستە.

 

- ئێستاکە چۆن دەتوانین وانە و پەند لە بەرخۆدانی ١٤ی تەموز وەربگرین؟

 

"بۆ سەرکەوتن دەبێت سەختی و ئازار بچێژین و تێبکۆشین"

 

ڕۆحی ١٤ی تەموز داوای هیچمان لێ ناکات، بەڵکو ئیرادەمان پێدەبەخشێت، پێمان دەڵێت ئەو ڕێگایە بگرینە بەر کە پێویستە، پێماندەڵێت بۆ پاراستنی شوناسی مرۆڤبوونتان، عەلەویبوونتتان یان دیموکراتبوونتان، ئەو ڕێگایە بگرنەبەر کە پێویستە، ١٤ی تەموز پێماندەڵێت، کە ئەگەر دەتانەوێت مرۆڤ بن  و مرۆڤ بمێننەوە، پێویستە پشتگیری مرۆڤبوونی خۆتان بکەن، ١٤ی تەموز ئەمانەمان پێدەبەخشێت، دەڵێت کە بۆ سەرکەوتن دەبێت سەختی و ئازار بچێژین و تێبکۆشین، شتێک کە بێ تێکۆشان بەدەست بێت بەهای نییە، ڕۆحی ١٤ تەموز هەڵگری ئەم پەیامەیە، کە نابێت چاوەڕێی هیچ هێزێکی دەرەکی بکەین، پێویستە خۆمان دەستکەینە تێکۆشان، ئەگەر ئێوە بۆخۆتان و بەهەوڵدان و تێکۆشانی خۆتان دەسەڵاتداری نەڕوخێنن و لەناوی نەبەن، قەت ئازاد نابن، ١٤ی تەموز فێری بەرخۆدانمان دەکات و ڕێگای ڕاستەقینەی ژیانمان پیشان دەدات، ئەگەر بە ڕۆحی ١٤ی تەموزەوە تێبکۆشین سەرکەوتنمان مسۆگرە.

 

لە ١٢ئەیلولی ١٩٨٠، بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ کەنعان ئەڤرین لە تورکیا کودەتایەک بەڕێوەچوو، لە ئەنجامی ئەو کودەتایە دەستووری تورکیا هەڵوەشایەوە کە لە ساڵی ١٩٦١ نووسرابوەوە، ئەم کودەتایە تەنیا لە دژی حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا نەبوو، بەڵکو لە دژی هەموو بزووتنەوە و هێزە ئازادیخوازەکان بوو، هەربۆیە لە ئەنجامدا هەموو سەرکردە و بەرپرسانی حزبە ئازادیخوازەکانیان دەستگیر کرد و خستنیانە زیندانەکان.

 

زیندانەکانی ئامەدیش پڕ کران لە کەسانی ئازادیخواز، بەتایبەتیش بەشێکیان دەستەی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان بوون کە دیارترینیان 'کەمال پیر، محەمەد خەیری دورموش، عاکیف یەلماز، عەلی چیچەک' بوون.

 

دوای ئەوەی لە نەورۆزی ساڵی ١٩٨٢ بە شەهیدبوونی مەزلوم دۆغان دەست بە چالاکی دەکرێت لە دژی ئەو رژێمە، چالاکییەکان لەناو زیندانەکانیشدا بەردەوام دەبن، تا لە ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٨٢،  مانگرتن تا مردن لەلایەن چوار ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان، دەست پێدەکات، پاشان 'کەمال پیر دوای ٥٥ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، محەمەد خەیری دورموش٥٨ ڕۆژ، عاکیف یەلماز ٦٦ ڕۆژ، عەلی چیچەک ٦٧ ڕۆژ' شەهید دەبن، جگە لەو ژمارەیە چەندین کەسی دیکەی وەکو شەهید ساکینە جانسز و مستەفا قەرەسو، لەهەمان بەرخۆدان و چالاکیدا بەشدار بوون، ئەم بەرخۆدان و مانگرتنە لەسەر ئاستی تورکیا و جیهان دەنگی دایەوە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت یەکێکە لە پایە هەر بنەڕەتییەکانی کە ئایدیۆلۆژیای پارتی کرێکارانی کوردستانی لەسەر داڕێژراوە بەجۆرێک کە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ وەکو وەڵامێک بۆ ئەو هەولی لەناوبردنە شەری چەکدار ڕاگەیاندرا و تا ئێستاش بەردەوامە.

د.خ

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin